٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیستی عێراقییە پێشبینی دەست لەكاركێشانەوەی مالیكی دەكا

سەرچاوە: AK News

لیستی عێراقییە ئەمڕۆ یەكشەم پێشبینی كرد نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەر لە وەرگرتنەوەی متمانە لێی لە پەرلەمان دەست لە كار بكێشێتەوە.

مەیسوون دەملوجی گوتەبێژی لیستەكە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ژماردنی بەرەو خوارەوەی ساتەكانی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی دوای كۆكردنەوەی ئیمزای نیوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، دەستی پێ كرد.

زیاتر گوتی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق داوای كۆبوونەویەكی نائاساییی پەرلەمانی عێراق دەكا، كە وادەكەی دیاری نەكرد، بۆ دەنگدان لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی.

دەملوجی پێشبینی كرد مالیكی بەر لە وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی دەست لەكار بكێشێتەوە كە هەریەكە لە بارستەی ئەحرار و لیستی هاوپەیمانیی كوردستان و لیستی عێراقییە و ژمارەیەك لە ئەندامانی تەبایی هاوپەیمانی نیشتمانی و بارستەی دەوڵەتی یاسا ئیمزایان لەسەر كردووە.

ماوەی زیاتر لە سێ مانگە تەنگژەی سیاسی لە عێراق ئاڵۆزییەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییوە، بەتایبەتی لە نێوان نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەریەك لە كورد و لیستی عێراقییە و رەوتی سەدر كە ئاڵۆزییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو تەشەنەیان كرد و ئەو لایەنەنانە لە زنجیرە كۆبوونەوەیەك لە هەولێر و نەجەف شیمانەی پەنابردنیان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتی ئێستەی عێراق خستە روو.

هەواڵی پەیوەندیدار