سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌وڵى گرتنى رافع عیساوى ئیدانه‌كرد

له باره‌ی هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی رافیع عیساوی وه‌زیری دارایی و سه‌ركرده له لیستی عێراقییه، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی :
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم زانیاری پێگه‌یشتووه كه هێزێكی سه‌ربازی هه‌وڵی داوه رافیع عیساوی وه‌زیری دارایی و سه‌ركرده له لیستی عێراقییه ده‌ستگیر بكات. له‌و كاته‌ی كه ئه‌م رێ‌و شوێنه ئیستیفزازییه ریسوا ده‌كه‌ین هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره كرده‌وانه‌ی كه ده‌بێته هۆی وروژاندنی بارگرژی زیاتر‌و ته‌م و مژاوی كردنی بارودۆخی سیاسی و قوڵتركردنی درزی نیشتیمانی له نێوان پێكهاته‌كانی گه‌لانی عێراق مه‌حكوم و ئیدانه ده‌كه‌ین .
هه‌روه‌ها په‌لكێشكردنی سوپا به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور له ململانێ سیاسییه‌كان و ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی سوور بوون له سه‌ر په‌یره‌و كردن و درێژه‌دان به‌م كارانه نابێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی بارگرژی به‌ڵكو ئاسته‌كه‌ی توندتر ده‌كات ده‌ره‌نجامی مه‌ترسیداریشی لێده‌كه‌وێته‌وه .
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان
12/3/2013




