٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەدر بۆ مالیكی: لەپێناو گەلێك كە تەنیا داواى ژیان دەكا دەست لەكار هەڵبگرە

سەرچاوە: AK News

موقتەدا سەدر مەرجەع و سەركردەى رەوتى سەدر لە وەڵامی یەكێك لە هەوادارانیدا داوا لە مالیكی دەكا چاكەكەى تەواو بكا و لەپێناو گەلێك كە تەنیا داواى پاروویەك بژێوی دەكا دەست لەكار هەڵبگرێ.

یەكێك لە پێڕەوانى سەدر نووسیویەتی "لەم رۆژانەدا هەندێك لە سەرۆك ئەنجوومەنى پارێزگاكانى ناوەڕاست و باشوور هەڕەشەی بەهەرێمبوونى پارێزگەكانى خۆیان راگەیاند، ئەگەر هاتوو متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق بسێنرێتەوە، دەمانەوێ راى ئێوە لەو بابەتە بزانین".

موقتەدا سەدر لە وەڵامەكەدا دەڵێ "بەناوى خوا، سوپاسی ئەو كارەى دەكەم و دەڵێین چاكەكەت تەواو بكە و دەستلەكاركێشانەوەت رابگەیەنە لەپێناو گەلێك كە تەنیا داواى پارووى بژێوی دەكا و لەپێناو هاوبەشەكانت كە تەنیا داواى هاوبەشی دەكەن".

ماوەى 2 مانگە هەریەك لە هاوپەیمانیی كوردستان، لیستی عێراقییە و رەوتى سەدر رەخنەى توند لە مالیكی دەگرن و بەتاكڕەوی و دیكتاتۆریەت تۆمەتبارى دەكەن و لە زنجیرەیەك كۆبوونەوەدا لە هەولێر و نەجەف و دواى دوو دەرفەتی 15 و 7 رۆژى داوا لە مالیكی دەكەن دەست لەكاربكێشێتەوە.

سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە تا ئێستە نێزیكەى 170 ئیمزا كۆكراوەتەوە و رادەستی سەركۆمار كراوە بۆ ئەوەى رەوانەى سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنى نوێنەرانى بكا تا وادەى دانیشتنی نائاسایی لێسەندنەوەى متمانە دیاری بكرێ.

هەواڵی پەیوەندیدار