حەفت گیراوی دیكەی دۆزی كەجەكە ئازاد كران

توركیا- KDP.info/ ئەمرۆ دادگای سزای گرانی ژمارە 15ی شاری ئەستەنبووڵ بریاری ئازاد كردنی 7 گیراوی دیكەی دۆزی كەجەكەی دەركرد.
دوێنێ دانیشتنی ژمارەی 29ی دۆزی كەجەكە كە تێیادا 205 گومانلێكراو ئامادەبوون پاش وەرگرتنی ئیفادەی 7 لە گومانلێكراوەكان كۆتایی پێهات و دادوەری دادگای سزای گرانی ژمارە 15 رایگەیاند كە بە هۆی نەبوونی دەلیل و بەڵگەی یاسایی ئەو حەفت گومانلێكراوه كە ئەمرۆ ئیفادەكانیان وەرگیراوە لە لایەن دادگاوە ئازاد دەكرێن.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە لە دانیشتنی پێشووتری دۆزی كەجەكە دادوەری هەمان دادگا بریاری ئازاد كردنی بۆ ژمارەیەك لەو رۆژنامەنووسانەی كە لە چوارچێوەی دۆزی كەجەكەدا گیرابوون دەركردبوو.




