وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنراوێك سەبارەت بە جوڵاندنی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی جەزیرەو بادیە بۆ شنگال بڵاودەكاتەوە

هەولێر- KDP.info/ دوای هەوڵدان بۆ چوونی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی جەزیرەو بادیەی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ناوچەی شنگال بەبیانووی پاراستنی سنور و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و كە دواتر لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە رێگە بەو هێزانە نەدرا، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەسەر زاری فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاو دەكاتەوە
لەراگەیەنراوەكەدا كە كۆپیەكی دەست kdp.infoكەوتووە فەریق جەبار یاوەری رایگەیاندووە: لەسالی 2010وە بەپێی رێکەوتنێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری حکوومەتی فیدرالی عێراق و بەپێی یەکێک لەو 15 خاڵەی پەسەندکراو کە وەکو بنەمای کاری هاوبەش کاری پێدەکرێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە ناوەرۆکی ئەو خاڵە بەم شێوەیە (نابێت بەبێ رەزامەندی لیژنەکانی وزاری باڵا و کاری باڵا و ئاگادارکردنەوەی پێشتر و پێویستی ناوچەکە هیچ هێزێکی زیاد لە هەردوولا لە ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم جێگیر بکرێت) . بەڵام رۆژی 532013 وەزارەتی بەرگری حکوومەتی فیدرالی عێراق بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشتر هێزێکی زیادی جولاند بەرەو ناوچەی (شەنگار) کە ناوچەیەکی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، ئەویش بەمەبەستی دامەزراندنی بارەگایەکی نوێ بۆ فەرماندەییەکی ئۆپەراسیۆنی (عەمەلیاتی) نوێ بەناوی (فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی جەزیرە و بادیە {قیادە عملیات الجزیرە و البادیە}) کە دیارە وەزارەتی بەرگری حکوومەتی فیدرالی عێراق فەرمانی داوە بارەگای ئەم فەرماندەییە لە بارەگای (لیوای 11ی فیرقەی3) لە شەنگار دابمەزرێنێت.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە: دیارە ئێمەش وەکو لایەنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی ئاگاداری وەزارەتی بەرگری حکوومەتی فیدرالی عێراقمان کرد کە کردنەوەی ئەو بارەگایە بۆ ئەو فەرماندەییە نەناسراوە لەلایەن ئێمەوە و لە ناوچەی شەنگار کارێکە ناگونجی لەگەڵ بنەماکانی کاری هاوبەش و لەبەر ئەوەش ئەوکارە رەت دەکەینەوە و ئەو هەلومەرجەی ئێستاکە لە شەنگار روییداوە پەیوەندی بەو رونکردنەوەی سەرەوەمان هەیە، دیارە لەپاش رووداوی (دووزخورماتوو) لە (16-11-2012) و ئالۆزبوونی هەلومەرجی گشتی ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لیژنەی کاری بالا 5 پێنج کۆبوونەوەی گرێ دا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە پلانێکی گونجاو بۆ کاری هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سوپای وەزارەتی بەرگری حکومەتی فیدرالی عیراق بەلام ماوەی مانگێکە هیچ کۆبوونەوەیەکی تر گرێنەدراوە بە بیانوی سەرقالبوونی فەرماندە و لیپرسراوە بالاکانی وەزارەتی بەرگری حکوومەتی فیدرال بەو هەلومەرجەی هەیە لە پارێزگاکانی نەینەوا، صلاح الدین، رومادی و بەغداد.




