سوپای ئێران: گلۆپی سەوز بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل هەڵکراوە

ئێران-Kdp.info / دوای ئەوەی ئیسرائیل هەڕەشەی رێکاری سەربازی کرد بە مەبەستی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئێران رایدەگەینێت، کە گلۆپی سەوز بۆ سوپای ئێران لە لایەن بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە هەڵکراوە، تا لە کاتی هەر دەست پێشخەرییەکی سەربازیدا، سوپای ئیران بەتوندی هێرش بکات و وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، ئاژانسی مێهری هەواڵ لە گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران عەمید مەسعود جەزائیری گواستەوە: کە ئیسرائیل هەوڵی زۆر دەدات، بە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە، دووبەرەکی بخاتە نێوان گەل و سوپای ئێران کە ئەمەش بۆی ناچێتە سەر، ئێستا سوپای ئێران ئەو شوێنانەی لە نێو خاکی ئیسرائیل دەست نیشان کردووە، تا لە کاتی روودانی شەردا هێرشی بکاتە سەر، جەزائیری گوتیشی: تاکە رێگا بۆ وەستانی بەرنامە ئەتۆمییەکانمان، رێگای دبلۆماسییە، لە بژاردەی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل وڵاتانی رۆژئاوا بە دڵنیاییەوە دۆڕاو دەبن، هەر وەکو چۆن ئێستا لە سوریا دۆڕاون.




