شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی دوزخورماتوی كردو تەئكید لەكوردستانی بوونی شارەكە كرایەوە

شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی دوزخورماتوی كردو لەگەڵ ئیدارەی شارەكەو ئەنجومەنی قەزاو حزبو لایەنە سیاسیەكانی ئەو ناوچەیەش كۆبوەوە، هەر لەم سەردانەدا جێگری سەرۆك وەزیران تەئكیدی لەكوردستانی بوونی دوزخورماتو و پێویستی بەیەكەوە ژیان و برایەتی پێكهاتە رەسەنەكانی كردەوەو پەیامی پشتیوانی و خزمەتكردنی زیاتری گەیاندە خەڵكی شارەكە.
ئەمڕۆ 6/3 عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حكومەت كەپێكهاتبوو لەوەزیرانی ناوخۆ، پێشمەرگە، تەندروستی، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئاوەدانكردنەوە، شارەوانی، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، سكرتێری ئەنجومەن و سكرتێری لیژنەی ئابووری، سەردانی قەزای دوزخورماتوی كردو لەگەڵ قایمقام و ئەنجومەنی قەزاو حزب و لایەنە سیاسیەكان كۆبوەو رایگەیاند كەحكومەتی هەرێم بەپێی توانا ئاوڕ لەپێداویستی و ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارە خۆشەویستە دەداتەوەو پشتیوانی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیشیان دەبێت.
لەم بەسەركردنەوەیەدا كەبەرێزان مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ی ن ك و سەرۆكی ئیدارەی گەرمیان ئامادەی بوون، عیماد ئەحمەد لەگەڵ قایمقام و ئەنجومەنی قەزای ئەو شارە كۆبوەوە، سەرەتاش شەلال عەبدول قایمقامی دوزخورماتوو هاتنی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی وەكو نیشانەی گرنگیدان بەشارەكەیان وەسفكردو باسی لەوەشكرد كەحكومەتی عیراق ئاوڕی پێویستی لە ناوچەكەیان نەداوەتەوەو نەك هەر دۆخی خزمەتگوزاری لەئاستێكی خراپدایە، بەڵكو باری ئەمنی شارەكەش باش نیەو حكومەتی عیراق لەمبارەیەوە بەئەركی خۆی هەڵنەستاوە، هەروا باسی لەوەكرد كەحكومەتی هەرێم بەپێی توانا بەدەنگ داواكاری ئەوانەوە چوەو خزمەتی ناوچكەی كردوە،دواتر چەند داواكاریەكی شارەكەی خستەبەردەم وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم و داوای كرد بۆیان جێبەجێ بكرێت.
هەر لەم كۆبونەوەیەدا سەید قادر سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای دووزخورماتوو وتەیەكی پێشكەش كردو تیایدا سوپاسگوزاری هەموو پێكهاتەكانی دوزخورماتوی بەوەفدی حكومەتی هەرێم راگەیاندو دووپاتیكردەوەكەحكومەتی عیراق قەزاكەی پشتگوێخستوەو ئاستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و ئەمنی یەكجار خراپەو كۆمەڵێك كێشەو گرفتی سەرەكی لەقەزاكەبەدی دەكرێن و هیچ هەوڵێكیش بۆ چارسەر لەلایەن بەغدا لەئارادانییە. وەك نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و بێ كاری و خراپی رەوشی كارەباو رێگاوبانەكان پشتگوێخستنی داواو پێشنیاری خەڵك، داواشی كرد كەحكومەتی هەرێم بەپێی توانا بەدەنگ پێداویستیەكانیانەوە بچێت .
سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای سەلمان بەگیش كەزۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەبن بەهەمان شێوە باسی لەكەمتەرخەمی حكومەتی عیراق كرد بەرامبەر خەڵكەكەی و وتی: ناحیەكەیان پشت گوێ خراوە و وەك پێویست ئاوڕی لێنەداونەتەوە.
دواتر جێگری سەرۆكی حكومەت وتەیەكی پێشكەشكردو ئامانجی سەردانەكەی بۆ دووزخورماتوو خستەڕوو كەگەیاندنی پەیامی هاوكاری و پشتیوانی حكومەتی هەرێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و پەرەپێدانی پرۆسەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریە.
عیماد ئەحمەد راشیگەیاند دووزخورماتوو جێگەی بایەخی هەرێمی كوردستانەو پیپَشكەش كردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر بە سنوورەكە بەئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین و هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئەمرۆ هاتوینەتە خزمەت ئێوە.
سەبارەت بەئایندەی ئەو ناوچانەش جێگری سەرۆكی حكومەت تەئكیدی لەجێبەجێكردنی مادەی 140 كردەوە.
سەبارەت بەجێبەجێ كردنی داواكاری شارەكە عیماد ئەحمەد دوپاتیكردەوە سەرجەم داواكارییەكانتان دەخەینە بەردەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و بەشی زۆریان جێبەجێ دەكەین و بەیەك چاو سەیری پێكهاتە رەسەنەكانی ئەو ناوچەیە دەكەین.
هەروا باسی لەوەشكرد كە بودجەیەكی تایبەت بەبڕی 5 ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی پرۆژە بۆ دوزخورماتو تەرخانكراوەو كەلەلایەن ئیدارەی شارەكەوە پێشكەش كراوە.
هەر لەم بەسەركردنەوە مەیدانیەدا وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیە كوردییەكانی دووزخورماتوو كۆبۆوە تیایدا رۆڵی سەرجەم لایەنەكان لەپاراستنی برایەتی و یەكریزی كورد بەگرنگ وەسفكرا و لایەنەكان تەئكیدیان كردەوە كەئەوان بەبێ رەچاوكردنی بەرژەوەندی حزبی رەفتار دەكەن و هەوڵ دەدەن پێگەو قورسایی كورد لەهەڵبژاردنەكان پارێزگاری لێبكەن، لەهەمانكاتدا داواشیان حكومەت بەیەكچاو سەیری هەموو حزبەكان بكات، جێگری سەرۆكی حكومەتیش تەئكیدی كردەوە كەئەم حكومەتە هی هەموو خەڵكی كوردستانە بەبێ جیاوازی و هەرواش رەفتار دەكەین.
هەروەك ئەوەشیان راگەیاند هەندیك لایەنی عیراقی كار بۆ ئەوە دەكەن بەشێوازی جیاجیا كورد ناچار بكەن لەسنوورەكە كۆچ پێ بكەن.
دوای تەواو بونی كۆبونەوەكان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا عیماد ئەحمەد ئامانجی سەردانەكەو وردەكاری كۆبونەوەكانی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن خستەڕوو.
لەكۆتایی سەردانەكەشدا وەفدی حكومەتی هەرێم تاجەگوڵنەی لەسەر مەزاری شەهیدانی دوزخورماتو دانا.




