پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر ئیمزای وەرگرتنەوەی متمانەیان لە مالیكی كردووە

لیستی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی سیاسی رەوتەكە ساز كراو و بەشداران گەیشتنە بڕیاری پاڵپشتیكردن لە رێنوێنییەكانی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتەكە لەبارەی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتی ئێستەی عێراق.
ئەمیر كەنانی سەركردە لە رەوتی سەدر رایگەیاند، دوێنی كۆبوونەوەی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر ساز كرا و تێیدا هەڵوێستی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتەكە بۆ هەموو ئەندامان روون كرایەوە لەبارەی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەت و بەستنەوەی هەڵوێستەكە بە چاكسازییەكان لە وڵات، هەڵوێستی بەشداران یەك بوو بە پاڵپشتیكردنی رێنوێنییەكانی سەدر لەو بارەوە.
زیاتر گوتی، دوای رادەستكردنی ئیمزای بارستەكانی داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی دەكەن، ئێستە تۆپەكە لە یاریگەی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراقە.
ئەمڕۆ دووشەم پەرلەمانتارێكی سەر بە رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە، كازم حائیری مەرجەعی ئاینی لە راپرسییەكەی بە ئەندامانی رەوتەكەی راگەیاندووە كە هەڵبژاردنی سیاسەتوانانی عەلمانی حەرامە، نەوەك وەرگرتنەوەی متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران و ئاماژەی كرد، راپرسییەكە هێزی زیاتری پێ داین بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی.
روونی كردەوە، 40 پەرلەمانتاری رەوتی سەدر تێكڕا ئیمزای وەرگرتنەوەی متمانەیان لە مالیكی كردووە، وێڕای 50 ئیمزای لیستی هاوپەیمانیی كوردستان و 78 ئیمزای لیستی عێراقییە و ئاماژەی كرد، ئێستە چاوەڕوانی ئەوەین سەركۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانی عێراق بكا بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی.
ماوەی زیاتر لە سێ مانگە تەنگژەی سیاسی لە عێراق ئاڵۆزییەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییوە، بەتایبەتی لە نێوان نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەریەك لە كورد و لیستی عێراقییە و رەوتی سەدر كە ئاڵۆزییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو تەشەنەیان كرد و ئەو لایەنەنانە لە زنجیرە كۆبوونەوەیەك لە هەولێر و نەجەف شیمانەی پەنابردنیان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتی ئێستەی عێراق خستە روو.




