ده‌قى وتارى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له ڕێوڕه‌سمی یادكردنه‌وه‌ی 25 ساڵه‌ى كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه

به ناوی خوا،
ماته‌مگێڕان و ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
میوانانی ئازیز،
به‌خێرهاتنی هه‌مووتان ده‌كه‌م بۆ ڕێوڕه‌سمى یادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و ڕێزگرتن له شه‌هیده‌كانی.
له ساڵی 1988ه‌وه؛ نه‌ته‌وه‌ی كورد یادی هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه‌ته ڕۆژی ماته‌مینی و شینی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌مڕۆ له هه‌موو شار و گوند و ماڵێكی هه‌موو كوردستاندا یادی تاوانی بهكۆمهڵكوشتنی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ده‌كرێته‌وه.
هه‌ڵه‌بجه بووه‌ته ناونیشانێكی هه‌ره دیار بۆ زوڵمێكی كه‌موێنه له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد. كه ئێمه له هه‌ڵه‌بجه دهكوژراین، به‌داخه‌وه جیهانی ئیسلامی و ڕۆژئاوایی له بێهه‌ڵوێستی و بێده‌نگییه‌كی زۆر گه‌وره‌دا بوو؛ به‌رامبه‌ر به‌و زوڵمه‌ی كه له كورد له كوردستاندا ده‌كرا.
ئه‌مڕۆ كه لێره‌دا یادی شه‌هیده‌كانمان ده‌كه‌ینه‌وه، چاومان له‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چه‌ند ساتێك هه‌ڵه‌بجه به‌بیر خۆی بێنێته‌وه و بیكاته ڕۆژی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی له هه‌موو جیهاندا.
خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست..
به‌ر له دوو هه‌فته لێره گوتمان: هه‌ڵه‌بجه بووه‌ته قوربانیی مێژووی خۆی؛ كه مێژوویه‌كی پڕ له تێكۆشان و پێشكه‌وتنخوازی و زانستپه‌روه‌ری هه‌یه، ئه‌مڕۆش ئه‌ركی ئێمه‌یه هه‌ڵه‌بجه بگێڕینه‌وه بۆ پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی؛ وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی ڕۆشنبیری و پێشكه‌وتنی زانستی و ئاوه‌دانی له هه‌رێمى كوردستاندا.
دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر له‌م ده‌ڤه‌ره، 82 پڕۆژه‌مان به بڕی 183 ملیار دینار و پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاومان به بڕی 193 ملیۆن دۆلار ده‌ستپێكرد، كه هه‌موویان پێكه‌وه له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كانی پێشوودا، ده‌توانن ژێرخانێكی باش بۆ بووژانه‌وه و پێشكه‌وتنێكی زیاتری هه‌ڵه‌بجه و ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور و هه‌ورامان دروست بكه‌ن.
به خۆشحاڵییه‌وه ده‌توانین بڵێین به‌و 1000 (خانووه خۆكردهی) له‌و پڕۆژانه‌دا دابینمان كردوون، هه‌موو كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ده‌بنه خاوه‌ن خانووی خۆیان. بۆ برینداره‌كانی چه‌كی كیمیاییش نه‌خۆشخانه‌یه‌ك به تیمی تایبه‌تی پزیشكییه‌وه دابین ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی پێویستیشیان به چاره‌سه‌ری به‌په‌له هه‌یه؛ به باشترین و زووترین شێوه چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كه‌ین.
ئێمه ده‌مانه‌وێ و به كرده‌وه هه‌وڵمان داوه و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین كه هه‌ڵه‌بجه به باشترین شێوه ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه. هه‌روه‌ها زۆر به وردی و به شێوه‌یه‌كی یاسایی له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ده‌وه‌ستین؛ له بواری زۆركردنی ده‌سه‌ڵاتى ئیداری و تاپۆكردنی خانووه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه و بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتو‌كاڵى و گه‌شتوگوزاری له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا.
میوانانى به‌ڕێز..
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ڕێز له شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه ده‌گرن، ده‌مانه‌وێ هه‌موومان پێكه‌وه هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ین بۆ دانپێدانانی هه‌موو جیهان به جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد. ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك و وه‌ك به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی؛ مافی خۆمانه له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و پرسه بكه‌ین:
- بۆچی بهكۆمهڵكوشتنی كورد به جینۆساید ناناسن؟!
- ده‌بووایه چیتر به‌رامبه‌ر به كورد بكرێت؛ زیاتر له كیمیاباران و وێرانكردنی گونده‌كانی كوردستان و ئه‌نفالكردن، ده‌بووایه چه‌ند سه‌د هه‌زاری دیكه له كورد بكوژرێن؛ تاكو هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له لایه‌ن ده‌وڵه‌تان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه؛ وه‌ك جینۆساید پێناسه بكرێت؟!!.
ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵه‌بجه كیمیاباران كرا؛ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵوێستی وه‌ربگرتایه، قۆناغه‌كانی دیكه‌ی ئه‌نفال درێژه‌یان نه‌ده‌بوو و گیانی ده‌یان هه‌زار ژن و منداڵ، پیر و پیاوی كوردیان له زیندهبهچاڵكردنهكان له بیابانه‌كانی عێراق؛ ده‌پاراست.
ئه‌مڕۆ ئه‌ركی ئه‌خلاقی و ئینسانییه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی جیهان؛ بۆ ئه‌وه‌ی كار بكه‌ن تا ڕێگه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی دیكه بگرن له كوردستان و جیهاندا. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی كورد له لایه‌ن ڕژێمی پێشووی عێراقه‌وه له هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژیی كوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌كان؛ به جینۆساید پێناسه بكه‌ن، چونكه هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی له‌ناوبردنی نه‌ژادیی كوردی‌یان تێدا بووه، ئه‌وانه‌ش به چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه سه‌لمێندراوه. ته‌نانه‌ت دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقیش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه و بڕیاری له‌سه‌ر داوه.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئه‌مڕۆ 25 ساڵ دواى كاره‌سات، له هه‌مان شوێن ڕاده‌وه‌ستین و به‌وپه‌ڕى ڕێز و شكۆوه سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیده‌كان و قوربانییه‌كانى ئه‌و كاره‌ساته داده‌نوێنین، له هه‌مان كاتیش‌دا لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێمان له مێژووى گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵداوه‌ته‌وه و هاووڵاتیانى دڵسۆز و وڵاتپهروهرى كوردستان؛ هه‌ریه‌كه‌و له شوێنى خۆیه‌وه؛ له‌پێناو ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌هێزكردنى كوردستانێكى ئازاد، كاریان كردووه و ماندوو بوون.
هه‌رگیز برینه‌كانى هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له یاد ناچێت و له بیره‌وه‌رى و مێژووماندا ده‌یچه‌سپێنین. ئه‌و هێرشانه زیانى زۆریان به هاووڵاتیان و خاكى كوردستان گه‌یاند، به شێوه‌یه‌ك كه هه‌ندێك كه‌س پێیان وابوو هه‌ستانه‌وه و چاكبوونه‌وه مه‌حاڵه، به‌ڵام به خۆڕ‌اگرى و به‌رخودانى كوردستانیان، كێڵگه و باخچه به‌ناوبانگه‌كانى هه‌نار و میوه‌كانى دیكه له هه‌ڵه‌بجه؛ دووباره گه‌شاونه‌ته‌وه و یادى ئه‌و شه‌هیده نه‌مرانه هانى داین كه كوردستان ئاوه‌دان بكه‌ین و به‌هێزتر و ئارامتر و ئازادى زیاتر بێت.
ڕێز و هاوسۆزیم بۆ هه‌موو كه‌س و قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه و ئهنفالهكانى كوردستان دووپات ده‌كه‌مه‌وه، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌موو ئه‌و شانده بیانیانه ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوره‌سمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدارن، ئاماده‌بوونیان جێگاى ڕێز و ستایشه. سوپاسى هه‌موو ئه‌و دڵسۆزانه ده‌كه‌م كه بێ‌وچان؛ بۆ خستنه‌ڕووى ڕاستییه مێژووییه‌كان و ناساندنى جێنۆسایدى گه‌لى كورد به نێوه‌نده گرنگه‌كانى جیهان، له هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن.
زۆر سوپاسی هه‌موو دۆستانی كورد، هه‌موو ڕێكخراوه‌كان و ڕۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له ده‌ره‌وه ده‌كه‌م، بۆ هه‌وڵه‌كانیان له‌پێناو به‌جینۆسایدناساندنی كۆمه‌ڵكوژیی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، هه‌روه‌ها به ڕێزه‌وه له بڕیار و ڕاسپارده‌كانی په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا، سوید، به‌ریتانیا و دادگای هۆڵه‌ندا له‌وباره‌وه، ده‌ڕوانین.
هه‌ر لێره‌دا به‌وپه‌ڕى ڕێز و سوپاس و پێزانینه‌وه، ڕۆڵى یه‌كجار دیار و به‌رچاوى جوامێرانه و مرۆڤانه‌ى كۆمارى ئیسلامیى ئێران به بیر دێنینه‌وه كه هه‌ر له یه‌كه‌م ساتى ڕوودانى كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه؛ به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ستى هاوكارى بۆ لێقه‌وماوان درێژ كرد و به هانایانه‌وه هات، ده‌رگاى نه‌خۆشخانه‌كانى خۆیشى له سه‌رتاسه‌رى وڵات به ڕووى برینداران و به‌ركه‌وتووانى كیمیاباراندا كرده‌وه و هه‌موو چاره‌سه‌رییه‌كى پێویستى پێشكه‌ش كردین. ته‌نانه‌ت ئێستاش دواى تێپه‌ڕبوونى 25 ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساته‌كه‌دا، هێشتا هه‌ندێك له برینداران و به‌ركه‌وتوانى كیمیابارانه‌كه، له نه‌خۆشخانه‌كانى كۆمارى ئیسلامیى ئێران؛ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ى كه هه‌موو ئاسانكارییه‌كى كرد تا ئه‌وانه‌ى له ده‌ره‌وه پێویستیان به چاره‌سه‌رى هه‌بوو، ڕه‌وانه‌ى وڵاتانى ده‌ره‌وه بكرێن، به‌مه‌ش ژیانى سه‌دان كه‌سى له به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى؛ له مردن ڕزگار كرد.
بێگومان هه‌مووشمان له بیرمانه كه چۆن ڕۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ئێران؛ گرته و دیمه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵكوژیی هه‌ڵه‌بجه‌یان گواسته‌وه. هه‌روه‌ها كۆمارى ئیسلامیى ئێران هاوكارى و كارئاسانییه‌كی زۆری بۆ تیمه‌كانى ڕۆژنامه‌نووسانی جیهان كرد؛ تا بتوانن بگه‌نه هه‌ڵه‌بجه و كاره‌ساته‌كه دۆكیوومێنت بكه‌ن و نیشانی خه‌ڵكی جیهانى بده‌ن، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێست و هاوكارى و ئاسانكارییهى ئێران نه‌بووایه، ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌ى ڕ‌ژێمى به‌عس، وه‌ك سه‌دان تاوانى دیكه، له بێده‌نگى و تاریكی‌دا ده‌مایه‌وه. بۆیه گه‌لى كوردستان هه‌میشه سوپاسی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كۆماری ئێران ده‌كات و به‌وپه‌ڕى ڕێز و ستایشه‌وه؛ لێى ده‌ڕوانێت.
وێنه‌ی باوه‌شكردنی عومه‌ری خاوه‌ر به نه‌وه‌كه‌یدا، له جیهان بووه‌ته سیمبولى كیمیابارانكردن و كۆمه‌ڵكوژیی هه‌ڵه‌بجه. ئه‌مڕۆ وێنه‌گری ئه‌و گرته فۆتۆگرافییه ناوداره؛ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵمان ئاماده‌یه، ئه‌ویش (ڕه‌مه‌زان ئوزتوركه) كه ڕۆژنامه‌نووسێكی كوردی باكووره، به‌گه‌رمى به‌خێرهاتنى ده‌كه‌ین و سوپاسی خۆى و ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه توركانه و وڵاتانی دیكه‌ش ده‌كه‌ین كه له‌و كاته سه‌خته‌دا، ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌یان بۆ به‌رچاوی جیهان گواسته‌وه.
به‌ڕێزان..
هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ دۆستێكی به‌ڕێز له‌ناو ئێمه‌دایه؛ كه ئه‌ویش مسیوو بێرنارد كۆشنێره. ئه‌و كه‌سایه‌تییه به‌ڕێزه دۆستی دێرینى گه‌له‌كه‌مانه؛ ساڵى 1989 پێشنیازی پره‌نسیپی (ده‌ستتێوه‌ردانی مرۆیی) كرد. هه‌ر ئه‌و پره‌نسیپه‌ش بووه بنه‌مایه‌ك بۆ به‌هاناوه‌هاتنی جیهان بۆ فریاكه‌وتن و ڕزگاركردنی كورد له كاتی كۆڕه‌وی ساڵى 1991دا و دروستكردنی (هه‌رێمی نه‌فڕین – نۆ فلای زۆن) له هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ش فریاكه‌وتنی گه‌لانی یۆگسلاڤیا و شوێنه‌كانی دیكه‌ى به دوادا هات. ئێمه هه‌وڵه‌كانی ئه‌و و هه‌موو دۆستانی كورد له‌و باره‌یه‌وه به ڕێزه‌وه ده‌نرخێنین و له بیریان ناكه‌ین و زۆر خۆشحالین كه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ل ئێمه به‌شداره، به خیر بێت، به‌سه‌ر چاو.
ئێمه ئێستاش ئه‌وه به ئه‌ركی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌زانین كه هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو كوردستان له مه‌ترسییه‌كانی دووباره كۆمهڵكوشتنهوه ڕزگار بكه‌ن، هه‌روه‌ها داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین یارمه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان بدات بۆ نه‌هێشتنی هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشییه جێنیتیكانهى ئێستاش له هه‌ڵه‌بجه و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له ئه‌نجامى به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایى بڵاو بوونه‌ته‌وه. چونكه ئه‌و چه‌كانه‌ش به‌رهه‌می كۆمپانیا ڕۆژئاواییه‌كان بوون بۆ ڕژێمی پێشووی عێراق.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز..
بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ڵه‌بجه، ڕۆژی یه‌كى ئۆكتۆبه‌رى 2010 له دادگای ته‌مییزی عێراقییه‌وه ده‌رچووه. به پێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كان له عێراق، ده‌بێ هه‌موو كه‌سوكاری شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه و قوربانییه‌كانی؛ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه. حكوومه‌تی عێراق تا ئێستا ئه‌و ئه‌ركه یاساییه بچووكه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه جێبه‌جێ نه‌كردووه. به ڕاستی ئه‌وه پێشێلكردنی بڕیاری دادگایه و بێوهفاییشه به‌رامبه‌ر شه‌هیدان و كه‌سوكاری قوربانیان و شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه، بۆیه بۆ جاری چه‌نده‌مین دواى 25 ساڵ له‌م كاره‌ساته داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌و بڕیاره‌ى دادگا جێبه‌جێ بكات و كه‌سوكارى شه‌هیدان و به‌ركه‌وتووان و زیانلێكهوتووان؛ به زووترین كات قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
به‌ڕێزان...
ئێستا عێراق له‌ناو ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی‌دا ده‌ژیت. ئه‌و ته‌نگژه‌یه كاری كردووه‌ته سه‌ر ژیانی هه‌موو خه‌ڵكی عێراق. بنه‌ماى ئه‌و كێشه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پابه‌ندنه‌بوون به بنه‌ماكانی عێراقی نوێ؛ كه له‌سه‌ر ئه‌ساسى هه‌رسێ بنه‌مای سه‌ره‌كیی (شه‌راكه‌ت، ته‌وافوق، فیدرالی) دامه‌زراوه. پاشگه‌زبوونه‌وه، یان جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و بنه‌مایانه؛ ده‌بێته مایه‌ی ته‌نگژه‌ی به‌رده‌وام له عێراقی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌ئایین و مه‌زهه‌بدا.
پابه‌ندبوون به‌و سێ بنه‌مایه؛ گیانی پێكه‌وه‌ژیان و هاوكاری له نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق دروست ده‌كات، بێگومان پێشێلكردنیشیان ده‌بێته مایه‌ی دروستكردنی لێكترازان و دووبه‌ره‌كی و پێكه‌وه‌نه‌ژیان؛ كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ئایندهی عێراق دروست ده‌كات.
ئێمه له هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی ڕوونمان هه‌یه؛ ئه‌ویش گفتوگۆ و دانوستاندنه له‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌كان؛ له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنیان. له‌و ماوه‌یه‌شدا هه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌مان گرتووه‌ته به‌ر، هه‌ندێ هه‌نگاویش چووینه پێشه‌وه، به‌ڵام له مه‌سه‌له‌ی بودجه‌دا خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵوێستێكی بینی؛ كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بنه‌مای شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و عێراقى نوێ‌دا ناگونجێت. دیاریكردنی بودجه په‌یوه‌سته به هه‌موو كێشه‌كانمانه‌وه، هه‌ر له كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌وه، تا ده‌گاته كێشه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140، كێشه‌ی مافی كۆمپانیاكان و مافه داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان . هه‌موو ئه‌مانه به لاى خه‌ڵكی كوردستانه‌وه كێشه‌ی گرنگن، بۆیه‌شه هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی ئێمه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بودجه؛ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هه‌موو گه‌لی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌ركردایه‌تی و په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌كانیدا یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێسته.
ئێستاش لێره‌وه، له هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیده‌وه، ڕایده‌گه‌یه‌نین كه ئێمه ئاماده‌ین بۆ دانوستاندن و گفتوگۆیه‌كی جددی بۆ كۆتاییهێنان به كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنێكی ڕاسته‌قینه‌ی بنه‌ماكانی عێراقی نوێ له (شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و پێكه‌وه‌ژیان)، چونكه ئێمه وه‌ك لایه‌نی كوردی به عێراقێكی دیكه ڕازی نابین، ئه‌وه‌ش مافێكی ده‌ستووریی خه‌ڵكی كوردستانه، به پێی ده‌ستووری نوێی عێراق.
مێژووی عێراقیش ده‌بێ هه‌موومانی فێر كردبێت كه كاركردن به عه‌قڵیه‌تی گوێنه‌گرتن و خۆسه‌پاندنی تاكلایه‌نه و فه‌رامۆشكردنی پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق، یه‌ك ئه‌نجامی هه‌یه؛ ئه‌ویش ماڵوێرانیی گه‌لی عێراق و ڕووخان و له‌ناوچوونى حكوومه‌ته‌كانه.
هه‌ر له‌م یاده‌شدا به بیر خۆمانى ده‌هێنینه‌وه كه كاتێك تووشى ئه‌م كێشانه ده‌بین؛ ئه‌وه‌ى كه لهناوئێمه نیه، جه‌نابى سه‌رۆك كۆماره، كه هه‌میشه به حیكمه‌تى خۆى و به ده‌ستپێشخه‌ریى خۆى هه‌وڵى ده‌دا هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆ بكاته‌وه. هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا هیواخوازینكه ته‌ندروستى باش بێت و به كزوویى بگه‌ڕێته‌وه ناومان. ئه‌و مێژووه و خواسته‌كانی گه‌لی عێراقى ئه‌مرۆ، داوامان لێ ده‌كه‌ن كه گفتوگۆی جددی بكه‌ین له‌پێناو نه‌هێشتنی كێشه‌كان، بێگومان ئێمه‌ش بۆ ئه‌وگفتوگۆیه ئاماده‌ین له هه‌ر كاتێكدا.
دووباره به‌خێرهاتنتان ده‌كه‌م و سه‌ری ڕێز له به‌رده‌م شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌دا؛ داده‌نه‌وێنم. به خێر بێن به‌سه‌ر چاو.




