٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پەسەندكردنی بودجەی 2013ی عیراق و فەرامۆشكردنی داواكاریەكانی هەرێم

سەرچاوە: KDP.info

لە دوای ململانێیەكی یاسایی و سیاسی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی نێو پەرلەمانی عیراق لەڕۆژی 7/3/2013 پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بەبێ‌ بەشداری كردنی پەرلەمانتارە كوردەكان بە ناتەواوی پەسند كرا.

گفتوگۆكردن لەسەر ئەم یاسایە ماوەیەكی زۆری برد، چونكە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پڕۆژە یاسای بودجەیەكی رەوانە كردبوو كە پڕبوو لە كێشە و بڕگەی نادروست و نادەستووری سەرەڕای ڕێگەنەدان بە هەرێم لە بەشداریكردنی داڕشتنی بودجە وەك مافێكی دەستووری خۆی، هەرچەندە ئێمە وەك حكومەتی هەرێم زۆر هەوڵماندا كە ئەو كێشانە پێشووەختە بە دیالۆگ چارەسەربكرێن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین شاندمان رەوانەی بەغدا كرد و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا كۆبوونەوە، دواجاریش شاندێكی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێری سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەیەكی تێروتەسەلیان ئەنجامدا بەڵام بە داخەوە هەوڵەكان نەگەیشتە ئەو ئاكامەی كە بودجەیەكی پوخت كە لە خزمەت تەواوی گەلانی عیراق بێت، بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران. لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژە یاساكە پەسندكرا. لە گفتوگۆكان ئامانجی هێزە سیاسیەكانی كوردستان ئەوە بوو كە بودجەیەك ئامادە بكرێت لە خزمەت تەواوی خەڵكی عیراق بێت و مافی گەلی كوردستان و پێشكەوتنەكانی تێدا رەچاو بكرێت.

بەڵام ئەوەی جێگەی داخە چەند خاڵێك كە لە یاساكە پەسندكراوە نەك هەر لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نییە، بەڵكو لە دژی هاوڵاتیانی هەرێم و بەرنامەكانی حكومەتی هەرێمە. بۆیە وەك حكومەتی هەرێم چەندین بڕگەی یاسای بودجەی ئەمساڵی عیراق رەت دەكەینەوە. و تەئكیدی ئەوەش دەكەینەوە كە ئەوان بە پشت بەستن بە پرەنسیپی زۆرینە و فەرامۆشكردنی پێشنیازو تێبینی و مافەكانی خەڵكی كوردستان لەبودجەدا، بەكردەوە بنەمای تەوافقی نیشتمانی و هاوبەشی كردنی راستەقینەیان لە دەسەڵات پەكخست كە بەگوێرەی دەستور، عیراقی تازەی لەسەر بیناكراوە، لەم یاسایە نەفەقاتی حاكیمەو سیادی و پێشمەرگەو پەرەپێدانی پارێزگاكان و پیترۆ دۆلارو موستەحەقاتی كۆمپانیاكانی نەوت بەهیچ شێوەیەك لەبەرچاو نەگیراوە.

ئەم هەنگاوەش لێدانە لە پێگەو مافی سروشتی و دەستوری كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی، لە رۆژانی داهاتووش زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە نێوان هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و پەڕلەمانتارو بەرپرسانی كورد لە بەغدا ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بە ڕاشكاوی بخرێتەڕوو.

حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای دەربڕینی نارەزایی توندی خۆی بەرامبەر ئەو پێشێلكاریە، راشیدەگەینێت كە مافی خۆیەتی ئیلتزام نەكات بەو بڕگانەی كە دژی دەستووری عێراقن و سەرجەم رێگە قانونی و دەستوریەكان دەگرێتەبەر بۆ رێگریكردن لەم هەوڵەی دژ بە بەرژەوەندی و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و عیراق بەگشتی گیراوەتەبەر.


لەكۆتایدا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێزانینی خۆی بۆ سەرجەم ئەو فراكسیۆن وپەرلەمانتارانە دوپاتدەكاتەوە كە هەوڵیاندا ئەنجومەنی نوێنەران بودجەیەك پەسەند بكات كە لەبەرژەوەندی هەموو گەلانی عیراقدا بێت و ئامادەش نەبوون بەم شێوەیەی ئێستای دەنگی پێبدەن، بەتایبەتیش دەستخۆشی لە پەرلەمانتارە كوردەكان دەكات كە هەموویان كۆك و یەك دەنگبوون لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستان و دەنگ نەدان بۆ یاسای بودجەی ئەمساڵ.

حكومەتی هەرێمی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار