تەقینەوەكەی ئەمڕۆی ناحیەی كەسنەزانی شاری هەولێر عەقیدێكی وەزارەتی پێشمەرگەی كردبووە ئامانج

هەولێر- تایبەت بە kdp.info / كاتژمێر نۆو نیوی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی كەسنەزانی سەر بە پارێزگاری هەولێر ئۆتۆمۆبێلێك لە جۆری نیسان پەتڕۆڵ تەقیەوەو بەو هۆیەوە ئەفسەرێكی پلەبەرزی وەزارەتی پێشمەرگە زامداربوو و ئێستا دەزگا ئەمنییەكان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە رووداوەكە.
حسێن كەلاری قائیمقامی دەشتی هەولێر تایبەت بۆ kdp.info گوتی: كاتژمێر نۆ و نیوی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئاگادار كراینەوە بە بوونی حاڵەتێكی تەقینەوە لە ناحیەی كەسنەزان هەر ئەوكاتە ئێمە سەردانی شوێنی رووداوەكەمان كرد و داوام كرد كە تیمێكی پسپۆڕ لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بگەنە شوێنی رووداوەكە بۆ لێكۆڵینەوە و زانینی هۆكارەكانی ئەو تەقینەوەیە و دوای گەیشتنی تیمی پسپۆڕ بەپێی لێكۆڵینەوە لە ئاسەواری رووداوەكە دەركەوت كە بڕێكی كەمی مادەی تەقینەوە بە ئۆتۆمۆبێلێكی جۆری نیسان پەتڕۆڵ كە ئەفەسەرێكی بە پلەی عەقیدی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە شۆفێری بووەو بەوهۆیەوە زامداربووەو قاچێكی پەڕیوە .
گوتیشی: دوای رووداوەكە هەر زوو پێشمەرگەكانی لیژنەی ناوچەی تارینی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان و كارمەندانی بنكەی پۆلیسی كەسنەزان بریندارەكەیان گەیاندبووە نەخۆشخانەی فریاكەوتن و ئێستا ئەفسەرە بریندارەكە لەژێر چاودێری وردی پزیشكی دایەو تاكو ئەو كاتەی قسەی تێدادەكەم لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامەو لە كاتژمێرەكانی داهاتوو وردەكاری تەواو لەسەر چۆنیەتی روودانی تەقینەوەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن بڵاودەكەینەوە.
بڕوا بەرزنجی




