Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 2 DEC 2024 06:42 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 
پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان


پێناسه‌ و مێژوو و رێكخستنی حزب:

ناو: پارتی دیموكراتی كوردستان. (پ. د. ك)

پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی دیموکراتی نیشتیمانیی جەماوەرییە، بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی بەردەوام، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ئازادییەکان و یەکسانی، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان هەیە، بە شێوازە دیموکراسی و مەدەنییەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕو و ڕێبازی بارزانی نەمر تێدەکۆشێت و سوود لە ئەزموونی گەلانی دیکەش وەردەگرێت. 

له‌ 16 ئابی ساڵی 1946 به‌ سه‌رۆكایه‌تیی باوكی رۆحیی كورد (مه‌لا مسته‌فا بارزانیی نه‌مر) دامه‌زراوه‌. سه‌ره‌تا ناوی (پارتی دیموكراتی كورد) بووه‌ و له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌مدا كه‌ له‌ 26/1/1953، له‌ شاری كه‌ركووك به‌سترا بڕیار درا ناوی حزب بكرێته‌ (پارتی دیموكراتی كوردستان).

بنەما هزرییەکانی کاری پارتایەتی: 

پارتی لەسەر ئەم بنەما هزرییانەی خوارەوە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دیموکراسیی خۆی بەڕێوە دەبات. 

یەکەم: وەکو حزبێکی دیموکراتی جەماوەریی پێشکەوتنخواز، نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد و گەلی هەرێمی کوردستان لە عێڕاق دەکات، پشتبەستن بە ڕێبازی بارزانیی نەمر، بڕوابوون بە مافی چارەنووس، لە پێناوی مافە ڕەواکانیان تێدەکۆشێت.

دووەم: پارتی باوەڕی بە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیە و گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە. بە گوێرەی بنەما دیموکراسییەکان کە خۆیان لە کێبڕکێی ئاشتیانەی سیاسی و هەڵبژاردنی ئازاد و دەوریی دەبینێتەوە، دەسەڵاتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن. 

سێیەم: لە گۆڕەپانی سیاسیی عێڕاقدا وەکو پارتێکی دیموکراتیخواز کار بۆ چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی فیدڕاڵی دەکات. لەسەر بنەماکانی هاوبەشێتیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و بەشداریی کارا بۆ بەدیهێنانی مافە ڕواکانی گەلی کورد و کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقی فیدڕاڵدا. 

چوارەم: پارتی باوەڕی بە فرەپێکهاتەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە و دان بە مافی پێکهاتەکاندا دەنێت، خەبات دەکات بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگایەک، لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و یەکسانی و ڕێزگرتنی مافی هەمووان، بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و ئایین و مەزهەب و جیاوازییە کولتوورییەکان. 

پێنجەم: پارتی باوەڕیی بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە هەیە و تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی لە ژێر ڕۆشنایی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بنەما چەسپاوەکانی مافی گەلان لە چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، هەمووان پێکەوە لە ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا بژین و زەمینەی ژیانێکی شایستە و ڕێزلێگیراو بۆ هەموو لایەک فەراهەم بکرێت.

 

كۆنگره‌كانی حزب له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌:

  1. كۆنگره‌ی یه‌كه‌م: 16/8/1946 ، به‌ نهێنی له‌ شاری به‌غداد، له‌ ماڵی (سه‌عید فه‌هیم) به‌سترا، به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی (70) نوێنه‌ر.

  2. كۆنگره‌ی دووه‌م: له‌ مانگی ئاداری ساڵی (1951) له‌ شاری به‌غداد، ماڵی (عه‌لی حه‌مدی) به‌سترا، به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی (30) نوێنه‌ری لق و ناوچه‌كانی پارتی.

  3. كۆنگره‌ی سێیه‌م: 26/1/1953 ، له‌ شاری كه‌ركووك ،به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی (35-40) نوێنه‌ر به‌سترا.

  4. كۆنگره‌ی چواره‌م: ، 1959-10-4-7 له‌ شاری به‌غداد، ماڵی (كاكه‌ زیاد) به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌سترا.

  5. كۆنگره‌ی پێنجه‌م: مانگی ئایاری ساڵی (1960) ، له‌ باره‌گای ئه‌وكاتی حزب له‌ شاری به‌غداد، به‌سترا.

  6. كۆنگره‌ی شه‌شه‌م: له‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزی ساڵی (1964) له‌ شارۆچكه‌ی قه‌لێدزێ به‌سترا.

  7. كۆنگره‌ی حه‌وته‌م: 15/11/1966 ، له‌ گه‌ڵاڵه‌ به‌سترا.

  8. كۆنگره‌ی هه‌شته‌م: 1/7/1970، له‌ ناوپردان به‌ ئاماده‌بونی (488) نوێنه‌ر به‌سترا.

  9. كۆنگره‌ی نۆیه‌م: 4/10/1979، له‌ زێوه‌ی ده‌ڤه‌ری (مه‌رگه‌وه‌ڕ) به‌سترا، تیایدا به‌ تێكرای ده‌نگ (مسعود مسته‌فا بارزانی) به‌سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرا.

  10. كۆنگره‌ی ده‌یه‌م:1989-12-2-12، له‌ (مه‌رگه‌وه‌ڕ) به‌ به‌شداری (332) نوێنه‌ر به‌سترا.

  11. كۆنگره‌ی یانزه‌یه‌م: 1993، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری (2167) نوێنه‌ر به‌سترا.

  12. كۆنگره‌ی دووانزه‌یه‌م: 1999-10- 6-14، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری (1473) نوێنه‌ر به‌سترا.

  13. كۆنگره‌ی سیانزه‌یه‌م: 11/12/2010-18، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری زیاتر له‌ (1500) نوێنه‌ر به‌سترا.

  14. كۆنگرەی چواردەیەم:  2022/ 11/ 3-6، لە دهۆك بەسترا.

 

ئامانجەکانی پارتی

بەشی یەكەم: ئامانجە نەتەوەییەکان

ماددەی (4):

یەکەم: هێنانەدیی مافی بڕیاردانی چارەنووسی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان بە شێوازی تێکۆشانی ئاشتیان و دیموکراسییانە. 

دووەم: پشتیوانیکردن لە دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە پێناوی هێنانەدی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان بە ڕێگای خەباتی ئاشتیانە و دیموکراسییانە. 

ماددەی (5): پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانە و بەهێزکردنی هەماهەنگی و گیانی هاوکاریکردنی یەکتر لە گەڵ سەرجەم ڕێکخراو و پارتە سیاسییە دیموکرات و ئاشتیخوازەکان. 

ماددەی (6): ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان کراون بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و داواکردنی گەرەنتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ دووبارە نەبوونەوەیان. 

ماددەی (7): 

یەکەم: هێنانەدی یەکێتیی خاک و گەلی کوردستان بەپێی ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەکان و گێڕانەوەی هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێکارە دەستورییەکان.

دووەم: پەرەپێدانی فرەیی و سیاسی و پتەوکردنی کولتووری دایالۆگ و لێبووردەیی لە ناو ماڵی کوردستانیدا. 

ماددەی (8):

یەکەم: داکۆکیکردن لە مافی هەموو ئەو کوردانەی کە لە ناوچەکانی تری عێڕاق نیشتەجێن وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە گەلی کوردستان. 

دووەم: داکۆکیکردن لە مافەکانی کوردستانیانی دیاسپۆرا و پتەوکردنی پیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کولتوورییەکان لە گەڵیاندا. 

ماددەی (9): پاراستن و پەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەناو ڕۆڵەکانی نەتەوەکەماندا.

بەشی دووەم: ئامانجە نیشتیمانییەکان

ماددەی (10): پارێزگاری لە مانەوە و یەکپارچەیی و بەهێزکردنی قەوارە و دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. 

ماددەی (11): دانانی دەستوورێکی دیموکراتی بۆ هەرێمی کوردستان. 

ماددەی (12): پاراستنی هەموو ئەو دەستکەوتە نەتەوەیی و سیاسی و ئابووری و کولتووریانەی کە لە ئەنجامی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان و پێشمەرگە و هێزە سیاسییەکان و خوێنی شەهیدانەوە بەرهەم هاتوون. 

ماددەی (13):

یەکەم: چەسپاندن و پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتیمانی و ئاشتیی ناوخۆیی و پێکەوەژیان و گیانی لێبووردەیی لە نێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان و عێڕاق. 

دووەم: مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەیی و کولتووری و کارگێڕییەکانی تورکمان و کلدان  سریان ئاشوری و ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق. 

ماددەی (14): گەشەپێدانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی هاوچەرخ، کە سەروەریی یاسا و دادپەروەریی و هاودەرفەتی و ڕێزگرتنی ئازادییە کەسی و گشتییەکان تێیدا فەراهەم بێت. 

ماددەی (15): چەسپاندنی سیستەمی دیموکراتیی پەرلەمانیی فیدڕاڵی لە عێڕاقدا بە شێوەیەک هاووڵاتیبوونی تەواو بۆ عێڕاقیەکان مسۆگەر بکات و ببێتە هۆی مسۆگەرکردنی بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی عێڕاق لە دامەزراوە دەستوورییەکاندا لەسەر بنەماکانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی. 

ماددەی (16): چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێڕاقی فیدڕاڵ بەپێی دەستووری هەمیشەیی و جێبەجێکردنی تەواوی بڕگە و ماددەکانی وەکو خۆی. 

ماددەی (17): هێنانەدی بەرژەوەندیی سیاسی و نیشتیمانیی هاوبەش لە ڕێگای پەیوەندی ئەرێنی و هاوسەنگ لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێڕاق. 

ماددەی (18): زیاتر بەنیشتیمانیکردنی سیاسەتی دەرەوە و دامەزراوەی سەربازی عێڕاق بە شێوەیەک کە نەکرێتە ئامرازی ململانێی سیاسیی  ناوخۆیی لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێمەکان و لە دژی گەلانی عێڕاق بەکار نەهێندرێت، هەروەها ببێتە بەرجەستەکەری بەرژەوەندی گشتیی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بەپێی دەستوور. 

ماددەی (19): پابەندکردنی کۆماری عێڕاقی فیدڕاڵ کە بەرپرسیارێتیی (گێڕانەوە، قەرەبووکردنەوە و ڕازیکردن) بگرێتە ئەستۆ لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە گەلی کوردستان کەوتوون بە هۆی تاوانەکانی جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و ئەو پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێڕاق ئەنجام دراون.

بەشی سێیەم: ئامانجە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان

ماددەی (20): کارکردن بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە تاوانەکانی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ، کە بەرامبەر بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون. 

ماددەی (21): کارکردن لەسەر پابەندکردنی دەوڵەتی عێڕاق بە ڕێزگرتن و پابەندبوون و پیادەکردنی تێکڕای بەڵگەنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەنددارن بە مافەکانی مرۆڤ و مافی پێکهاتەکان و مافی بڕیاردانی چارەنووس. 

ماددەی (22): پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای پڕەنسیپیی بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزلەیەكترگرتن و دراوسێیەتیی باش و دەستوەرنەدان لە کارووباری ناوخۆیی یەکتر و چارەسەرکردنی ئاریشە و گرفتەکان بە شێوازی ئاشتیانە و بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی.

ماددەی (23): وەرگرتنی سیفەتی چاودێر بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی. 

ماددەی (24): پەرەدان بە پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وڵات و هەرێم و گەل و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تێکۆشان بۆ ئەوەی هەرێم و دامەزراوەکانی ببنە ئەندامی ڕێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییە ناحکوومییەکان. 

ماددەی (25): دروستکردنی پەیوەندیی دۆستانە و هاریکاریی لە گەڵ ئەو گەل و پارت و کەسایەتی و ڕێکخراوە ناحکوومییانەی پشتگیری و بڕوایان بە مافەکانی گەلی کوردستان هەیە. 

ماددەی (26): پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەدەستهێنانی، پشتیوانیی نێودەوڵەتیی زیاتر و مانەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە پێناوی هێنانەدی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا.

 

سه‌ركردایه‌تی و هه‌یكه‌لی ئێستای پارتی:

  • سه‌رۆكی حزب: مه‌سعود مسته‌فا بارزانی 

  • جێگری سه‌رۆك: نێچیرڤان ئیدریس بارزانی

  • جێگری سه‌رۆك: مەسرور مەسعود بارزانی

ژیاننامه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

سەرۆک مه‌سعود مستەفا بارزانی، لە بنەماڵەی بارزانە کە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتیمانی باشووری کوردستانە و ئەم بنەماڵەیە تێکۆشەرە زیاتر لە سەدەیەکە لە مەیدانی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستاندا تێدەکۆشێت.
 
تەکیەی بارزان کە سەر بە تەریقەتی نەقشەبەندییە، ناوەندێکی هزریی نیشتیمانی و روحی و کۆمەڵایەتی بووە.
 
خەباتی بارزان بە رابەرایەتی شێخ عەبدوسەلامی بارزانیی یەکەم و شێخ محەمەد بارزانی و شێخ عەبدوسەلام بارزانی دووەم و تا شێخ ئەحمەدی بارزانی کاریگەریەکی گەورەی لە سەر بزاڤی رزگاریخوازی سەرانسەری کوردستان هەبووە.
 
بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی نەمر شۆرشی بارزان پێی نایە قۆناغێکی فراوانتر و پێشکەتووتر و حیزب و دامودەزگای سەربازیی و رێکخراوەیی بە شیوەی کاریگەرتر خرانە خزمەت بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی.
 
- سەرۆک بارزانی له‌دایكبووی ڕێكه‌وتی 16/8/1946، له‌ شاری مه‌هابادی پایته‌ختی كۆماری دیموكراتیی كوردستانه‌‌، ئه‌وه‌ش هه‌مان ڕۆژه‌ كه‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كورد له‌ شاری به‌غدا به‌ستراوه‌ و تێیدا ژه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانی نەمر وه‌ك سه‌رۆكی پارته‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت.
-‌ پاش نسكۆی كۆماری دیموكراتیی كوردستان، له‌ ساڵی 1947 له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌ی و گشت باشوورییه‌كانی نێو كۆمار، ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ باشووری كوردستان. له‌ولایشه‌وه‌، بارزانیی نەمر، له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 500‌ هه‌ڤاڵیدا، ڕوو له‌ یه‌كێتی سۆڤێت دەکات‌ و له‌وێ ده‌گیرسێته‌وه‌ و تا‌ ڕووخانی ڕژێمی شانشینی و دامه‌زراندنی كۆماری عێراق له‌ ساڵی 1958، ئینجا ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێت. له‌ هه‌مان كاتدا شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانیش له‌ به‌ندیخانه‌ ئازاد ده‌كرێ.
- به‌ ده‌ستپێكی هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر باشووری كوردستان له‌ ڕێكه‌وتی 11/9/1961دا، به‌ ناچاری خوێندن به‌جێ ده‌هێڵێ و له‌ ڕێكه‌وتی 20ی ئایاری 1962دا په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كات ‌.
- ساڵی 1967 یەكێك لە دامه‌زرێنه‌ران و سەرپەرشتیاری "ده‌زگای پاراستن" بووه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا.
- ساڵی 1970 ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری شۆڕشی ئه‌یلول و حكومه‌تی عێراق بووه‌.
- ساڵی 1970 له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌ و دواتر به‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ستنیشان كراوه‌.
- دوو مانگ دوای نسكۆ، به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیدا و به‌ هاوڕێیه‌تی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی جوانەمەرگ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌، فه‌رمانده‌ و كادیری پێشكه‌وتوودا، بناغه‌ی "سه‌ركردایه‌تی كاتی"ی پارتی دیموكراتی كوردستان داده‌ڕێژێته‌وه‌.
- له‌ نێوان ساڵانی 1976 ـ 1979دا، لە ئەمەریكا لە خزمەت سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیی باوك و ڕابه‌ردا بوو كە بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا بووە‌‌.
- لە سەرەتای ساڵی 1979 بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و ڕێکخستنەوەی کاروباری حزب، هەروەها بۆ ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ نووسینگەی ئیمام خومەینی له‌ پاریس بەمەبەستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش دژی ڕژێمی شای ئێران، سەردانی ڤییەننا دەکات. لەوکاتەدا لە ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا، له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك بكوژی ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقه‌وه‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی درا و دوو له‌ یاوه‌ره‌كانی بریندار بوون.
- دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕژێمی محه‌مه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌وی له‌ ساڵی 1979دا، سەرۆک بارزانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری تاران و له‌وێ هه‌واڵی كۆچی دوایی باوكی پێ ده‌گات، له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی ئاماده‌سازی بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن و له‌ شارۆچكه‌ی شنۆ ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی ئه‌نجام درا.
- ڕێزدار مه‌سعود بارزانی له‌ كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ساڵی 1979دا، له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی پارتی دێته‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌بێته‌ دووه‌مین سه‌رۆك له‌ مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا.
- ساڵی 1983، له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی بارزانییه‌كاندا، 37 كه‌س له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ 8000 كه‌سی ناوچه‌ و عه‌شیره‌ته‌كه‌ی، له‌لایه‌ن ڕژێمی سه‌دام حسێنه‌وه‌ له‌ بیابانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقدا له‌ناو ده‌برێن و له‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا شوێنبزر ده‌كرێن.
- لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی رێکخستنەوە و بەردەوامیدان بە خەبات و تێکۆشانی ناوخۆ، سەرۆک بارزانی چەندەها جار لەگەل پێشمەرگە سەردانی ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان کردووە.
- ساڵی 1986 یه‌كه‌مین به‌رهه‌می خۆی له‌ بواری خه‌باتی بارزانی و مێژووی پارتیدا، له‌ ژێر ناونیشانی بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ سێ به‌رگدا و به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ چاپ ده‌دات، كه‌ تاكو ئێستا چه‌ندین جار پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كردووه‌ و بۆ سه‌ر زمانه‌كانی كوردی به‌ هه‌ردوو دیالێكتی كرمانجی سه‌روو و كرمانجی ناوه‌ڕاست، توركی و فارسی و ئینگلیزی‌ وه‌رگێڕدراوه‌.
- لە 31/1/1987 بەرێز ئیدریس بارزانی برای سەرۆک بارزانی کە هەڤاڵ و هاوشانی بەردەوامی سەرۆک لەو خەباتە سەختەدا بوو لە ناوچەی سلیڤانەی سەر بە شاری ورمێی رۆژهەلاتی کوردستان کۆچی دوایی دەکات.
- ساڵی 1988 فه‌رمانده‌یی گشتی "داستانی خواكوڕك"ی كردووه‌‌.
- لە ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٧رۆڵی هەریەكە لە مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی برای، لە سەرکردایەتی کردنی شۆڕشی گوڵان و دامەزراندنی چەندین بەرەی سیاسی لەنێوان لایەنە بەرهەڵستکارەکانی عێراق زۆر بەرچاو بوو، کە دیارترینیان پێکهێنانی بەرەی کوردستانی بوو.
- بەرەی کوردستانی لە ڕۆژی ٢ی ئایار ساڵى ١٩٨٨ راگەیەندرا لە (٨) حزبی باشووریی کوردستان پێکھاتبوو: پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حسک، پاسۆک، پارتی گەل، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان-عێراق، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری. مەبەست لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانی کار و خەباتی پێکەوەیی بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس لە عێراق کە لەو سەردەمەدا کردەوە دژ بە مرۆڤایەتییەکانی بەرامبەر بە گەلی کوردستان و شۆڕشەکەی گەیاندبووە ئەوپەڕی دڕندەیی.
- شەهید ئیدریس بارزانی بە ئەندازیاری دروستکردنی بەرەی کوردستانی دادەندرێت و سەرۆک مەسعود بارزانی ڕۆڵێکی گرینگ و یەکلاکەرەوەی بینی لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ئەو بەرەیەدا، بەتایبەتییش لەکاتی سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕینی بەهاری 1991ـی گەلی کوردستاندا.
- ساڵی 1989 له‌ كۆنگره‌ی ده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا، له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ بۆ جاری دووه‌م به‌ تێكڕای ده‌نگ به‌ سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌.
- له‌ ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991دا، ڕابه‌ری مەیدانیی به‌ره‌ی كوردستانی بووه‌ و‌ پلانی ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه‌كانی عێراقی له‌ باشووری كوردستان داناوه‌.
- لە 7ـی 4ـی 1991 لە دەربەندی كۆڕێ سەرپەرشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە كە تێیدا پێشمەرگە داستانێكی مەزن و مێژوویی تۆمار كرد و هێرشی هێزەكانی بەعسی لە كۆڕێ تێكشكاند، داستانی كۆڕێ وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە خەباتی بەرخودان و ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان.
- له‌ مانگی ئایاری ساڵی 1991دا، له ‌دوای كۆڕه‌و، سه‌رۆكایه‌تی شاندی به‌ره‌ی كوردستانی ‌بۆ شاری به‌غدا كردووه‌ و به‌ مه‌به‌ستی دانوستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی كورد، له‌گه‌ڵ سه‌رانی ڕژێمی عێراقدا گفتوگۆی كردووه‌، به‌ڵام له ‌دوای چه‌ندین خول دانوستانەکان بێ ئەنجام بووە.
‌- لە نەورۆزی ساڵی 1991 له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌وه‌، داوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و دامه‌زراندنی حكومه‌تی كوردستانی كردووه‌.
- له‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا له‌ ساڵی 1992، خۆی بۆ ڕێبه‌رایه‌تی هه‌ڵده‌بژێرێ و ده‌نگی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێناوه‌، بەڵام کێشە ناوخۆییەکان و رەچاوکردنی دۆخی ناوخۆ ئاستەنگ بوون لە یەکلاکردنەوەی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە.
- له‌ ڕێكه‌وتی 19/6/1991دا، له ‌لایه‌ن ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤه‌وه‌ خه‌ڵاتی ئاشتیی بە گەلی کوردی پێ به‌خشراوه‌‌. دواتر لە لایەن بەرێزیانەوە خەڵاتەکە پێشکەش بە خاتوو دانیال میتێران کرا.
- ساڵی 1992 ئەندامی سەرۆکایەتیی کۆنگرەی نیشتیمانیی عێراقی INC بووە.
- لە شوباتی 1992 لە لەندەن لەلایەن جۆن مەیجەر سەرۆك وەزیرانی بریتانیا پێشوازی لێ كراوە.
- له‌ ساڵی 1993دا، له‌ كۆنگره‌ی یازده‌یه‌می پارتی، کە به‌ به‌شداری (2167) نوێنه‌ر لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، به‌ سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌‌.
- پاش هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ لە باشووری كوردستاندا، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی خستەگه‌ڕ تا ڕێگه‌ له‌و شه‌ڕه‌ ماڵوێرانكه‌ره‌ بگرێت. له‌ ڕێكه‌وتی 17/9/1998 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز خاتو مادلین ئۆلبرایت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵا‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئاشتیی واشنتۆنیان ئیمزا كرد‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 15/10/1998 له‌ باره‌گای پارتی سۆسیالیستی فه‌ڕه‌نسا له‌لایه‌ن به‌ڕێز فڕانسوا ئۆلاند، سكرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی فه‌ڕه‌نسا پێشوازیی لێ کرا.
- له‌ ڕێكه‌وتی 20/10/1998یش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وەزیری دەرەوەی به‌لجیكاوه‌ پێشوازیی لێ كرا‌.
- له ڕێكه‌وتی‌ 6ـ14/10/1999 له‌ كۆنگره‌ی دوازده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا، کە به‌ به‌شداری (1473) نوێنه‌ر لە هەولێر بەڕێوەچوو، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌وه‌ بۆ جاری چواره‌م به‌ تێكڕای ده‌نگ به‌ سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرایەوە‌.
له‌م قۆناغه‌ به‌ دواوه‌ ئه‌رك و دیپلۆماسییه‌تی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد هه‌نگاوی گه‌وره‌ ده‌نێت و به‌رپرسیارێتی و دیدار و چاوپێكه‌وتنه‌كانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تیدا گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاو به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، كه‌ ئه‌مه‌ به‌شێك له‌و چالاكی و ئه‌رك و دیدارانه‌یه‌:
- 8 جار لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆبۆتەوە. 4جار لەگەڵ جۆرج بوش کە دووجار لە کۆشکی سپی بووە 25/10/2005 و 14/12/2008، هەروەها 27/11/2003 لە بەغدا و 3/9/2007 لە بنکەی سەربازیی عین الاسد لە سنووری ئوردن. هەروەها 4جار لەگەڵ باراک ئۆباما کۆبۆتەوە کە 3جار لە کۆشکی سپی بووە 26/01/2010 و 04/04/2012 و 5/5/2015، هەروەها 07/04/2009 لە بەغدا.
- پێنج جار دیداری لەگەڵ سەرۆککۆماری فەڕەنسا هەبووە کە دووجاریان لە هەولێر بووە. لە مانگی ئاداری 1992 لە پاریس چاوی بە فرانسوا میتران سەرۆككۆماری فەڕەنسا كەوتووە. له‌ 12/9/2014 لە شاری هەولێر پێشوازیی له‌ به‌ڕێز فڕانسوا هۆلاند، سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نسا كردووه‌. له‌ 2/1/2017 له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، بۆ جاری دووه‌م پێشوازیی له‌ به‌ڕێز فڕانسوا هۆلاند سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نسا كردووه‌. له‌ 21/2/2016 له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ، له‌لایه‌ن به‌ڕێز فڕانسوا هۆلاند سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نساوه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌. له‌ 10/2/2015 له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ،‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز فڕانسوا هۆلاند سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نساوه‌ پێشوازیی لێ كرا.
- چەندینجار لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی ئەمەریکا کۆبۆتەوە. لەگەڵ ئالگۆر جێگری بیل کلینتۆن، دیک چنی جێگری جۆرج بوش و جۆ بایدن جێگری باراک ئۆباما.
- سێجار لە ڤاتیکان پێشوازی لێ کراوە. لە 2005/11/14 و 28/2/2009 له‌لایه‌ن قه‌داسه‌تی پاپا به‌نه‌دیکتی شازده‌هه‌م، پاپای ڤاتیکان و لە 30/5/2014  لەلایەن قه‌داسه‌تی پاپا فرا‌نسیسی یه‌كه‌م پێشوازی لێ کراوە و دیدار و گفتوگۆی درێژخایەن لە نێوانیاندا هەبووە بە تایبەت ژیان و گوزەرانی مەسیحییەکانی کە بە هۆی داعشەوە کوردستان پەنای دابوون. لە سەر ئاستی دیپلۆماسیش چەندین شاندی باڵا بە نوێنەرایەتی پاپای ڤاتیکان سەردانی سەرۆک بارزانیان کردووە.
- سێجار لە هەولێر پێشوازیی لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە. له‌ 24/7/2014 لە هەولێر پێشوازیی له‌ به‌ڕێز بان كی مۆن سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد‌. له‌ 26/3/2016 له‌ هه‌ولێر پێشوازیی له‌ به‌ڕێز بان كی مۆن، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد‌.‌ لە 30/3/2017 لە هەولێر پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرز سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان کرد.
لە 31/10/2005 لەلایەن تۆنی بلێر سەرۆکوەزیرانی بریتانیاوە پێشوازی لێ کرا.
لە 13/11/2005 لەلایەن سێرجیۆ برلسکۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێ کرا.
- چەندین دیداری لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیادا هەبووە. لەوانە پێنج جار لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا دیداریان هەبووە. لە شوباتی 1992 لە لایەن تورگوت ئۆزاڵ سەرۆككۆماری توركیا لە ئەنكارا پێشوازی لێ کرا و یەکەمجار بوو میوانێکی فەرمی بە جلکی کوردییەوە پێشوازی لێ بکرێت. له‌ 14/7/2014 له‌ كۆشكی كۆماریی توركیا، له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا گویلی سه‌رۆككۆمار پێشوازیی لێ كرا. لە 9/12/2015 ڕەجەب تەییب ئەردوگان سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی پێشوازی لە سەرۆك بارزانی کرد. له‌ 23/8/2016 له‌ كۆشكی كۆماریی توركیا، له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماری توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌یپ ئه‌ردۆغانه‌وه پێشوازی لێ كرا‌.‌ له‌ 26/2/2017، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا، کە بۆ یەکەمجار ئاڵای كوردستان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئیستانبوڵ بۆ پێشوازیی لە سەرۆک بارزانی هەڵکرابوو، و لەو سەردانەدا له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب تەیپ ئه‌ردۆغان له‌ ئیستانبوڵ كۆبوونه‌وه‌.
- دەجار دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا هەبووە. شوباتی 1992 لەلایەن سولەیمان دەمیرڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ یەكەمین جار بە جلی كوردی پێشوازی لێ كرا.  له‌ 6/10/2000 و 8/5/2001 له‌ كۆشكی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، له‌لایه‌ن بولانت ئه‌جه‌وید سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیاوه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌ لە 2011/3/29 لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازیی لە رەجەب تەیپ ئەردوغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا کرد. لە 16/11/2013 سەرۆک بارزانی و ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە ئامەد بەشداریی مەراسیمێکی جەماوەریی فراوانیان کرد ک بە ئامادەبوونی سەدانهەزارکەس لە هاووڵاتیانی ئامەد بەڕێوەچوو و تیایدا ئاڵای کوردستان دەشەکایەوە. له‌ 14/7/2014 له‌ كۆشكی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، له‌لایه‌ن ڕه‌جه‌ب تەیپ ئه‌ردۆغان سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه‌ پێشوازیی لێ كرا. له‌ 21/11/2014، لە هەولێر پێشوازیی له‌ دكتۆر ئه‌حمه‌د داوودئۆغلو، سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا كردووه‌. لە 9/12/2015 ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی وەزیرانی توركیا پێشوازی لە سەرۆك بارزانی کرد. لە 2017/1/8 لە هەولێر، پێشوازی لە بینالی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای كۆماری توركیا پێكهاتبوو. لە 27/2/2017 لە شاری ئەنكارا، لە لایەن بیناڵی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا، بە دانانی ئاڵای کوردستانەوە، پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرا.
- سەرۆک بارزانی چەندین دیداری لەگەڵ ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو. لەوانە لە مانگی ئایاری 1979 لەگەڵ كاك ئیدریس بارزانی لە شاری قومی ئێران چاوی بە ئایەتوڵڵا خومەینی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەكەوێت. لە 2011/10/31 لە تاران، ئایه‌توڵلا عه‌لی خامه‌نه‌یی رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، پێشوازیی لە سەرۆک بارزانی کرد. پێنج جار لەلایەن سەرۆککۆماری ئێران هەبووە. ساڵی 1995 هاشمی ڕەفسنجانی سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرد. دووجار له‌ كۆشكی كۆماریی ئێران له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌ید محه‌مه‌د خاته‌می، سه‌رۆككۆماری ئێرانه‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه: 10/12/2002 و 25/9/2004. دووجاریش لەلایەن دکتۆر مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری ئێران، پێشوازیی لێ کراوە: لە2008/10/23  و 2011/10/31 . لەگەڵ جەندین دیداری تر لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
- له‌ 14/10/2003 له‌ كۆشكی كۆماریی میسر له‌لایه‌ن حوسنی موباره‌ك، سه‌رۆككۆماره‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌. ڕۆژی 6/7/2010 سەرۆک بارزانی له‌ كۆشكی كۆماریی له‌ لایه‌ن حوسنی موباره‌ك سه‌رۆككۆماری مسره‌وه‌ پێشوازی لێ كرا. لە 22/5/2015 لە پەرواێزی دانیشتنەکانی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردووی ئۆردۆن سەرۆك بارزانی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی كۆماری میسر كۆبۆوە.
- له‌ ساڵانی 1982 هەتا 1996، له‌ كۆشكی كۆماری سوریا چەندین جار له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆمار، حافز ئه‌سه‌ده‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌. هەروەها له‌ 20/10/2003 و 18/10/2004  لە كۆشكی كۆماریی سوریا له‌لایه‌ن به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆككۆماره‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌.
- سەرۆک بارزانی سێ جار بانگهێشتی سعوودیە کراوە. جاری یەکەم لە لە ئایاری 1993 لەلایەک شا فەهد بن عەبدولعەزیز شای عەرەبستانی سعودییەوە پێشوازی لێ کرا. لە 13ـی 3ـی 2007 لە لایەن شا عبدالله شای سعودیە پێشوازی لێ کرا و جاری دووەم لەچوارچێوەی سەردانێکی فەرمی بۆ شانشینی سعوودیە لە  1/12/2015 شا سەلمان عەبدولعەزیز لە كۆشكی پاشایەتی لە شاری ڕیاز پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرد.
- سەرۆك بارزانی پەیوەندیێەكی توندی دۆستانەی لەگەڵ بەڕێز جەلالەتی شاعەبدوڵڵا كوڕی حوسەین شای ئۆردۆن ھەیە و چەندینجار دیدار و پەیوەندیی تەلەفۆنییان ھەبووە. لە 19/3/2007، 5/5/2014، 21/5/2015، 18/5/2017 لە كۆشكی حوسێنییەی عەمانی پایتەختی ئۆردۆن جەلالەتی شا عەبدوڵڵای دووەمی شای ئۆردۆن پێشوازی لە سەرۆک بارزانی كردووە. لە 22/5/2015 لەگەڵ شاعەبدوڵڵا بەشدارییان لە پێشانگای سۆفێكس كرد. لە 21ـی 5ـی 2015 لە یەكەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، كۆبوونەوەیەك لەنێوان سەرۆك بارزانی و جەلالەتی شا عەبدوڵڵای پاشای شانشینی ئۆردۆن بەڕێوەچوو. لە 12/2/2016 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 سەرۆك بارزانی و شا عەبدوڵڵا کۆبوونەوە.
- له‌ 13/10/2000 له‌لایه‌ن به‌ڕێز هانز فیشه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی نه‌مسا پێشوازیی لێ كراوه‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 3/10/2001 له‌ پیرمام (هه‌ولێر) پێشوازیی له‌ به‌ڕێز خاتو دانیاڵ میتێران، خاتونی یه‌كه‌می فه‌ڕه‌نسا، کرد كه‌ به‌ "دایكی كوردان" ناسرا بوو‌.
- له‌ ڕۆژانی 14ـ 16/12/2002 به‌شداریی كۆنگره‌ی له‌نده‌نی بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دژ به‌ ڕژێمی سه‌دام حسێن كردووه‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 28/4/2003 به‌ مه‌به‌ستی چه‌سپاندنی فیدڕاڵیزم بۆ كورد، به‌ سه‌رپه‌رشتی شاندێك به‌شداری كۆنگره‌ی به‌غدای كردووه‌‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 13/7/2003 به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی نیشتیمانیی عێراقی ده‌ستنیشان كراوه‌.
- لە ساڵانی 1984 هەتا 2008 چەندینجار لەگەڵ مەعمەر قەزافی سەرۆكی لیبیا كۆبووەتەوە.
- لەگەڵ میری دەوڵەتی كوێت و میری دەوڵەتی قەتەر دیداری هەبووە کە لە 3/2/2009 میری دەوڵەتی كوێت بەڕێز شێخ سەباح ئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح لە كۆشكی بەیان پێشوازی لە سەرۆک بارزانی كردووە و دیدار و گفتوگۆیان هەبووە و لە 8/2/2009 لە تەلاری دیوانی ئەمیری لە لایەن بەڕێز شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەرەوە پێشوازی لێ كراوە.
- له‌ ڕۆژانی 26و27/3/2004 له‌ ژێرچاودێری سەرۆک بارزانی، كۆنگره‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی عێراقی له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی پێ كرد‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 18/3/2004 له‌ ژێر چاودێری سەرۆک بارزانی، كۆنگره‌ی دیالۆگی كوردی ـ عه‌ره‌بی له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی پێ كرد‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 1/4/2004 به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌، هه‌ڵبژێردراوه‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 1/12/2004 له‌ شاره‌دێی پیرمام له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان واژویان له‌سه‌ر "ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیجی" بۆ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان كردووه‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 12/6/2005 به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 25/10/2005 له‌ كۆشكی كۆماریی وڵا‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له ‌لایه‌ن به‌ڕێز جۆرج بۆشی سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكاوه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌. لەم دیدارەدا سەرۆک بارزانی وەک یەکەمجار لە مێژووی دیپلۆماسیی کوردیدا بە جلی کوردیەوە لە کۆشکی سپی ئامادەی دیدارەکە بوو.
- له‌ ڕێكه‌وتی 14/11/2005 له‌ كۆشكی ڤاتیكان له‌لایه‌ن به‌ڕێز پاپا بندیكتی شازده‌یه‌م، پێشه‌وای كاتۆلیكیی جیهانی، پێشوازیی لێ كراوه‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 15/11/2005 له‌ كۆشكی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا، له‌لایه‌ن به‌ڕێز سلیڤیۆ بێرلێسكۆنی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا و دواتر له‌ ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی ئیتالیا له‌لایه‌ن به‌ڕێز پیەر فێردیناندۆی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی ئیتاڵیاوه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌.
- ڕۆژی 11/3/2008 كۆنگره‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی لەهەولێر دەستی بەکارەکانی کرد و ڕۆژی 15/3/2008 سەرۆک بارزانی لە دانیشتنی کۆتایی کۆنگرەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد.
- ڕۆژی دوو شه‌ممه‌ 13/4/2009 لە هەولێر، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستین کرد. هەروەها لە 22/5/2015 لە پەراوێزی دیدارەکانی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو لە وڵاتی ئۆردۆن، سەرۆک بارزانی، لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆكی فەلەستین كۆبۆوە.
- له‌ ڕێكه‌وتی 25/7/2009 له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی و ڕاسته‌وخۆدا، بە 70% ـی ده‌نگی گه‌ل، به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌.
- ساڵی 2010 بۆ جاری پێنجه‌م له‌ كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا، به‌ تێكڕای ده‌نگی نوێنه‌رانی كۆنگره‌، به‌ سه‌رۆكی پارتیی هه‌ڵبژێردراوه‌ و شایانی باسه‌ له‌م كۆنگره‌یه‌دا له‌به‌رده‌م تێكڕای میوانه‌ بیانی و ناوخۆییه‌كانیدا، به‌ ئاشكرا باس له‌ مافی بڕیاری چاره‌نووس بۆ كورد، كرا.
- ڕۆژی 1/10/2010 بەشداریی لە کۆنگرەی هاوپەیمانە دیموکراتەکان لە ڕۆما کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.
- 22/2/2011 له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا له‌ "رۆما"ی پایته‌ختی وڵاتی ئیتاڵیا، مه‌دالیای Atlantic Award به‌ سەرۆک بارزانی به‌خشرا.
- ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 20/2/2013 سه‌رۆك پۆتین سه‌رۆكی روسیای ئیتحادی پێشوازی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد.
- ڕۆژی 20/06/2013 له‌ په‌راوێزی كاروباره‌كانی كۆڕبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی ئابووری سان پیترسبۆرگ لە وڵاتی ڕووسیا، سەرۆک بارزانی و سێرگێ لاڤرۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا كۆبوونه‌وه‌.
- ڕۆژی دووشەممە 22/7/2013 لە نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی 39 لایەنی سیاسیی هەر چوار پارچەی كوردستان، لەسەر داوا و بە سەرپەرشتیی سەرۆك مەسعود بارزانی، كۆبوونەوەیەك بۆ باسكردنی هەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و دانانی لیژنەی ئامادەكاری ئەنجام درا.
- له‌ ساڵی 2013 پەرلەمانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران و ڕه‌زامه‌ندی زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كان، ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی بۆ دوو ساڵ درێژ كرده‌وه‌‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی له‌م درێژكردنه‌وه‌یه‌ ڕازی نه‌بوو به‌ڵام له‌به‌ر ئاشته‌وایی نیشتمانی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرته‌وه‌.
- ساڵی 2014 له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووه‌ و تا تێكشكاندنی ئه‌م هێزه‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی به‌رده‌وام بووه‌. سەرۆک بارزانی لە میانەی ساڵانی شەڕی داعش بە شیوەیەکی بەردەوام سەردانی هەر هەشت میحوەری بەرەکانی جەنگی دەکرد.
- سەرۆک بارزانی لە ماوەی شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا، وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، جگە لە ئەرکی ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دابەشکردنی میحوەرەکان، سەرکردایەتیی شەڕی دژی تیرۆریستانی دەکرد و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی و فەرماندەیی هەڵمەتەکانی پێشمەرگەی بۆ ئازادکردنی ڕەبیعە، زوممار، چیای زەرتک، بەنداوی مووسڵ، چیای شنگال و حەوزی عەوێنات و شاری شنگالی کرد. پلانی ئازادکردنی زوممار و حەوزی عەوێنات و چیای شنگال و شاری شنگال، کە سەرۆک بارزانی داڕێژەریان بوو ڕاستەخۆش و فەرماندەیی کردن. لەڕووی کات و چۆنییەتیی جێبەجێکردنی ئەو پلانانەوە، داستانی بێ وێنە بوون.
- له‌ ڕێكه‌وتی 20/8/2014 پێشوازی له‌ به‌ڕێز ماتییۆ ڕێنز، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتالیا كردووه‌.
- لە ماوەی شەڕی داعشدا، هەولێر ترافیکێکی قورسی دیپلۆماسی بەخۆیەوە دیت و بەرپرسانی باڵای ئەرمەریکا و دەوڵەتانی ئەورووپا، بەتایبەتی وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی دژی داعش و باڵیۆزی ئەو دەوڵەتانە لەعێراق، سەردانی کوردستانیان دەکرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبوونەوە. لەوانە: ئەمەریكا، بریتانیا، فەڕەنسا، كەنەدا، ئیتاڵیا، بەلژیکا، نەمسا، چیک، هەنگاریا، سوید، نەرویج، ژاپۆن، و...
- ساڵی 2015 ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان دۆسیه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ به‌رده‌ستی‌ ئه‌نجومه‌نی شورای كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌وانیش پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بارودۆخه‌كه‌، به‌هۆی ناله‌باربوونی بارودۆخی وڵات و نزیكبوونی هێزه‌كانی داعش له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی كوردستان،‌ بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان بۆ دوو ساڵی تر، دا، به‌ڕێزیشیان لەبەر هەستیاری دۆخەکە و پشتگەرمیی پێشمەرگە لە ئەرکەکەی بەردەوام بوو.‌
- له‌ ڕێكه‌وتی 11/1/2015 پێشوازیی له‌ به‌ڕێز پیتەر ماورێر سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور كرد.
- له‌ ڕێكه‌وتی 13/2/2015 له‌ كۆشكی كۆماری، له‌لایه‌ن به‌ڕێز هانز فیشه‌ر سه‌رۆككۆماری نه‌مساوه‌ پێشوازیی لێ كرا.
- له‌ ڕێكه‌وتی 11/5/2015 له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێز ڤیكتۆر ئۆبان، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌نگاریا و به‌ڕێز جانۆس ئادێری سه‌رۆككۆماری هه‌نگاریا پێشوازیی لێ كراوه‌.
- له‌ ڕێكه‌وتی 12/5/2015 له‌ كۆشكی كۆماریی چێك له‌لایه‌ن به‌ڕێز میلۆس زێمان، سه‌رۆككۆماری چیكه‌وه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌.
- ڕۆژی 22/5/2015 بەشداری لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو لە وڵاتی ئۆردۆن کرد.
- له‌ ڕێكه‌وتی 23/12/2015، پێشوازیی له‌ به‌ڕێز پێترۆ گراسۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئیتالیا كردووه‌.‌
- له‌ ڕێكه‌وتی 25/10/2016 له‌ پیرمام پێشوازی له‌ به‌ڕێز ستێڤان لۆفین سه‌رۆكوه‌زیرانی سوێد كردووه‌.
- ڕۆژی 11/7/2017 سەرۆک بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەكەی لە پارلەمانی ئەورووپا لە بروکسل، وتارێكی پێشكەش كرد.
- ڕۆژی 11/7/2017 ، سەرۆك بارزانی، خێرت بۆرژوا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلژیكا، پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرد.
- چەندین جار بەشداری لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كردووە و له‌ چوارچێوه‌ی كۆڕبه‌ندی ئابووریی داڤۆس، لەگەڵ زۆرێك لە سەركردە سیاسییەكانی جیهاندا كۆبووەتەوە. لەوانە:‌ شا عەبدوڵڵا پادشای شانشینی ئۆردۆن، خاتوو ئەنگێلا مێركل ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ئیلهام عه‌لیێڤ سه‌رۆككۆماری ئازه‌ربایجان، جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، مارك ڕووته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هۆڵه‌ندا، خاتوو كۆلیندا گرابار كیتارۆڤیچ سەرۆكی كرواتیا، گیئۆرگی ئیڤانۆڤ سەرۆكی مەكدۆنیا، خاتوو فیدریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، تەممام سەلام سەرۆكوەزیرانی لوبنان، حەیدر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه‌. ئەوە جگە لە دیدارەکانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی دەوڵەتانی بەشداری ئەو کۆڕبەندە و سەرۆک و سکرتێری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسانی دیکەی بەشداربووی کۆڕبەندەکە.
- به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی، به‌ سوربوون و پێداگرییه‌كی ڕابه‌رانه‌وه‌‌ له‌سه‌ر بڕیاردانی گه‌لی كورد له‌ مافی چاره‌نووسی خۆی، له‌ ڕێكه‌وتی 25/9/2017، ڕێفراندۆمی بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان ساز دا، له‌ ئه‌نجامدا 93% ده‌نگده‌رانی كوردستان، به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا.
- له‌ ئه‌نجامی خیانه‌تی تاقمێك و ڕاده‌ستکردنی كه‌ركوك ـ گه‌رمه‌سێر، له‌ ڕێكه‌وتی 16/10/2017دا. بۆ ڕێگریكردن له‌ به‌دیهاتنی خه‌ونی نه‌یاران، له‌ ڕێكه‌وتی 20 ئۆكتوبه‌ری 2017، وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان له‌ به‌ره‌کانی پردێ ـ مەخمور ـ تەلسقۆف ـ سحێلا، له ‌به‌رامبه‌ر میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی، سوپای عێراق، وەستایەوە پێشڕەوی ئەو هێزە پڕچەکەی وەستێنرا و بەغدای ناچار بە ملدان بۆ دانوستان کرد.
- له‌ ڕێكه‌وتی 29/10/2017، پەرلەمانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری درێژكردنی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هەردوو دەسەڵاتی راپەراندن و یاسادانانی دا، به‌ڵام سەرۆک بارزانی به‌وه‌ ڕازی نه‌بوو و ده‌سه‌ڵاتی خۆی خسته‌ به‌رده‌م پەرلەمان تا بەسەر هەردوو دەسەڵاتی راپەراندن و یاسادانان دابەش بکرێت و ڕایگه‌یاند كه‌ خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌زانێ و وەک پێشمەرگە لە خەبات بەردەوام دەبێت.
- سەرۆک مسعود بارزانی ساڵی (1965) هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی هەشت منداڵە.
- سەرۆک بارزانی شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی به‌ هه‌ردوو زاراوه‌ی كرمانجی سه‌روو و ناوه‌ڕاست، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزییه‌.
- حه‌ز به‌ خوێندنه‌وه‌ی په‌رتووكی مێژوویی، ڕامیاری و سه‌ربازی ده‌كات. یه‌كێكه‌ له‌ ئاره‌زوومه‌ندانی هۆنراوه‌ عیرفانییه‌كانی هۆزانڤانی كورد مه‌لای جه‌زیری و ئەحمەدی خانی و وەفایی.
- سەرۆک بارزانی وەرزش دەکات و حەزی لە وەرزشەکانی تۆپی پێ و مه‌له‌كردن و پیاده‌ڕۆیشتنە.
- باوه‌ڕی به‌ چه‌سپاندنی مافه‌كانی ئافره‌ت وه‌ك ئه‌ندامێكی كارای كۆمه‌ڵگا‌، پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌ته‌وه، ئاین، ئاینزا و ڕێبازه‌كان له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ و به‌ بناغه‌ی نیشتمانی هاووڵاتیبوونیان ده‌زانێ.
- سەرۆک بارزانی زۆر گرنگی بە پرسی ژینگەپارێزی دەدات و لە سەر رێبازی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی، پاراستنی سروشت و ژینگە بە بنەمای ئەرکی ئایینی و نیشتیمانی دەزانێت. ئەم بنەمایە ئیمرۆ لە دەڤەری بارزان بە چڕێ جێگیرکراوە و بۆیەشە سروشتی ئەم دەڤەرە بووە بە نموونەیەک لە ژینگەی سروشتیی نایاب لە رۆژهەلاتی ناوەراست. کار بۆ فراوان کردنی ئەم نموونەیە لە هەموو کوردستان دەکرێت.
 
 
سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری فه‌رمی مسعود بارزانی


دروشم و هێما و ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان

  • ئازادی . دیموكراسی . دادپەروەری

  • ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان

نه‌خشه‌ساز: حسێن حیدر


ئاڵای پارتی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پێكدێت له‌ هه‌ریه‌ك له‌ پیته‌كانی (Pdk) كه‌ ئاماژه‌ن بۆ پیته‌كانی سه‌ره‌تای ناوی پارتی به‌ رێنووسی لاتینی (PARTIYA DEMOKRATA KURDISTANE) به‌ ره‌نگه‌كانی زه‌رد و سوور كه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی بازنه‌یه‌ك كێشراون.

جیاوكه‌ گرنگه‌كانی ئاڵاكه‌ :

  1. ره‌نگی زه‌رد: هێمای تیشكی خۆر، سه‌رچاوه‌ی ژیان، گه‌رمی و وزه‌، هه‌ر ئه‌میش ره‌نگی پارتییه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌.

  2. ره‌نگی سوور: هێمای خوێنی شه‌هیدانی كوردستانه‌.

  3. پیته‌كانی (Pdk)،مه‌به‌ست له‌ نه‌خشه‌كردنی پیتی (d) به‌ بچووككراوه‌یی بۆ هێنانه‌كایه‌ی جوانكارییه‌كی بینراو له‌ نێوان پیته‌كانی (P) و (K) و به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تییش بۆ به‌یه‌كه‌وه‌لكاندنی هه‌ردووپیته‌كانی (P) و (d) به‌شێوه‌یه‌ك واده‌ربكه‌وێت كه‌ هه‌ردووكیان یه‌كن و وه‌ك یه‌كن یان وه‌كو ده‌ركه‌وته‌ی ئاوێنه‌یی یه‌كترن. هه‌روه‌ها بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان وشه‌كانی (DEMOKRATA) و (KURDISTANE) كه‌ وایان لێ بكات له‌ شێوه‌ و ناواخندا لێك جیانه‌كرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ردوو پیته‌كانی dوK وه‌ها دروست كراون كه‌ ستوونیانه‌ هاوبه‌ش بن.

  4. قه‌ڵغان: هێمای جه‌ربه‌زه‌یی و چیا سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستانه‌. قه‌ڵغان به‌ درێژایی مێژووی پڕجۆشی كوردان، پارێزه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه‌ له‌ له‌ناوچوون.

  • هێمای پارتی دیموكراتی كوردستان

     

نه‌خشه‌ساز / جه‌مال به‌ختیار

هێمای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دوو بازنه‌ پێكدێت، بازنه‌ی ده‌ره‌وه‌ و بازنه‌ی ناوه‌وه‌ كه‌ خۆرێكی دره‌وشاوه‌ له‌خۆده‌گرێت، له‌گه‌ڵ چل و شه‌ش تیشك كه‌هێمایه‌ بۆ ساڵی 1946، كه‌ تیایدا پارتی دامه‌زرا. له‌ ناوه‌ڕاستی خۆره‌كه‌ هه‌ڵۆیه‌كی تیادایه‌ كه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ وه‌ستاوه‌. له‌ سه‌ره‌وه‌ی دره‌شمه‌كه‌ و له‌نێوانی چێوه‌ی هه‌ردوو بازنه‌كه‌، ناوی پارتی نوسراوه‌. له‌ خواره‌وه‌ی هه‌ڵۆكه‌، پیته‌كانی سه‌ره‌تای (Kurdistan Democratic Party-KDP) نوسراوه‌. خوارووی چێوه‌ی بازنه‌ی ناوه‌وه‌ی دروشمه‌كه‌ به‌ دوو گوڵه‌گه‌نمی یه‌كتربڕ ته‌واوكراوه‌. له‌ ژێر خۆره‌كه‌ و بۆشایی نێوان چێوه‌ی هه‌ردوو بازنه‌كه‌ نوسراوه‌ (PARTIYA DEMOKRATA KURDISTANE) به‌ ڕه‌نووسی لاتینی نوسراوه‌. هه‌موو دروشمه‌كه‌یش له‌ سه‌ر ره‌هه‌ندێكی سپی كێشراوه‌ كه‌ هێمای پاكیزه‌یی و ئاشتی و ئازادی و هه‌ماهه‌نگییه‌.


ره‌نگ و ماناكان:

  1. بازنه‌ی ده‌ره‌وه‌ (سوور): هێمای خوێنی شه‌هیدانی كوردستان و خه‌باتی به‌رده‌وامه‌ له‌پێناو وده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌رفرازیی كوردستان.

  2. بازنه‌ی ناوه‌وه‌ (سه‌وز): گوزارشت له‌ جوانی و لادێكانی كوردستان ده‌كات.

  3. خۆر (زه‌رد): نیشانه‌ی سه‌رچاوه‌ی ژیان و رووناكییه‌.

  4. هه‌ڵۆ: هێمای ئازادی، جوامێری، شانازی، دانبه‌خۆداگرتن و به‌رگه‌گرتنه‌.

  5. گوڵه‌گه‌نمه‌كان: هێمایه‌ بۆ كشتوكاڵی كوردستان، سه‌رچاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی خاكه‌كه‌ی.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، ره‌نگه‌كانی دروشمه‌كه‌، گوزاره‌ن له‌ ره‌نگه‌كانی ئاڵای پیرۆزی كوردستان.

 

  • پرۆگرام و پەیرەوی ناوخۆی پارتی

پرۆگرام و پەیرەوی ناوخۆی پارتی (PDF)

 

 




دوایین هەواڵەکان

ھۆشیار زێباری پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد

SUNDAY, 01 DECEMBER 2024 21:12:38

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ١ی١٢ی ٢٠٢٤، ھۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی کارەکانی لە وڵات.

 

مەکتەبی سیاسیی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (غەریب مارف کانی ئاسکانی) دەکات

SUNDAY, 01 DECEMBER 2024 21:12:26

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی (غەریب مارف کانی ئاسکانی)، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی ناوبراو دەکات.

 

نێچیرڤان بارزانی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستاندا کرد

SUNDAY, 01 DECEMBER 2024 20:12:54

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١-١٢-٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ھەولێر، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان کرد.

 
"زانکۆی ئەمەریکی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگێڕێت"

SUNDAY, 01 DECEMBER 2024 19:12:25

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ یەکشەممە 12/1 بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە دیپلۆمات و بەرپرسان، لە شاری هەولێر، ڕێوڕەسمی یادی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان-دهۆک بەڕێوەچوو.

 
سه‌رۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا دەکات

SUNDAY, 01 DECEMBER 2024 16:12:33

ھەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ یەکشەممە 12/1 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact