كوردستان پڵنگی ئابووری نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست

تایبەت بە KDP.info/ نووسەری رۆژنامەی ئیندەپەندەنتی ئینگلیزی پاتریك كوكبۆرن لە بابەتێكی خۆیدا باسی بارودۆخی كوردستانی كردووە و نووسیویەتی: دوای10 ساڵ لەو هەموو كۆمەڵكۆژی و ماڵ وێرانییە، بۆ جاری یەكەم كورد ئەوەی سەلماند كە دەتوانێت لە رووی ئابووری و سیاسییەوە سەربەخۆ بێت و خۆی بەرێوە ببات.
ناوبراو لە بەردەوامی راپۆرتەكەی خۆیدا نووسیویەتی" عێراق هەر چەند وڵاتێكی دەوڵەمەندە لە رووی نەوت و گازەوە بەڵام بە هۆی نالەباری بارودۆخی ئەمنی هێشتاكە حكوومەت نەیتوانیوە بە پێ پێویست سوود لەم دەولەمەندییە وەربگرێت، بەڵام كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق بە هۆی بارودۆخی باشی ئەمنییەوە توانیویەتی لە ماوەیەكی زۆر كەمدا خۆی وەكو پڵنگی نوێ ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بناسێنێت.
رۆژنامەنووسی بریتانی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو شارانەی كوردستان كە تا 10 ساڵ لەمەوبەر هیچ كەس باسی لێوە نەدەكردن و كەس نەیدەزانی كە هەن یا نا ئەمرۆ پێشوازی لە گەورە كارساز و سەرمایەدارەكانی جیهان دەكەن و ئێستایش زیاتر لە 60 كومپانیای نەوت و گاز لە نێو ئەم شارانەدا كار دەكەن و لە داهاتوویەكی نزیكدا بە هۆی هێز و پێگەی ئابووری خۆیەوە كورد دەتوانێت لە بەرامبەر وڵاتانی دەراوسێ خۆیدا ببێتە هێزێكی كاریگەر.




