هێشتا چواردە دۆسیەی كورد لەدادگا ماوە و یەكلا نەبۆتهوه
كورد هێشتا چواردە دۆسیەی یەكلانەبووەوەی لە دادگەدا ماوە، بەڵام دادگەی باڵای تاوانەكان لە دادگەیەكی سەربەخۆوە بووەتە دەستەیەكی بچووك.
چالاكوانێك پێی وایە دەتوانرێت بوونی كۆنسووڵخانەكانی وڵاتان لە هەرێمدا، بۆ مەسەلەی ناساندنی جینۆسایدی كورد بەكار بهێنرێت.
بچووكبوونەوەی دادگە
هێشتا 14 دۆسیەی كورد ماون تا دانیشتنی دادگەیان بۆ بكرێت، بەڵام دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق چەند مانگێكە سەربەخۆ نەماوە و بووە بە دەستەیەك و چووەتە سەر “ئەنجوومەنی دادوەری”ـی عێراق.
ئەندامی تیمی بەرگری لە دۆسیەی ئەنفالكراوەكان (حەمەساڵح ئامێدی) گۆڕینی ئەم دادگە سەربەخۆیە بۆ دەستەیەك بە تێكدان و لاوازكردنی دەزانێت كە مەسەلەیەكی سیاسیی لە پشتەوە بووە و سوننەكان وەك مەرج بەسەر شیعەكاندا سەپاندوویانە، بەڵام كورد ڕێگر بوو لە بەردەم ئەوەدا كە بە یەكجاری دابخرێت.
بە ڕای سەرۆكی لیژنەی دۆسیەكانی كورد لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان (موحسین شێروانی) بچووككردنەوەی دادگەكە بۆ دەستەیەك وای نەكردووە دۆسیە ماوەكانی كورد بچووك بكاتەوە، چونكە بە هەمان یاسای پێشوو تۆمەتباران دادگەیی دەكرێن.
ئەو هەروەها باس لەوە دەكات كە لەم هەفتەیەدا چەند دادوەرێكی كورد دەچنە بەغدا تا دۆسیەكان بجوڵێنن و دادگەییكردنی تۆمەتباران دەست پێ بكات.
دادگەی باڵای تاوانەكان ساڵی 2004 دامەزرا و چەندین دۆسیەی كوردی یەكلا كردەوە، لەوانە: دۆسیەكانی (ئەنفال، ئەنفالی بارزانییەكان، هەڵەبجە، كوردە فەیلییەكان، ڕاپەڕین)، بەڵام 14 دۆسیە ماون كە گرنگترنیان ئەمانەن: (ئەنفالی 2، ئەنفالی بارزانییەكان 2، هەڵەبجە 2، ڕاپەڕین 2، كوردی فەیلی 2،....).
لە ماددەی 134ـی دەستووری عێراقدا ئاماژە بە دادگەی باڵای تاوانەكان دراوە كە دادگەیەكی سەربەخۆیە و لە چاوخشاندنەوە بە تاوانەكانی ڕژێمی پێشوو بەردەوام دەبێت، بەڵام تەنیا پەرلەمان مافی هەڵوەشاندنەوەی دادگەكەی هەیە ئەویش ئەگەر كارەكانی تەواو بوو.
نەبوونی نوێنەر
بێجگە لەوەی دادگەی باڵای تاوانەكان بچووك كراوەتەوە، هاوكات گرفتی دادوەر و نەبوونی نوێنەرێك لە نێوان بەغدا و هەرێمدا هەیە. بە گوتەی (ئامێدی)، نوێنەرێكی ڕاستینە لە نێوان هەولێر و بەغدادا نییە كە دامەزرابێت و پێوەندیی هەر دوو لا لە مەسەلەی دۆسیەكان و دادگەدا ڕێك بخات. هاوكات ڕەخنە لەوەیش دەگرێت كە دادوەرانی دۆسیەكانی كورد لە لایەن حزبەوە دادەنرێن.
(شێروانی) باس لەوە دەكات كە هەرچەندە دادگەكە بووەتە دەستەیەكی بچووك، بەڵام دەستەكە لە پێنج دادوەر پێك دێت كە كوردیشیان تێدایە و ئامادەكارییان بۆ چەند كەیسێكی كورد كردووە و بەم زووانەیش دانیشتنی دادگە دەست پێ دەكات.
ناساندنی جینۆساید
حكوومەتی هەرێم و چەند چالاكوانێك، لەسەر ئاستی دەرەوەدا چەند كۆڕ و سیمینارێكیان بۆ ناساندنی تاوانەكانی كورد وەك تاوانێكی جینۆساید ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە وەك مەلەسەی “هۆلۆكۆست”ـی جوولەكە بكرێتە مەسەلەیەكی جیهانی.
چالاكوانی بواری جینۆساید (عومەر محەممەد) پێی وایە نابێ بۆچوون وابێت كە جینۆسایدی كورد تەنیا لە دەرەوە كاری لەسەر دەكرێت، بەڵكوو هەرێم پڕیەتی لە كۆنسووڵخانەی وڵاتان و دەتوانرێت لە ئاستێكی بەرزدا كۆبوونەوە لە بەردەم كۆنسووڵخانەكاندا هەبێت.
ئەو چالاكوانە، نموونە بە گربوونەوەیەك دەهێنێتەوە كە 16ـی ئاداری 2010 لە بەردەم كۆنسووڵخانەی ئەڵمانیادا كۆ بوونەتەوە و ئەوەیان پێ گوتوون كە كارێكی باشیان كردووە كولتووری لێبووردەییان بەرانبەر بە “هۆلۆكۆست” هێناوەتە ئاراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا هاریكاریی ڕژێمی بەعسیان كرد كە ڕەفتارەكانی هاوشێوەی نازییەكان بوو.
بە باوەڕی (ئامێدی) دەبێ هەوڵی هێنانی پارێزەرانی خانەنشینكراو لەسەر ئاستی دنیادا بدرێت و دەستەیەك دروست بكرێت تا پێداچوونەوە بە دەرەنجامی كەیسەكانی كورددا بكرێت. هەروەها لە ڕێگەی چالاكیی دیپلۆماسی و كۆڕ و سیمینار و بەكارهێنانی ئینتەرنێت و فەیسبووك و هۆكارەكانی دیكەوە، مەسەلەی جینۆسایدی كورد بە فراوانی باسی لێوە بكرێت.




