لەیلا زانا پاڵێوراوی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵە

توركیا -تایبەت بەKdp.info/ لەیلا زانا پەرلەمانتاری ئامەد و ژنە سیاسەتوانی ناسراوی کوردی تورکیا وەکوو پاڵێوراوی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ ناسێندرا. بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی میللییەتی تورکیا: سەرەکی ترین ڕکابەرەکانی لەیلا زانا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ، بریتین لە بیل کلینتۆن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و مەلالە یووسف، کەسایەتی پاکستانی و برادلی ماننیگ، ئاشکراکەری زانیارییە نهێنییەکانی ویکیلیکس. لەیلا زانا لە ساڵی 1961 لە شاری سیلوان سەر بە پاریزگای ئامەد لەدایک بووە و پاش هاوسەرگیری لەگەڵ مەهدی زانا، سەرۆکی شارەوانی ئەو کاتی ئامەد و زیندانی بوونی هاوسەرەکەی ڕووی کردە چالاکی سیاسی و لە ساڵی 1994 وەکوو پەرلەمانتاری خەڵکی ئامەد چووە پەرلەمانی تورکیاوە و لە سەر پەیرەوکردنی سیاسەتی (پەکەکە) لەگەڵ چەند پەرلەمانتاریکی دیکەی کورد بەپێی یاسای دژە تیرۆری تورکیا زیندانی کرا، زیندانی بوونی لەیلا زانا 9 ساڵی خایاند و پاس ئازادبوون هەمدیسان وەکوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئامەد هەڵبژێردرایەوە.




