٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەپێناو بەدەستھێنانی شەفافییەت لەحکوومەتدا کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکان لەکوردستان دادەمەزرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/رسول سالح رسول سەرۆکی کاتی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکان لە لێدوانێکی تایبەدا بۆ KDP.infoڕایگەیاند: بە داخەوە کە زاراوەی پەیوەندییە گشتییەکان لە ھەرێمی کوردستان زاراوەیەکی ناسراو نییە، ئەو بەشەی کە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێی دەگوترێت پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ئەمەریکی پێی دەگووترێت پەیوەندییە گشتییەکان و چەند ئەرکی گرنگ لە خۆ دەگرێت، کە بە ھۆیانەوە دەبێتە ھۆی بەدیھێنانی شەفافییەت و لە ئەنجامدا متمانەی جەماوەر بە حکوومەت و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکان دەگەڕێتەوە.

رەسول ساڵح گوتیشی: دوای خوێندنەوە و بەدواداچوون بە کاری پەیوەندییە گشتییەکان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی پێشکەوتوو و بەشداری کردن لەم خولانەی کە لە لایەن مامۆستای بیانی بەڕێوەدەچوو، گەیشتینە ئەو قەناعەتی کە دەبێت کۆمەڵەیەک دابمەزرێنین کە بە شێوەیەکی موئەسەساتی و دیراسەکراو ئەم زانستە لە ھەرێمی کوردستان پەرەپێیدەین.

رەسول ڕونیشیکرده‌وە، قۆناغی یەکەمی کارەکانمان وەرگرتنی مۆڵەت بوو کە خۆشبەختانە توانیمان بە شێوەیەکی فەرمی مۆڵەت وەربگرین و بەم نزیکانە کۆنگرەی یەکەم دەبەستین و لە کۆنگرەکە باس لە ئالیەت و چۆنییەتی پەرەپێدانی ئەم زانستە لە ھەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە دەبێت پەرەپێدانی ئەم زانستە بە گونجاندنی لەگەڵ باروودۆخی ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەکەمان بێت، چونکە ئێمە ناتوانین لە ماوەیەکی کورت خۆمان بگەیەنینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە پێدانی مۆڵەت بە کۆمەڵەکەمان ھێمایەکە بۆ ئەوەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە گشتییەکان بدات، وەک ئامرازێکی بەدیھێنانی شەفافییەت.

ناوبراو لەکۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییە گشتییەکان پردی پەیوەندییە لە نێوان جەماوەر و دەزگاکان، وەکو باسمان کرد چەند ئەرکێکی گرنگ لە خۆی دەگرێت، بۆیە ئەو کەسانەی کە لەو بوارە کار دەکەن دەبێت شارەزاییەکی تەواویان لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان ھەبێت و پێگەیاندنی کادیری بە توانا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان کۆمەڵەکەمانە.

هەواڵی پەیوەندیدار