بەشیر ئاتالای: قۆناخی چارەسەری تا دوو ساڵ بەردەوام دەبێت

توركیا- KDP.info/ قوردیناتوری قۆناخی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا و وەزیری ناوخۆی پێشووی ئەو وڵاتە بەشیر ئاتالای رۆژی دوو شەممە سەبارەت بە هەوڵدانەكانی حكوومەت و عەبدوڵڵا ئوجەلان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد گوتی: قۆناخی ئەمجارە زۆر جیاوازتر لە قۆناخەكانی پێشووترە، ئەمجارە هەر دوو لا زۆر بە جدی هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی پرسەكە دەدەن و لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای توركیایشدا خەڵك بە گشتی پشتگیری لەم قۆناخە و هەوڵدانەكانی چارەسەری دەكات.
بەشیر ئاتالای لە بەشێكی وتەكانیدا گوتوویەتی: قۆناخی ئەمجارە نابێتە وەكو قۆناخی ئوسلو و خابوور، لەم دوو قۆناخانەدا هەر دوو لا هەڵەیان كرد بەڵام ئەمجارە هەڵە ناكرێت و تا ئێستایش هەنگاوی زۆر باش نراون و هیچ جۆرە كوسپ و كەلەمێك ناتوانێت لایەنەكان لەم قۆناخە بێ ئومید بكات.
ناوبراو لە كۆتاییدا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە قۆناخی چارەسەری تا دوو ساڵ بەردەوام دەبێت و لەم دوو ساڵەدا ئەم پرسە بە یەكجارەكی چارەسەر دەكرێت.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە بەشیر ئاتالای كاتێك كە وەزیری ناوخۆی توركیا بوو قۆناخی خابوور ( ناردنەوەی گرووپی ئاشتی بۆ توركیا لە لایەن پەكەكەیەوە) و قۆناخی ئوسلو دەستیان پێ كردبوو بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام و ئەمجارەیش بەشیر ئالاتای لە لایەن سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغانەوە وەكو قوردیناتوری ئەم قۆناخە دەستنیشان كراوە.




