حكومەتی ئیسپانیا بەرەسمی بانگهێشتی جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات

3/3/2013 بەڕێز عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی كاروان جەمال تاهیر جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازیكرد لەخۆسیە توربین باڵیۆزی ئیسپانیا لەعیراق و وەفدی هاوڕێی و سەبارەت بەگەشەپێدانی پەیوەندیەكان و هەلومەرجی سیاسی كوردستان و عیراق و ناوچەكە گفتوگۆیان كرد.
لەم دیدارەدا باڵیۆزی ئیسپانیا بەگرنگیەوە باسی لەپێشكەوتن و دۆخی ئارامی كوردستان كردو خواستی وڵاتەكەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەرێم خستەڕوو رایگەیاند حكومەتی ئیسپانیا بڕیاری داوە پەیوەندیەكانی لەگەڵ كوردستان بباتە ئاستێكی باشترو بۆ ئەم مەبەستەش كەسێك وەكو كونسوڵی فەخری دەستنیشانكراوە كەتەنیا كاروباری بازرگانی و ئابووری لەكوردستان رایی ناكات، بەڵكو بەپلەی یەكەم كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیە سیاسیەكان دەكات.
دواتر باڵیۆزی ئیسپانیا باسی لەوەكرد كەوڵاتەكەی بەرەسمی بانهێشتی وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات بۆ مەدرید بۆ ئەوەی لەئاستێكی باڵا پەیوەندیە سیاسی و ئابووریەكان گەشەپێبدەین و لەمبارەیەوە بیرورا ئاڵوگۆڕ بكەین و بەرنامەیەكی هاوبەش دابنێین.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێز عیماد ئەحمەد تەئكیدی كردەوە كەهەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەو ئەورپا باش بێت لەخزمەتی بەرژوەندی هاوبەش و پرۆسەی بوژانەوەو پەرەپێدانی كوردستاندا، رونیشیكردەوە كەحكومەتی هەرێم ئامادەی هەموو جۆرە هاریكاری و هەماهەنگیەكە.
هەر لەدرێژەی دیدارەكەدا سەبارەت بەدۆخی سیاسی عیراق و قەیرانەكانی گفتوگۆكراو هەردولا تەئكیدیان لەپێویستی چارەسەركردنی كێشەكان كردەوە لەرێگەی دیالۆگ و بەرژوەندی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكانی عیراق، سەبارەت دۆخی سوریاش هەردولا تەئكیدیان كردەوە كەپێویستە گوێ لەداخوازی خەڵكی سوریا بۆ دیموكراسی و ئازادی بگیرێت، لەرەوەوە عیماد ئەحمەد رونیكردەوە لەهەر ئەگەرێكدا دەبێ رەچاوی ماف و داخوازیەكانی كورد بكرێت.
لەكۆتایی دیدارەكەدا هەردولا كاروچالاكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمیان لەئیسپانیا بەباش وەسفكرد.




