بەهۆی بایكۆتكردنیی كوتلە كوردستانییەكان و لیستی عێراقییە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەنەچوو

بەغدا- تایبەت بە KDP.info/ شوان محمد تەها ئەندامی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: وابڕیار بوو ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ زەمانەتێك بۆ تەرخانكردنی بڕی پارەی كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان ئێمە وەكو سەرجەم كوتلە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق و لیستی عێراقییە بایكۆتی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانمان كرد و وابڕیارە بەیانی دانیشتنەكەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت كە تایبەتە بە پەسەنكردنی بودجە.
ناوبراو گوتیشی: بابەتی تەرخانكردنی بڕی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە و جەختیشی كردەوە كە بەهۆی نەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەنەچوو ئەمەش بەهۆی بایكۆتكردنی كوتلە كوردستانییەكان و لیستی عێراقییە.
بڕوا بەزرنجی




