جەمال مورتكە: ئەگەر بێت و لەناوماڵی كورد یەك دەنگی نەپارێزرێت دەسكەوتەكان بە دەست نایەن

هەولێر-KDP.info/ سەركردەیەكی سەربازی لەیادی راپەریندا ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر بێت و لەناوماڵی كورد یەك دەنگی نەپارێزرێت دەسكەوتەكان بە دەست نایەن ئەوەش دەخاتەڕوو دەستێك هەیە لە دەرەوە بۆ ئەوەی ئاراستەی نەتەوەیی لاواز بكرێت.
جەمال مورتكە سەركردەی سەربازی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سنوری هەولێر لە یادی ڕاپەڕینی كوردستان ڕاگەیاند: پێویستە یەكڕزی نەتەوەیی لە پێش هەمووشتێكەوە بێت لە بەر ئەوەی ئێمە بە گیانی تەبایی و برایەتی توانیومانە ئەو ڕۆژە بەرهەم بهێنین و سەركەوین بەسەر دوژمنی دڕندە و ئەمڕۆش دوژمنان سەنگەریان لێگرتوین بۆیە ئێمە دەبێت لەم ڕۆژەدا هان بدرێین بۆ ئەوەی بیر لە ئایندەی نیشتیمانەكەمان بكەینەوە.
مورتكه گوتیشی: ئێستا كۆمەڵێك خەڵكی نابەرپرسیار لە عێراق دەیانەوێت هەمان ئەو ڕۆژانەمان بیربخەنەوە كە پێش ساڵی 1991 بینیمان لەسەردەمی ڕژێمی بەعس و ئەو دەسەڵاتە بگێڕنەوە، بۆیە یەكگرتووی خۆمان ئامانجی خۆمان سەردەخات دەبێت ئێمە لەناو خۆمان تەبابین.
دەربارەی دەسكەوتەكانی ئەمڕۆی كوردستان گوتی: دەسكەوتەكانی ئەمڕۆی كوردستان بە بەراوردی 11ی ئازاری ساڵی 1991زۆر جیاوازە، ئەوەش لەڕووی ئاوەدانی و خۆش گوزەرانی خەڵك، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ناڕێكی خۆمان یان دەستی دوژمن خەریكە ئەو هەستە نەتەوەییهی پێشوومان بیر دەچێتەوە، بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە پابەند بین بە هەڵوێستی نەتەوەیی و بەرەو پێش بردنی دۆزی نەتەوەیی كورد و خزمەتی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت خزمەتی ئەو وڵاتە بكەن.
كارزان هەورامی و بەكر ئیبراهیم




