گۆڕی ئەنفالكراوانی بادینان دۆزراوەتەوە

بەرپرسی سەنتەری ئەنفال لە دهۆك داوا لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكات روفاتی ئەنفالكراوانی بادینانیش وەك ئەوانەی بارزان و گەرمیان بهێننەوە كوردستان.
عەلی بەندی، بەرپرسی سەنتەری ئەنفال بە "رووداو"ی راگەیاند كە " 2000 كەس لە دەڤەری بادینان بێ سەروشوێنن و تائێستا روفاتەكانیان نەهێنراونەتەوە"، بەڵام ئاشكرایكرد كە "جێگەكەیان دۆزراوەتەوەو دیاری كراوە".
ئەو داوایەی بەرپرسی سەنتەری ئەنفال لە دهۆك پاش هێنانەوەی روفاتی 730 ئەنفالكراوی گەرمیانی هات كە رۆژی 29/5/2012 لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چەمچەماڵ بە خاك سپێردران.
عەلی بەندی گوتی كە نزیكەی 300 گۆڕی بە كۆمەڵ لەناوچەكانی نێوەڕاست و باشووری عێراق ماون و تائێستا هەڵنەدراونەتەوە، گوتیشی "ئێمە داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كورد كردووە روفاتی ئەنفالكراوانی بادینانیش وەك روفاتی ئەنفالكراوانی بارزان و گەرمیان بگەڕێنرێنەوە باوەشی هەرێمی كوردستان، چونكە كەسوكاریان تائێستاش چاوەڕێن".
عەلی بەندی نەهێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوانی بادینانی گەڕاندەوە بۆ خەمساردی حكومەتی كوردستان و عێراق و لاوازی دەسەڵاتی بەرپرسانی پارێزگای دهۆك. گوتیشی "هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بە دەسەڵاتترن، بۆیە تائێستا بە سەتان روفاتی ئەنفالكراوانیان هێناوەتەوە".




