نێچیرڤان بارزانی: له‌پێناو چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی پرسی كورد له توركیا ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كین
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 4ی ئازاری 2013، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له هاوسه‌رۆكانی كۆما جڤاكێن ده‌مۆكراتیك (كه‌جه‌ده) و په‌رله‌مانتا‌ران؛ سیاسه‌تمه‌داری كورد ئه‌حمه‌د تورك و ئایسه‌ل تۆغلۆك، به یاوه‌ریی په‌رله‌مانتا‌ری كورد ئالتان تان كرد.
له دیدارێكدا باس له دوایین هه‌نگاو و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له توركیا كرا و هه‌ردوولا به تێروته‌سه‌لی بیروڕایان ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌كه و گرنگیی به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی سیاسیانه و ئاشتیانه‌ی پرسی كورد له توركیا گۆڕیه‌وه و هاوڕا بوون كه ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بدات مه‌سه‌له‌كه به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و دوور له شه‌ڕ و توندوتیژی چاره‌سه‌ر بكرێت و هه‌موو ده‌رفه‌تێكی ئاشتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كه، بقۆزرێته‌وه.
نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دووپات كرده‌وه كه وه‌ك هه‌میشه ئاماده‌یه له پێناو ئاشتی و چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌دا ڕۆڵی خۆی بگێڕیت و هه‌ر ئه‌ركێك كه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه بكه‌وێته ئه‌ستۆی، جێبه‌جێ بكات، هه‌روه‌ها ببێته یارمه‌تیده‌رێك بۆ نه‌هێشتنی شه‌ڕ و به‌رگرتن له ڕژانی خوێنی زیاتر و به‌رقه‌راكرنی ئاشتی و ئارامی له نێوان هه‌ردوولادا.
لای خۆیه‌وه هاوسه‌رۆكانی (كه‌جه‌ده) ڕۆڵی سه‌ركردایه‌تیی سیاسی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شه‌خسی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی به گرنگ و كاریگه‌ر له قه‌ڵه‌م دا و داوایان كرد كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو په‌یوه‌ندی و كه‌ناڵه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ توركیا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بۆ هاندانی پرۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه‌ی پرسی كورد له توركیا به كار بێنێت. ئاماژه‌شیان به‌وه دا كه له هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیدا هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی به‌رچاو و به‌هێزی ده‌بێ و ده‌توانێ ڕۆڵێكی كاریگه‌ر بگێڕێت.
دوای دیداره‌كه‌ش له وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌نووساندا؛ وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ ئاشتی ده‌نرێن و دووپاتكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پشتگیریی پرۆسه‌كه و ئاماده‌یی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له پێناو چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه له چوارچێوه‌ی توركیادا، نێچیرڤان بارزانی هه‌نگاوه‌كانی هه‌ردوولای به‌ره‌و ئاشتی به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا و هیوای خواست كه ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی له توركیا ده‌ستی پێ كردووه بگاته ئه‌نجامێكی باش و چاره‌سه‌ری و خێر و خۆشی بۆ هه‌ردوو گه‌لی كورد و تورك له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت.
نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی تا ئێستا له لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز ئه‌ردۆغانه‌وه نراون، زۆر به‌رز ده‌نرخێنین، هیوادارین سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی دیار و ڕوون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه". هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌و مه‌سیجانه‌ی كه جه‌نابی سه‌رۆك ئۆجالان بۆ ئاشتی و بۆ چاره‌سه‌ری ناردوویه‌تی، بۆ ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مایه‌ی خۆشحاڵین".
ئه‌حمه‌د تورك – یش وێڕای سوپاسكردنی سه‌رۆك وه‌زیران نێچیرڤان بارزانی بۆ پێشوازیكردنیان، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌مڕۆ بۆ ئاشتی قۆناغێكی نوێ ده‌ستی پێ كردووه و له پێناو ئاشتیدا هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌ن پێویسته. هه‌روه‌ها گوتی: "هاتووین بۆ ئه‌وه‌ی بیروبۆچوونی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئاشتی بزانین. هه‌موو ده‌زانین كه ئاشتی مه‌سه‌له‌یه‌كه پێویستی به هه‌وڵی دوولایه‌نه هه‌یه، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، مه‌سه‌له‌كه ده‌گاته بنبه‌ست، ئه‌مڕۆ كورد و تورك له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستیان به یه‌كتر و به ئاشتی هه‌یه".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له ده‌ست نادات. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا باس له سه‌ردانێك كراوه بۆ به‌غدا و ئه‌و به‌رنامه‌یه هه‌ر ماوه و له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له به‌غدا له په‌یوه‌ندیداین، له كاتی گونجاویشدا و به پێی به‌رنامه‌ی هه‌ردوولادا سه‌ردانه‌كه ده‌بێت.




