بڕیاردرا قایمقامی چەمچەماڵ بۆ ماوەی 60 رۆژ دەست لەكاربكێشێتەوە

هەولێر – KDP.info / دوابەدوای كێشەی نێوان قایمقام و پزیشكێك لەقەزای چەمچەماڵ، بەبڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 2222 لە3/3/2013 لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو كێشەیە پێكهات، لیژنەكەش لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا كارەكانی كۆتایی پێهێناو كۆنووسێكی پێشكەش بەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد .
دوێنێ 12/3/2013 سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی كۆنووسی لیژنەی لێكۆڵینەوە، بڕیاریدا قایمقامی چەمچەماڵ بۆ ماوەی شەست رۆژ دەست لەكارەكەی هەڵبگرێت و بەگوێرەی قانون دۆسیەكەش رووبەڕوی دادگا كراوەتەوە و لەوێ بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدرێت و وەزارەتی ناوخۆش راسپێردراوە كەسێك بەوەكالەت وەكو قایمقامی چەمچەماڵ دەستنیشان بكات تا دۆسیەكە لەدادگا یەكلایی دەبێتەوە.
هەر لەبڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیراندا، ئەو پۆلیسانەی لەكۆنووسی لیژنەی لێكۆڵینەوەدا ناویان هاتووە كەمتەرخەمیان نواندوەو پێویستە وەزارەتی ناوخۆ بەپێی قانوونی بنەماكانی دادگای سزای هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لێكۆڵینەوەو ئیجرائاتی قانونیان لەگەڵدا بكات.




