پرۆگرامێكی تایبەت بۆ پاراستنی ژینگەی سەیرانگاو ناوچە گەشتیاریەكان دادەڕێژرێت

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی سەیرانگاو ناوچە گەشتیاریەكانی هەرێمی كوردستان هەردوو دەستەی گەشتوگوزار و پاراستن و چاككردنی ژینگە پرۆگرامێكی تایبەت بۆ ئەمساڵ دادەڕێژن و هەڵمەتێكی گشتی هۆشیاركردنەوەش ئەنجام دەدەن.
نارد رۆستی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بۆ kdp.infoگوتی: هەروەك چاوەڕوان دەكرێت و وەك ساڵانی رابردوو لە وەرزی گەشتی ئەمساڵ و لە جەژنی نەورۆز و وەرزی بەهار ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار لەناوەوەو دەرەوەی هەرێمی كوردستان روو لە سەیرانگاو شوێنە گەشتیاریەكان بكەن هەربۆیە ئێمە وەكو دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بە پێویستمانزانی بۆ ئەمساڵ پلانێكی تۆكمە بۆ پاراستنی سەیرانگاو ناوچە گەشتیاریەكان دابڕێژین و پرۆگرامێكی تایبەت لەمبارەیەوە ئامادە بكەین هەروەها هەڵمەتێكی گشتی هۆشیاركردنەوەش بەهاوكاری هەردوو لامان ئەنجام بدەین.
گوتیشی: هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ دانیشتنێكی تایبەت لەنێوان سەرۆك و بەڕێوەبەرانی هەردوو دەستەی بەڕێوەچوو و باسی هەماهەنگی و هاوكاری كردنی یەكتری بۆ سەرخستنی پرۆژەكە كرا هەروەها بڕیاریشدرا كە بەرنامەیەكی تایبەت بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ ئامادە بكرێت.
بڕوا بەزرنجی




