٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شەبەک: چاومان بە مالیکی نەکەوتووە

سەرچاوە: Rudaw

پێکهاتەی شەبەک لە پارێزگای موسڵ  بەهیچ موزایەدەیەکی سیاسی رازی نییە و رازیش نابێ و چاویشیان بە مالیکی نەکەوتووە.

سالم شەبەک، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاری شەبەک لە لێدوانێکدا رایگەیاند : بەهیچ شێوەیەک شەبەک لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆک وزیرانی عێراق کۆنەبوونەتەوە لەوکاتەی سەردانی پارێزگای موسڵ کردووە.

جێگای باسە سێشەممەی رابردوو نوری مالیکی چووە موسڵ و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لەو پارێزگایە ئەنجامدا.

قوسەی عەباس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ دوێنێ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو نوی مالیکی لەکاتی سەردانەکەی بۆ موسڵ رەزامەندی لەسەر دیارترین داواکارییەکانی شەبەک دەبڕیووە کە لەدەشتی نەینەوا نیشتەجێن.

راشیگەیاندووە مالیکی بە زارەکی بەڵێنیداوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا نووسراوی فەرمی بۆ دەکەن.

کێشەی زەویییەکانی نێوان حەمدانیە و بەرتلە یەکێکە لە کێشەکانی شەبەک.

سالم شەبەک، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاری شەبەک رایگەیاند "شەبەک لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردە و بەهیچ شێوەیەک بە هیچ جۆرە موزایەدەیەکی سیاسی رازی نانین و رازیش نابین کە لەسەر حیسابی شەبەک بێت".

سالم شەبەک دەڵێ "نوێنەری راستەقینەی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق  محەممەد جەمشید شەبەکی ە، کە کاندیدی دەستەی راوێژکاری شەبەکە، ئێمە هەر چەشنە داواکارییەک رەتدەکەینەوە کە هەندێ لایەن داوای دەکەن، کە دەیانەوێت سەقامگیری ناوچەکە تێکبدەن".

لە بارەی بوونی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش کە هەندێ لایەنی پارێزگای موسڵ داوای دەرچوونی دەکەن، سالم شەبەک رایگەیاند "ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە موسڵ  نەبوونایە،ئەوا ناوچەکانمان چۆڵ دەکران و تیرۆریستان دەهاتنە ئەو ناوچانەوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاری شەبەک گوتیشی "سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەردەوام هاوکاریمان دەکەن، لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەدا".

سالم شەبەکی،  ئاماژە بەوەدەکات "ناوچە شەبەکییەکان لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستوورە و داوادەکەین بە زوترین کات ئەو مادەیە جێبەجێ بکرێ، تاوەکو ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان".

هەواڵی پەیوەندیدار