وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بە سەرۆك بارزانی كرد

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێز جۆن كێری وەزیری دەروەی ئەمەریكا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی ئاماژەی بە پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان هەردوولا كرد و باسی بارودۆخی عێراق و چۆنییەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو قەیرانە قووڵە كرد كە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت.
لە وەڵامدا بەڕێز سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی كرد وەك وەزیری تازەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانی بۆ خواست. بەڕێز سەرۆكی هەرێكی كوردستان لەو پەیوەندییەدا وێنەی گشتیی بارودۆخی عێراقی شی كردەوە و وەزیری دەوروەی ئەمەریكای لە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەرانبەر قەیرانە قووڵەكەی عێراق ئاگادار كردەوە. هەروەها جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا كە لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.




