وتەبێژی پارتی : ئاساییە لای ئێمە بەلیستێکی سەربەخۆ بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکەین

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ جەعفەر ئیمینکی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.infoرایگەیاند: بەشداریکردن له ھەڵبژاردنەکان بەلیستی ھاوبەش یاخود سەربەخۆ ھێشتا یەکلای نەکراوەتەوە، بەڵام لای ئێمە ئاساییە بەلیستی سەربەخۆ بەشداری بکەین وتەکنیکی ھەڵبژاردنەکانیش حوکم دەکات چۆن بەشداربین، لەھەرێمی کوردستان تائێستا یاساش یەکلای نەکراوەتەوە و زۆریش ئاساییە ئێمە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەلیستی سەربەخۆ بەشداری لەھەڵبژاردنەکان بکەین و ھەر لایەک بۆ خۆی ھەوڵبدات زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت و دواتر ھاوپەیمانی پێک دێنینەوە .
جەعفەر ئیمینکی گوتیشی: ئەگەر داواکاریش ھەبێت بەلیستی ھاوبەش بەشداربین ئەمەش زۆر ئاساییە و لیستی نیمچە کراوەش کەباسی لێدەکرێ ئەگەر یەکلایی بێتەوە تەکنیکەکەی وایە ئەگەربەیەکەوەش بەشدار بین دەنگی ھیچ لایەک بەفیرۆ ناچێت و ھەرلایەنێکیش دەتوانێ دەنگ بەئەندامانی خۆی بدات، بەڵام کۆنترۆڵکردنی تۆزێک زەحمەتە کە ھەر حزبێک چۆن دەنگەکانی خۆی دابەش دەکات، بۆیە گەر ھەر حزبێک بەباشی کۆنترۆلی نەکات، ڕەنگە کەموکوڕی دروست بێت و ببێتە ھۆی ئەوەی گلەیی بکرێت.
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕونیشیکردهوە، بەرای ئێمە ھەڵبژاردن رێگایهکە بگەیە ئامانجێک ئەوئامانجەش گەشەکردنی کوردستان و ئاوەدانکردنهوهی کوردستان و زیاتر سەقامگیرکردنی سیاسی لەکوردستانە و بەدەست ھێنانی زۆرینەی دەنگەکانیش لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمە سەلمێندراوە، بەڵام ئەم زۆرینەیە ئێمە پێمانوایە لەپرسی حوکمرانی کوردستان پێویستە بەشەراکەت بەرێوەبچێت نەک بۆ خۆ سەپاندن بێت و ھیچ کات پارتی لەگەڵ ئەمە نەبووە و ئێمە بەردەوام لەگەڵ بەھێزبوونی شەراکەتین و بەشداریکردنی ئێمە بەلیستی سەربەخۆ مانای ئەوە نییە ئێمە دەمانەوێ بەتەنھا حوکمی کوردستان بکەین، بەڵکو پێویستە بەشەراکەت بێت.
ئیمینکی ڕاشیگەیاند: بەرای من پێم باشە ئێمە وەک پارتی بەلیستێکی سەربەخۆ بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکەین، بەڵام ئەمە رای منە رای ھەموو پارتی نییە و ئێمە گرنییەکی زۆر دەدەینە ھاوپەیمانەکەمان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و رای ئەوان بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە، کە بگەینە رایەکی ھاوبەش.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەرای ئێمە دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردنەکان زۆر گرنگە و پێویستی بەگفتوگۆ ھەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردنەکان، چونکە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێم پسپۆرانی بواری ھەڵبژاردن پێیانوایە ئەنجامدانی سێ ھەڵبژاردن بەیەکەوە زۆر زەحمەتە بۆ دەنگدەر، لەبەر ئەوەی لەھەرێمی کوردستان ئاسان نییە بۆ ھاولاتی لەڕۆژێکدا سێ جار دەنگ بدات تۆزێک زەحمەتە و بۆ کۆمسیۆنیش بەرێوەبردنی زەحمەت دەبێت، بۆیە دیاریکردنی کات گرنگە و پێویستی بە ڕاوێژکردنە لەگەڵ لایەنەکان و ئێمە نامانەوێ بڵێن تەنھا پارتی و یەکێتی بەویستی خۆیان کاتی ھەڵبژاردنەکانیان دیارکردووە، بەڵکو دەمانەوێ رای ھەموولایەنەکانی لەگەڵ بێت و کاتێکی گونجاو بێت لەھەموو ڕوویەکەوە .
بڵند ئیبراھیم




