٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لەم هەفتەیەدا دانیشتنی پەرلەمان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: Hewler

سەرچاوەیەك لە ڕەوتی سەدر ئاشكرای كرد، سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی چەكی بە سەدان كەس لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆی لە پارتی دەعوە داوە، بۆ مەبەستی خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی پاش وەرگرتنەوەی متمانە لێی.

ئەو سەرچاوەیە بە ڕۆژنامەی "سیاسە"ی كوەیتی ڕاگەیاند: مالیكی ژمارەیەكی زۆر سەربازی سوپای وڵاتیشی، بە تایبەتی ئەوانەی ئەندامی پارتی "دەعوە"ن، لە پارێزگاكانی بەغدا و نەجەف و كەربەلا و دیوانیە و بەسرەدا بڵاو كردووەتەوە، بۆ مەبەستی ترساندنی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە پلانی ئەوەیان هەیە دەنگ بدەن بە وەرگرتنەوەی متمانە بە مالیكی.

هاوكات بەرپرسێكی دیكەی ئەو ڕەوتە عودەی عەواد داوای لە هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەكان كرد، كەسێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دیاری بكات، چونكە لەم ڕێگەیەوە تەنگژەی ئێستای عێراق كۆتایی پێ دێت.

كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە  مالیكی
لە لایەكی دیكەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ئەلعێراقییە عاشوور حامیدڕایگەیاند: سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئوسامە نوجێفی هەفتەیەدا بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان دەكات بۆ دانیشتنی تایبەت بە سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران.

ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی "ئیخبارییە"ی ڕاگەیاند: ئەو كوتلە سیاسییانەی لە هەردوو كۆبوونەوەكەی هەولێر و نەجەفدا بەشدار بوون، بڕیاری كۆتاییان سەبارەت بە سەندنەوەی متمانە لە (مالیكی) داوە و دەنگی پێویستیان بۆ ئەم هەنگاوەیش كۆ كردووەتەوە.

هاوكات ئەندامی توركمانی سەر بە لیستی عێراقییە نەبیل حەربۆ ڕایگەیاند: دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیكی بەشێوەیەكی ئاشكرا بەڕێوە دەچێت و لەرێگەی كەناڵەكانەوە بۆ ڕای گشتی دەگوزارێتەوە.

ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی "ئیخبارییە"ی ڕاگەیاند: 79 ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ئەلعێراقییە واژۆیان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی كردووە و 8 ئەندام پەرلەمانی دیكەیان ڕەتیان كردووەتەوە ئەو كارە بكەن و لەو 8 پەرلەمانتارەیش 4یان عەرەبی پارێزگاری كەركووكن.

بە هەرێمبوونی پارێزگاكان
هاوكات سەركردە لە لیستی ئەلعێراقییە و وەزیری دارایی وڵات ڕافع عیساوی ڕەخنەی لەهەڵوێستی هەندێك لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان گرت، كە بەنیازن دوای سەندنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی مالیكی بە هەرێمبوونی پارێزگاكانیان ڕابگەیەنن.

ناوبراو ڕوونی كردەوە، پرسی سەندنەوەی متمانە لەحكوومەتەكەی نووری مالیكی هیچ پەیوەندییەكی بە پێكهێنانی هەرێمەكانەوە نییە و هەربۆیەیش پێویستە بەرپرسانی هاوپەیمانێتی نیشتمانیی شیعەكان هەڵوێستی ڕوونی خۆیان لەم بارەیەوە ڕابگەیەنن.

هەواڵی پەیوەندیدار