٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێوەبەری كاروباری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی سوید كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ پێنج شەممە 7- 3- 2013 لە سەلاحەددین بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز بیۆن لیرفال بەڕێوەبەری كاروباری سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی سوید و یۆرگن لیندسترۆم باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق و شاندێكی یاورەی كرد.

 

بیۆن لیرفال وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئەو پێشوازییەی لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە لێ كراوە و سەردانیكردنی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە ئاستی بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوان سوید و هەرێمی كوردستانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە، پەیوەندیی باشی نێوان هەردوو لا بۆ ئەوان مانا و بایەخی زۆری هەیە. لەهەمانكاتیشدا سوپاسی وڵاتەكەی گەیاندە سەرۆك بارزانی لە بارەی ڕۆڵی كاریگەری جالیەی كوردی لە ناو كۆمەڵگەی سوید دا.

 

بەڕێوەبەری كاروباری سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی سوێد لەبارەی پێشكەوتنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ستهۆكۆڵم تەئكیدی كردەوە، ئێستا هاتووچۆ و پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەردوو لا بەشێوەیەكی رێك و دروست بەڕێوەدەچێت و هیوایشی خواست پەیوەندییەكانی هەرێم و سوید بەرەو بەرزترین ئاست بچێت.

 

سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردانەیان، سوپاسی حكوومەت و گەلی سوێدی كرد لە كاتی ناخۆشیدا باوەشیان بۆ گەلی كورد كردوەتەوە و لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا سەرۆك بارزانی بەبایەخەوە باسی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی كرد.

 

لە كۆتایی دیدارەكەشدا، شاندی میوان ئاماژەیان بەوە كرد، وڵاتی سوید و یەكێتی ئەورووپا پشتیوانی هەر هەوڵێك دەكەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق. هەروەها تەئكیدیان لەسەر ئەوەشكردەوە، سوید و یەكێتی ئەورووپا دەیانەوێ مامەڵە لەگەڵ عێراقێكدا بكەن كە رێز لە دەستور بگرێت و بنەماكانی دیموكراسی بچەسپێنێت و مافی مرۆڤی تێدا پێشێل نەكرێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار