سەرۆك وەزیری سوید: من لەگەڵ عەبدوڵلا گول باسی كێشەی كوردم كردووە
__2013_03_14_h9m54s38__GH.jpg)
سوید- KDP.info/ دوێنێ سەرۆك وەزیری سوید فرەدرێك رەئینفەلدێت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵلا گولدا باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خۆی لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا كرد و گوتی: لەم كۆبوونەوەیەدا من و سەرۆك كۆماری توركیا زۆر بە بەرفراوانی باسی كێشەی كورد و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم كێشەیەمان كرد.
سەرۆك وەزیری سوید ئاماژەی بەوە دا كە سەرۆك كۆماری توركیا پێی راگەیاندووە كە وڵاتەكەی بڕیاری یەكجارەكی خۆی سەبارەت بە چارەسەركردنی پرسی كورد داوە و لەم رووەشەوە هەنگاوی ئیجابی ناوە و بۆ چارەسەركردنی پرسی كوردیش لە سەر هەنگاوەكانی خۆیان سووردەبن.
سەرۆك وەزیری سوید جەختی لەوە كردەوە كە سوید چاودێری دۆزی كورد و مافی گەلی كورد لە توركیا دەكات و كێشەی كوردیش كێشەیەكی ئاڵۆزە و بە هەفتە یا بە مانگێك چارەسەر ناكرێت بەڵكو بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و گەرەنتی كردنی مافەكانی گەلی كورد لە توركیا پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە.




