پێشبینی دەكرێت هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر باری كەشوهەوایەكی ناجێگیرەوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە پێشبینی دەكرێت لە كاتژمێرەكانی داهاتوو هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر باری كەشوهەوایەكی ناجێگیرەوەو تاوەكو رۆژی دووشەمە بەردەوام دەبێت.
فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستان بۆKdp.infoگوتی: پێشبینی دەكرێت هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر باری كەش و هەوایەكی نا جێگیرەوە رۆژی شەممە 16/3/2013 ئاراستەی با بەرەو باشوری رۆژهەڵات دەبێت و پلەكانی گەرماش بە بەرزی دەمێنێتەوە بە هۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەك كە دروستبووە لە ئەنجامی یەكگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆ یەكێكیان لە دەریای سوورەوە كە بارستە هەوایەكی گەرمی لە گەڵ دایە و ئەوی تریشیان لە دەریای ناوەڕاستەوە دێت كە بارستە هەوایەكی ساردی لە گەڵ دایە.
پاشان بەهۆی قووڵبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆی ئاماژە پێكراو لە سەرەوە رۆژی یەكشەممە 17/3/2013 كە دەبێتە هۆی باران هەروەها دەبێتە هۆی روودانی هەورە تریشقە و بارینی تەزرە و بە هۆی كشانەوەی نزمە پاڵەپەستۆكە بەرە بەرە و هەروەها لەبەرهاتنی بەرزە پاڵپەستۆیەك لە توركیاوە و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی پلەكانی گەرما.
رۆژی دووشەممە 18/3/2013 ئەم كەشو هەوا نا سەقامگیرە كۆتایی دێت و ئاسمان نیمچە هەوری دەبێت.




