لەشکری عێراق بەنیازە ھاوشێوەی ھێزی دیجلە لەشنگال ھێزی جەزیرە دروست بکات

ھەولێر_تایبەت بەkdp.info/ھەڵگورد حیکمەت بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لەوەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ kdp.infoرایگەیاند: دوێنی ھاوشێوەی پێکھێنانی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی دیجلە لەکەرکوک، ھێزەکانی سوپای عێراق ھێزێکی زۆریان ھێناوەتە لیوای 11 لە شەنگال بەنیازن لەوێ فەرماندەیەک بەناوی (جەزیرە) دروست بکەن، بەڵام ئەمە شتێکی قبوڵنەکراوە لە لایەن ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە ئەو سنورانەی کە پێی دەوترێت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە پێی تەوافق و دەستور پێویستە ھێنانی ھەر ھێزێک یاخود تێپەراندنی ھێز لەو سنورانە یاخود پێکھێنانی ھەر وەحدەیەکی سەربازی لەو ناوچانە بەتەوافقی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بێت .
ھەڵگورد حیکمەت گوتیشی: بەداخەوە دوێنێ ئەو ھێزە زۆرە ھاتۆتە ئەو ناوچەیە ئەمەش لە لایەن ھێزی پێشمەرگە قبول نەکراوە و رێگریان لێکردووە و گەڕاونەتەوە.
حیکمەت رونیشیکردەوە، ئەم کێشەیە تاوەکو ئێستا کۆتایی نەھاتووە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی ئەنجام دەکەین و ئایە دەگاتە چ ئاستێک و لە لایەن خەڵکی ئەوناوچەیەش خۆپیشاندان کراوە قبولی ناکەن ئەم ھێزە بێتە ناوچەکەیان و ئێمەش چ لەسەر ئاستی جەماوەری و چ لە ئاستی سەربازی قبولی ناکەین ئەو ئۆپراسیۆنە پێکبێت .
بڵند ئیبراھیم




