٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەییاننامەی هاوبەشی ساڵیادی ئازادكردنی شاری هەولێر لە 11/3 دا

سەرچاوە: KDP.info

- جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

- دانیشتوانی سەربەرزی شاری هەولێر

- كەس و كاری شەهیدە نەمرەكان

 

(22) ساڵ بەر لە ئێستا لە درێژەی هەڵمەتەكانی رۆژانی راپەرین و رزگاركردنی شاروشارۆچكەكانی كوردستان، لە رووداوێكی مێژوویی و گرنگ لە رۆژی (11/3/1991) دا خەلكی سەربەرزی شاری هەولێر بە كورد و توركمان و كلدانی سریانی ئاشوری و هەموو چین و توێژەكانیەوە، شان بە شانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرامبەر دڕندەترین رژێمی دیكتاتۆری بەعس هاتنە دەنگ و تێكڕا هاواریان كرد نا بۆ چەوساندنەوە و توند و تیژی بەعس، بەڵێ بۆ ئازادی و چەسپاندنی حوكمی گەل. خۆشبەختانە لە ماوەیەكی كورتدا تەواوی دام و دەزگا داپلۆسێنەرەكانی بەعس كەوتنە دەست خەلكی ستەملێكراوی شاری هەولێر.

 دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان هیچ رێگایەكی نامرۆڤانە و دور لە بەهای ئایینی و سیاسی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی نەما كە بۆ كپكردنی دەنگ و ئیرادەی خەلكی كوردستان نەیگرنە بەر و رۆژ بەرۆژ پڕۆژە و پیلانی تازەیان دادەڕشت، بۆ بەكۆمەڵ كوشتن لە شێوەی راگواستن و ئەنفال و جینۆسایدكردن، تا بەهۆیەوە گەلی كوردستان لەناوبەرن.

بەڵام یەكڕیزی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكان و گیانی لە خۆبوردەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئیرادەی لەبن نەهاتووی جەماوەری كوردستان سات لە دوای سات بۆ بەرگری كردن لە خاك و نیشتمان بەهێزتر و بەگوڕتر دەبوو.

جێگای ئاماژە پێكردنە ئەو سەركەوتنە مەزنەی خەلكی راپەڕیوی شاری هەولێر هاوكات بوو لە گەڵ یادی رێككەوتننامەی (11)ی ئازاری ساڵی (1970) كە گەلی كوردستان لە سایەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر، توانی رژێمی ئەوسای بەغدا ناچاربكات دانبنێت بە مافی رەوای خەلكی كوردستان لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان.

ئێمە لێرەدا كە یادی سەركەوتنەكانی راپەڕین و رزگاری كوردستان بە كەركوكی خۆشەویستیشەوە دەكەینەوە پڕبەدڵ پیرۆزبایی لە خەلكی بە ئەمەكی كوردستان بە گشتی و شاری قەڵا و منارە بە تایبەتی دەكەین و سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدان دادەنوێنین و سڵاوی خۆڕاگریش بۆ هێزی پێشمەرگە دەنێرین.

ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی ئەو راپەڕینە مەزنە دەكەینەوە، ئێمە وەكو كۆمەڵێك حیزب ولایەنی سیاسی كوردستان لە پارێزگای هەولێر دەرهەق بەم بارودۆخە تازەیەی كوردستان و ناوچەكە بە پێویستی دەزانین هەڵوێستمان لەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە روو:-

1-    پاڵپشت و داواكاری خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ مافە رەواكانی گەلی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان، بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دادپەروەرانە.

2-    رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەرێت، هەوڵ و هیمەتمان بۆ زیاتر بەرقەرار كردنی بێت، تا گەیشتن بە ئاواتی گەلەكەمان و بریاردانی لەچارەنووسی خۆیدا.

3-     ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لە دۆخێكی نالەباردایە. داواكارین چارەسەری بنەڕەتی دۆخی ئەو ناوچانە بكرێت، بە پێی مافە دەستورییەكان لە عێراق و جێ ­بەجێكردنی مادەی 140.

4-    هەوڵی زیاتر چەسپاندنی ئامانجەكانی راپەڕین بدرێت، لە پتر فراوانكردنی پانتایی دیموكراسی و دابینكردنی ئازادی و نەهێشتنی جیاكاری و پەیڕەوكردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و جەختكردنەوە لەبەردەوامی پڕۆسەی چاكسازی و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.

لە كۆتاییدا جەخت دەكەینەوە ئەو دەستكەوتانەی خەڵكی كوردستان بەرهەمی یەكڕیزی و تەبایی و فرە رەنگیە لە كوردستان، بەهەمان شێوە پاراستن و پێشخستن و بەدەستهێنانی تەواوی مافە بەدی نەهاتووەكانی تر هەر بەیەكڕیزی و هاوهەڵوێستی لایەنەكان و خەلكی كوردستان دێنەدی .

 بۆیە بە پێویستی دەزانین داوا لە جەماوەری شاری هەولێر و دەوروبەری بكەین كە ئەو ئارامیە و دەستكەوتانە بپارێزن كە لە بەرژەوەندی خەلكی كوردستان و ئەزمونەكەماندایە . ئەم یادە ببێتە سەكۆیەك بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتر لە كەس وكاری شەهید و ئەنفالكراوان و تێكۆشەرانی گەلەكەمان.

 دووبارە پیرۆزبێت یادی راپەڕین و ئازادكردنی شاری هەولێر.جارێكی تر سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و شەهیدانی ئازاد كردنی شاری هەولێر.

    حزب ولایەنە سیاسیەكانی بەشداربوو :-

حزبی ئایندەی كوردستان /لقی هەولێر

حزبی شیوعی كوردستان / كۆمیتەی پارێزگای هەولێر

كۆمەڵی ئیسلامی / مەڵبەندی 3ی هەولێر

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان / مەڵبەندی هەولێر

بزوتنەوەی چاكسازی توركمان / هەولێر

كۆمەڵەی لیبراڵی توركمان

حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان / مەڵبەندی هەولێر

پارتی رزگاری نەتەوەیی توركمان/ لقی هەولێر

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان / هەرێمی هەولێر

پارتی نیشتمانی ئاشوری / هەولێر

پارتی دیموكراتی توركمانی كوردستان

گردبوونەوەی نیشتمانی توركمان / هەولێر

ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشوری

ئەنجومەنی نەتەوەیی كلدانی / هەولێر

بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان / ناوەندی هەولێر

حزبی دیموكراتی بێت نهرین / لقی هەولێر

كۆمەلەی رۆشنبیری توركمان

حزبی رزگاری كوردستان / لقی هەولێر

پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان /ناوەندی هەولێر

حزب الاتحاد توركمانی / هەولێر

پارتی كۆماری كوردستان / هەولێر

حزبی گەلی توركمان

بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان / مەڵبەندی هەولێر

ئۆجاغی برایەتی توركمان/ هەولێر

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان / كۆمیتەی سەركردایەتی هەولێر

حزبی سەربەخۆی كوردستان/ هەولێر

كۆمەلی رۆشنبیری كلدانی

بزووتنەوەی توركمانی بێلایەن

پارتی پارێزگارانی دیموكراتی كوردستان

بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان

بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشوری

بەرەی توركمانی / لقی هەولێر

یەكێتی نیشتمانی كوردستان / مەڵبەندی 3ی هەولێر

پارتی دیموكراتی كوردستان / لقی دوو

 

 

      

      هەولێر

     11/ئادار/2013

هەواڵی پەیوەندیدار