نێچیرڤان بارزانى به‌ردى بناغه‌ى 80 پڕۆژه به بڕى 400 ملیۆن دۆلار له هه‌ڵه‌بجه دانا

به مه‌به‌ستى له نزیكه‌وه ئاگاداربوون له ڕه‌وشى شارى هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق و دانانى به‌ردى بناغه‌ى چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 3ى ئازارى 2013 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پارێزگارى سلێمانى سه‌ردانى چه‌ند قه‌زا و ناحیه‌یه‌كى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ى كرد.
له یه‌كه‌م وێستگه‌ى به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌یدا، سەردانی قەزای سەیدسادقى كرد و لە لایەن قایمقام ونوێنەری دامودەزگا حیزبی وحكوومیەكانەوە پیشوازی لێ كرا و دواتر لەگەل بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و چین و توێژەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كۆ بووەوە و باس لە كێشە و گیروگرفتەكانی قەزاكە كرا. له دیداره‌كه‌دا سەرۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند كه هەرچی لە توانادا بێت حكوومه‌ت درێغی ناكات لە چارەسەركردنى كێشه‌كان و دابینكردنى پێداویستیه‌كانى ناوچه‌كه.
دواى ئه‌وه سەردانی هەڵەبجەی كرد و لە لایەن قایمقامی هەڵەبجه و ژمارەیەك پەرلەمانته‌ر و نوێنەری دامودەزگا حیزبی و حكوومیەكان و كۆمەڵەی قوربانیانەوە پیشوازى لێ كرا. دواتر سەردانی مەزاری 5000 شەهیدی كارەساتی كیمیابارانى كرد و دوای خوێندنەوەی سوورەتی فاتیحە؛ تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفاى لەسەر پەیكەری نزا دانا.
هه‌ر له هه‌ڵه‌بجه سه‌رۆك وه‌زیران لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیاباران كۆ بووەوە و لە دانیشتنێكدا باس لە مووچەی كەسوكاری شەهیدان و دروستكردنی 1000 خانوو بۆ وارسی شەهیدان و كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی و بەخشینی هەڵەبجە لە باجی دەرامەت و بەپارێزگابوونی شارەكە؛ كرا. سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند كە هەفتەی داهاتوو لە ئەنجومەنی وەزیران بە درێژی باس لە كێشە و گیروگرفتەكانیان ده‌كه‌ن و چارەسەری گونجاویان بۆ داده‌نرێت.
دواتر سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی كرد و سەرجەم بەشەكانی بەسەر كردەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە حكوومیەكان و كەسایەتیەكانى ناوچه‌كه كۆ بووە. ئینجا لەگەل چین وتوێژەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و كەسایەتیەكانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانیش دانیشتێنكى ساز كرد.
پاشان سه‌رۆك وه‌زیران لە ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكانی تایبەت بە شاری هەڵەبجە و هەرسێ ناحیەی سیروان وخورماڵ و بیارەدا وتەیەكی پێشكەش كرد. له سه‌ره‌تاى وته‌كه‌یدا خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى به‌وه‌ى كه له ده‌ورى نزیكه‌ی 183 ملیار دینار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و ستراتیژی بۆ هه‌رسێ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق و پێنجوێن ڕاده‌گه‌یه‌نن كه له‌سه‌ر بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ناوچه‌كه دابین كراوه، ئه‌مه وێڕاى پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاو كه خزمه‌تێكى زۆرى ناووچه‌كه ده‌كات.
سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه له سه‌ره‌تای پێكهێنانی حكوومه‌تدا بڕیار دراوه بۆ بایه‌خدان به هه‌ڵه‌بجه و ئه‌و ده‌ڤه‌ره به شێوه‌یه‌كى گشتی، دوای ئه‌وه‌ش یه‌كسه‌ر
لیژنه‌یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت كه‌وتووه‌ته لێكۆڵینه‌وه له پێویستییه‌كانی ناوچه‌كه، ئه‌نجامه‌كه‌یشی ئه‌مڕۆ ده‌یان پڕۆژه‌یه كه هه‌موویان پێكه‌وه ناوچه‌كه ده‌گه‌یه‌ننه پێشكه‌وتنێكی زیاتر له ڕووی ژێرخان و خزمه‌تگوزاریی ڕۆژانه‌وه.
نێچیرڤان بارزانى ده‌رباره‌ى پرۆژه‌كان گوتى: "ئێمه ئه‌مڕۆ بایی 154 ملیار دینار پڕۆژه ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه و ناحیه‌كانی ته‌وێڵه و بیاره و سیروان و خورماڵ كه پڕۆژه‌كانی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه بریتین له 50 پڕۆژه، پڕۆژه‌كانی بیاره و ته‌وێڵه بریتین له 14 پڕۆژه، پڕۆژه‌كانی ناحیه‌ی خورماڵ بریتین له 15 پڕۆژه، پڕۆژه‌كانی ناحیه‌ی سیروانیش بریتین له 8 پڕۆژه. هه‌روه‌ها ئه‌و پڕۆژانه‌ی له لایه‌ن لیژنه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ته‌وه بۆ قه‌زای پێنجوێن دیاری كراون بریتین له 4 پڕۆژه‌ی گرنگ كه بایی 11 ملیار دینارن، هه‌روه‌ها بایی 2 ملیار و 750 ملیۆن دیناریش پڕۆژه له لایه‌ن پارێزگای سلێمانییه‌وه بۆ ئه‌و قه‌زایه پێشنیاز كراون. هه‌ر ئه‌مڕۆ و لێره‌دا بۆ قه‌زای سه‌ید سادقیش 8 پڕۆژه ڕاده‌گه‌یه‌نین كه بایی 12 ملیار دینارن، جگه له 4 پڕۆژه‌ی تریش كه له لایه‌ن پارێزگای سلێمانییه‌وه پێشنیاز كراون و بایی 2 ملیار و 800 ملیۆن دینارن. ئه‌و پڕۆژانه بواری ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، كشتوكاڵ، گه‌شتیاری و خزمه‌تگوزارییه‌كان له ناوچه‌كه به‌ره‌و پێشتر ده‌بات".
سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونیشى كرده‌وه كه "له ناو ئه‌و پڕۆژانه‌دا 1000 (خانووی خۆكرد) بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ته‌رخان كراوه كه حكوومه‌ت زه‌وی و بڕی 27 ملیۆن دینار ته‌رخان ده‌كات بۆ هه‌ر خانوویه‌ك، هه‌روه‌ها هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانی تریش بۆ ئه‌و خانووانه دابین ده‌كات له شه‌قام و ئاو و كاره‌با".
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه "بۆ بریندارانی چه‌كی كیمیاویش هه‌موو چاره‌سه‌رێك له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان دابین ده‌كات. هه‌ر له‌و بواره‌دا ئێستا كار له‌سه‌ر دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌كرێ كه تیمی تایبه‌تی پزیشكی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه‌وه بێنین بۆ ئه‌و بریندارانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕایده‌گه‌یه‌نین كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی بریندارانی چه‌كی كیمیاوی له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر كردوومانه و له‌مه‌ودواش زیاتر په‌ره به‌م پرۆسه‌یه ده‌ده‌ین".
سه‌رۆك وه‌زیران جگه له‌و پڕۆژانه؛ ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند كه یه‌كێك له پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی دیكه‌ى كه ئه‌مڕۆ بۆ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه و سه‌ید سادق ڕایده‌گه‌یه‌نن، پڕۆژه‌ی ئاوه كه گرێبه‌ستی دروستكردنى له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (سۆنگ یۆنگ)ی كۆری ئیمزا كراوه و بڕی 193 ملیۆن دۆلاری تێ ده‌چێت. ئه‌و پڕۆژه‌یه ئاوی پاك بۆ ماوه‌ی 25 ساڵی داهاتوو بۆ گه‌ڕه‌كه كۆن و تازه‌كانی ناحیه‌ی سیروان و هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق دابین ده‌كات، ماوه‌ی پڕۆژه‌كه‌ش 24 مانگه. خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش دوای ئه‌و پڕۆژه‌یه 24 كاتژمێر به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئاوی پاكیان له ماڵه‌كانیاندا ده‌بێت. هه‌روه‌ها گوتى: "ئاگاداری داواكاریی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ین بۆ تاپۆكردنی زه‌وی و خانووه‌كانیان. ئێمه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لیژنه‌یه‌كمان پێك هێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی یاسایی ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
له به‌شێكى دیكه‌ى وته‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانى داواشى له حكوومه‌تی فیدرالی عێراق كرد كه بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كان جێبه‌جێ بكات سه‌باره‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی تایبه‌تی كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال. چونكه وه‌ك گوتى: ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كه مافێكی یاسایی ئه‌م خه‌ڵكه‌یه به پێی بڕیاری دادگا، له هه‌مان كاتدا یه‌كێك بووه له‌و خاڵانه‌ی كه له نێوان هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عێراق و ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له ساڵی 2010دا وه‌ك یه‌كێك له 18 خاڵه‌كه‌ی لایه‌نی كوردی له لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه ئیمزای له‌سه‌ر كراوه.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له كابینه‌ی حه‌وته‌م ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بدات به پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان و حكوومه‌ت بۆ هه‌ڵه‌بجه و قه‌زاكانی دیكه‌ش هه‌مان بۆچوونى هه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بدرێته قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانی، چونكه ئه‌وه ڕێگه‌یه‌كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین له‌به‌رده‌م كاری هاووڵاتیان و ڕێگه‌یه‌كی گونجاویشه بۆ چالاكتربوونی حكوومه‌ت.
سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ناساندنی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه به جینۆساید له هه‌موو جیهاندا، ئه‌وه‌ش به هاوكاری له‌گه‌ڵ دۆستانی بیانی و ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه كوردی و بیانییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردی له وڵاتانی جیهان. هه‌روه‌ها گوتى: "ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مانه‌كانی جیهان دان به كۆمه‌ڵكوژیه‌كانی كورددا بنێن وه‌ك جینۆساید، له‌و بواره‌شدا ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ی له كه‌نه‌دا، سوید، به‌ریتانیا و هۆڵه‌ندا كراون؛ له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و دادگاكانیان زۆر به ڕێزه‌وه ده‌نرخێنین" .
له‌م سه‌ردانه‌یدا نێچیرڤان بارزانى به یاوه‌ریى وه‌زیرانى حكوومه‌ت و پارێزگارى سلێمانى و سه‌رۆكى یه‌كه كارگێڕییه‌كان بۆ شارى هه‌ڵه‌بجه؛ به‌ردى بناغه‌ى زیاتر له 80 پڕۆژه‌ى جۆراوجۆرى به بڕى نزیكه‌ى 400 ملیۆن دۆلار دانا كه په‌یوه‌ست بوون به بواره جۆراوجۆره‌كانى ژیان وه‌ك په‌روه‌رده و ته‌ندروستى و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌با و ڕێگاوبان و چه‌ندین بوارى دیكه.
هه‌ر له شارى هه‌ڵه‌بجه به‌رپرسانى كارگێڕیى ئه‌و ناوچه‌یه ستایشى هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمیان كرد و هیوایان خواست حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت له ئه‌نجامدانى پڕۆژه خزمه‌تگوزاریه‌كان و باشتركردنى گوزه‌رانى دانیشتوانى ئه‌م ده‌ڤه‌ره.
دەقی ووتاری سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی لە شاری هەڵەبجە
به ناوی خوای گه‌وره،
به‌ڕێزان، ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور و هه‌ورامان، ڕۆژتان باش.
پێشه‌كى ده‌مه‌وێ داواى لێبوردن بكه‌م له‌وه‌ى كه ماوه‌یه‌كى زۆره ئێوه چاوه‌ڕێ بوون، به‌ڵام ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ترمان هه‌بوو؛ دوا كه‌وتووین، هیوادارم بمانبوورن.
شه‌هیدان و كه‌سوكاری شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه؛ سڵاوی خواتان لێ بێت.
زۆر دڵخۆشم كه ئه‌مڕۆ به كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌وه دێین بۆ هه‌ڵه‌بجه، ئه‌مڕۆ له ده‌ورى نزیكه‌ی 183 ملیار دینار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و ستراتیژی بۆ هه‌رسێ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق و پێنجوێن ڕاده‌گه‌یه‌نین كه له‌سه‌ر بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره خۆڕاگر و شۆڕشگێڕه دابین كراوه. هه‌روه‌ها پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاویش ده‌ست پێ ده‌كه‌ین بۆ ناوچه‌كه.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
ئێمه له سه‌ره‌تای پێكهێنانی حكوومه‌تدا بڕیاری خۆمان ئاشكرا كرد بۆ بایه‌خدان به هه‌ڵه‌بجه و ئه‌و ده‌ڤه‌ره به شێوه‌یه‌كى گشتی، دوای ئه‌وه‌ش یه‌كسه‌ر لیژنه‌یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت كه‌وته لێكۆڵینه‌وه له پێویستییه‌كانی ناوچه‌كه، ئه‌نجامه‌كه‌یشی ئه‌مڕۆ ده‌یان پڕۆژه‌یه كه هه‌موویان پێكه‌وه ناوچه‌كه ده‌گه‌یه‌ننه پێشكه‌وتنێكی زیاتر له ڕووی ژێرخان و خزمه‌تگوزاریی ڕۆژانه‌وه. لێره‌شه‌وه زۆر سوپاسی ماندووبوون و دڵسۆزیی لیژنه‌كه ده‌كه‌م، زۆر سوپاسى وه‌زاره‌ته په‌یوه‌نداره‌كان ده‌كه‌م و زۆر سوپاسى جه‌نابى پارێزگارى سلێمانى ده‌كه‌م كه زۆر هه‌وڵى دا و جه‌نابى قایمقامیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه.
له كابینه‌كانی ڕابردوودا زۆر پڕۆژه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه جێبه‌جێ كراون. له ناو ئه‌و كاولكارییه‌ی ڕژێمی به‌عس دروستی كردبوو، به سایه‌ی سه‌دان پڕۆژه‌ی حكوومه‌ت و هیممه‌تی خه‌ڵك؛ ژیان له‌و ناوچه‌یه جارێكى تر گه‌شایه‌وه. ئێستاش كابینه دوای كابینه، ساڵ دوای ساڵ، پڕۆژه‌كان بۆ ئه‌و ناوچه‌یه زیاتر ده‌بن. ئه‌وه نیشانه‌ی خاوه‌ن به‌ڵێنیی حكوومه‌ته بۆ ئه‌و ناوچه‌یه. ئه‌وه نیشانه‌ی ڕێزگرتنی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه له قوربانیدانی ئه‌و ناوچه‌یه.
ئێمه ئه‌مڕۆ بایی 154 ملیار دینار پڕۆژه ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه و ناحیه‌كانی ته‌وێڵه و بیاره و سیروان و خورماڵ كه پڕۆژه‌كانی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه بریتین له 50 پڕۆژه، پڕۆژه‌كانی بیاره و ته‌وێڵه بریتین له 14 پڕۆژه، پڕۆژه‌كانی ناحیه‌ی خورماڵ بریتین له 15 پڕۆژه، پڕۆژه‌كانی ناحیه‌ی سیروانیش بریتین له 8 پڕۆژه.
هه‌روه‌ها ئه‌و پڕۆژانه‌ی له لایه‌ن لیژنه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ته‌وه بۆ قه‌زای پێنجوێن دیاری كراون بریتین له 4 پڕۆژه‌ی گرنگ كه بایی 11 ملیار دینارن، هه‌روه‌ها بایی 2 ملیار و 750 ملیۆن دیناریش پڕۆژه له لایه‌ن پارێزگای سلێمانییه‌وه بۆ ئه‌و قه‌زایه پێشنیاز كراون.
هه‌ر ئه‌مڕۆ و لێره‌دا بۆ قه‌زای سه‌ید سادقیش 8 پڕۆژه ڕاده‌گه‌یه‌نین كه بایی 12 ملیار دینارن، جگه له 4 پڕۆژه‌ی تریش كه له لایه‌ن پارێزگای سلێمانییه‌وه پێشنیاز كراون و بایی 2 ملیار و 800 ملیۆن دینارن. ئه‌و پڕۆژانه بواری ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، كشتوكاڵ، گه‌شتیاری و خزمه‌تگوزارییه‌كان له ناوچه‌كه به‌ره‌و پێشتر ده‌بات.
كه‌سوكاری به‌ڕێزی شه‌هیدان و قوربانیان،
له ناو ئه‌و پڕۆژانه‌دا 1000 (خانووی خۆكرد) بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ته‌رخان كراوه كه حكوومه‌ت زه‌وی و بڕی 27 ملیۆن دینار ته‌رخان ده‌كات بۆ هه‌ر خانوویه‌ك، هه‌روه‌ها هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانی تریش بۆ ئه‌و خانووانه دابین ده‌كات له شه‌قام و ئاو و كاره‌با.
بۆ بریندارانی چه‌كی كیمیاویش هه‌موو چاره‌سه‌رێك له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان دابین ده‌كات. هه‌ر له‌و بواره‌دا ئێستا كار له‌سه‌ر دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌كرێ كه تیمی تایبه‌تی پزیشكی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه‌وه بێنین بۆ ئه‌و بریندارانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕایده‌گه‌یه‌نین كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی بریندارانی چه‌كی كیمیاوی له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر كردوومانه و له‌مه‌ودواش زیاتر په‌ره به‌م پرۆسه‌یه ده‌ده‌ین.
هه‌ر لێره‌شدا كه له ساڵیادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه نزیك ده‌بینه‌وه، داوا له حكوومه‌تی فیدرالی عێراق ده‌كه‌ین كه بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كان جێبه‌جێ بكات سه‌باره‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی تایبه‌تی كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال. چونكه ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كه مافێكی یاسایی ئه‌م خه‌ڵكه‌یه به پێی بڕیاری دادگا، له هه‌مان كاتدا یه‌كێك بووه له‌و خاڵانه‌ی كه له نێوان هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عێراق و ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له ساڵی 2010دا وه‌ك یه‌كێك له 18 خاڵه‌كه‌ی لایه‌نی كوردی ئیمزای له‌سه‌ر كراوه له لایه‌ن به‌ڕێز نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه. هیوادارم به زووترین كات ئه‌وه بكه‌وێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه بۆ دڵنیایى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوه‌كان و خانه‌واده‌ى شه‌هیدان.
به‌ڕێزان،
جگه له‌و پڕۆژانه؛ یه‌كێك له پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی دیكه‌ى كه ئه‌مڕۆ بۆ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه و سه‌ید سادق ڕایده‌گه‌یه‌نین، پڕۆژه‌ی ئاوه كه گرێبه‌ستی دروستكردنى له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (سۆنگ یۆنگ)ی كۆری ئیمزا كراوه، كه بڕی 193 ملیۆن دۆلاری تێ ده‌چێت. ئه‌و پڕۆژه‌یه ئاوی پاك بۆ ماوه‌ی 25 ساڵی داهاتوو بۆ گه‌ڕه‌كه كۆن و تازه‌كانی ناحیه‌ی سیروان و هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق دابین ده‌كات، ماوه‌ی پڕۆژه‌كه‌ش 24 مانگه. ئیتر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه دوای ئه‌و پڕۆژه‌یه 24 كاتژمێر به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئاوی پاكیان له ماڵه‌كانیاندا ده‌بێت. لێره‌دا جێى خۆیه‌تى سوپاسى ئاژانسى جایكاى ژاپۆنیش بكه‌م بۆ هاوكارى و یارمه‌تیمان له‌و ڕوویه‌وه.
ئه‌و پڕۆژه‌یه پێداویستییه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه پڕ ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها ئێمه ئاگاداری داواكاریی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ین بۆ تاپۆكردنی زه‌وی و خانووه‌كانیان. ئێمه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لیژنه‌یه‌كمان پێك هێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی یاسایی ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ناوچه‌ی شاره‌زوور،
كه ده‌ڵێین؛ شاره‌زوور خاوه‌ن تێكۆشان و مێژوویه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده، ئه‌وه هه‌روا پێداهه‌ڵگوتن نییه، به‌ڵكو ئه‌وه كورتكراوه‌ی مێژووی شاره‌زووره. شاره‌زوور؛ له سه‌رده‌مه كۆنه‌كان و دوای ده‌ركه‌وتنی ئیسلام؛ مه‌ڵبه‌ندی چه‌ندین بیرمه‌ندی گه‌وره بوو كه به‌رهه‌مه‌كانیان كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر ژیانی فیكری و چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی ناوچه‌كه داناوه، له‌وانه‌ش ئیبن سه‌لاحى شاره‌زووری، مه‌ولانا خالدى نه‌قشبه‌ندی، شێخ عوسمانى سیراجه‌دین. هه‌روه‌ها مه‌وله‌وی و نالی و گۆران و بێكه‌س و چه‌ند شاعیری دیكه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه، كه‌لتوور و ئه‌ده‌بی كوردی‌یان ڕه‌نگین و زه‌نگین كرد و بوونه قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی. گه‌وره‌یی و كاریگه‌ریی شاره‌زوور له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان به ڕاده‌یه‌ك بوو كه (شاره‌زوور) یه‌كێك بوو له ویلایه‌ته‌كانی سه‌رده‌می عوسمانی. ئێستاش ئێمه له‌وه ده‌كۆڵینه‌وه كه ڕێگه‌یه‌كی یاسایی بدۆزینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئیداره ناوچه‌ییه‌كان به ته‌واوی دابنێین و ته‌نانه‌ت له دواڕۆژدا ئه‌گه‌ر یاساكانی عێراق ڕێگه‌مان پێ بده‌ن هه‌ڵه‌بجه بكرێته پارێزگا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه له كابینه‌ی حه‌وته‌م په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ین؛ ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بده‌ین به پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان. زۆر جار له كۆبوونه‌وه به‌رده‌وامه‌كانماندا له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا؛ پێیان ده‌ڵێین: ئێوه سه‌رۆكی حكوومه‌تی پارێزگاكانی خۆتانن، ئه‌وانیش ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بده‌نه قه‌زا و ناحیه‌كان. بۆ هه‌ڵه‌بجه و قه‌زاكانی دیكه‌ش هه‌مان بۆچوونمان هه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بدرێته قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانی، چونكه پێمانوایه ئه‌وه ڕێگه‌یه‌كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین له‌به‌رده‌م كاری هاووڵاتیان و ڕێگه‌یه‌كی گونجاویشه بۆ چالاكتربوونی حكوومه‌ت.
خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری هه‌ڵه‌بجه،
قوربانیدانی هه‌ڵه‌بجه، زوڵملێكراویی هه‌ڵه‌بجه؛ بووه ناسنامه‌ی ئه‌و جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له كورد كرا. هه‌موو كورد هه‌ڵه‌بجه به ناسنامه‌ی چه‌وه‌ساوه‌یی خۆی نیشانی جیهان ده‌دات. له بیرمانه دوای كۆمه‌ڵكوژیی هه‌ڵه‌بجه؛ كوردانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌درانه به‌ر گولـلـه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌و كاته‌وه و تائێستا ڕۆژی 16/3 وه‌ك ڕۆژی ماته‌مینی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان یاد ده‌كرێته‌وه.
هه‌موو كورد دیمه‌نی عومه‌ری خاوه‌ری له پێش چاوه، كه چۆن نه‌وه‌كه‌ی ده‌پارێزێت، هه‌موومان مه‌یته‌كانی عه‌نه‌ب و عه‌بابه‌یلێ و مله‌قه‌ویمان له‌پێش چاون كه چۆن ده‌یانویست خۆیان ڕزگار بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌رباز نه‌بوون.
هاواری هه‌ڵه‌بجه گه‌یشته باره‌گای خودا، ئێستا ئه‌و پێنووسه‌ی حوكمی له‌سێداره‌دانی سه‌دامی پێدرا، په‌ته‌كه‌ی ملی عه‌لی كیمیاوی، تاكه نه‌عله‌كه‌ی ئه‌بو ته‌حسین كه وێنه‌ی سه‌دام و په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دامی ڕووخاوی ده‌كوتا، وه‌ك نیشانه‌یه‌كی عه‌داله‌تی ئیلاهی له مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌دان. ئیتر جارێكی تر ئاوی پاكى ئاوێسه‌ر ژه‌هراوی ناكرێته‌وه. جارێكی تر دانیشتوانى چلانه و مالێده‌ر له باخه‌كانیان جودا ناكرێنه‌وه.
كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه درێژكراوه‌ی مێژوویه‌كی درێژتری زوڵمكردن بوو له هه‌ڵه‌بجه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و ڕژێمه‌كانی عێراقه‌وه. هه‌ڵه‌بجه له ساڵی 1920دا له لایه‌ن به‌ریتانییه‌كانه‌وه بۆردومان كرا؛ به هۆی پشتگیریكردنی له شۆڕشی شێخ مه‌حموودی نه‌مر. له مانگی نیسانی 1974دا به هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندێكی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو به سه‌رۆكایه‌تیی بارزانیی نه‌مر، هه‌ڵه‌بجه له لایه‌ن ڕژێمی عێراقه‌وه بۆردومان كرا. هه‌روه‌ها كاتێك له مانگی ئایاری 1987دا وه‌ك پێشه‌نگی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری له‌گه‌ڵ ڕواندز و شه‌قلاوه، دژی سیاسه‌تی كاوڵكاریی ڕژێمی به‌عس ڕاپه‌ڕی، 50 كه‌س له هه‌ڵه‌بجه شه‌هید بوون و 100 كه‌سی دیكه‌شی بێسه‌روشوێن كران .
هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی له مێژوودا له ناوچه‌ی هه‌ورامان كراون، ئه‌و فیداكاری و تێكۆشانه‌ی له ناوچه‌ی هه‌ورامان كراوه، هیچ كات له مێژووی كورددا ون نابن. هه‌ورامان مه‌ڵبه‌ندێكی زانست و پاراستنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد بووه، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌میشه یه‌كێك بووه له ئامانجه‌كانی دوژمنانی كورد. لێره‌وه سڵاو بۆ هه‌موو ناوچه‌ی هه‌ورامان ده‌نێرین و پێیان ده‌ڵێین: ئێوه هه‌میشه له بیری ئێمه‌دان و هه‌میشه جێگه‌ی بایه‌خی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن، دڵنیاین جوانیی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، له دواڕۆژێكی نزیكدا هه‌ورامان ده‌كاته یه‌كێك له مه‌ڵبه‌نده گه‌شاوه‌كانی گه‌شتیاری له ناوچه‌كه‌دا.
به‌ڕێزان،
هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامن و به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ناساندنی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه به جینۆساید له هه‌موو جیهاندا، ئه‌وه‌ش به هاوكاری له‌گه‌ڵ دۆستانی بیانی و ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه كوردی و بیانییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردی له وڵاتانی جیهان. ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مانه‌كانی جیهان دان به كۆمه‌ڵكوژیه‌كانی كورددا بنێن وه‌ك جینۆساید، له‌و بواره‌شدا ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ی له كه‌نه‌دا، سوید، به‌ریتانیا و هۆڵه‌ندا كراون؛ له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و دادگاكانیان زۆر به ڕێزه‌وه ده‌نرخێنین .
ئێستاش هه‌وڵ ده‌ده‌ین ساڵ دوای ساڵ ڕه‌هه‌ندێكی جیهانی بده‌ین به یادكردنه‌وه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ك ته‌نیا خۆمان، به‌ڵكو جیهانیش ئه‌و ڕۆژانه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا یاد بكاته‌وه. هه‌وروه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه به زۆرترین خه‌ڵكی جیهان بناسێنین، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوومان به سه‌ربه‌ستی و ئارامی بژیت و جارێكى تر كۆمه‌ڵكوژی نه‌بینێته‌وه.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
ئه‌وه‌ی ئێمه ئێستا پێشكه‌شی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ده‌كه‌ین، به‌جێهێنانی ئه‌رك و بڕیارێكی خۆمانه به‌رامبه‌ر خوێنی شه‌هیدان و خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و خۆڕاگری ئه‌و ناوچه‌یه، بڕیارمان داوه له داهاتووشدا پڕۆژه‌ی زیاتر بۆ ئه‌م ناوچه‌یه به جێ بگه‌یه‌نین. هه‌روه‌ها ئێمه خه‌ڵكی قه‌زای شاره‌زوور (هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه) له بیر ناكه‌ین، ئه‌وانیش له پلانی گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌كاندان كه حكوومه‌ت دایناوه، دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك خۆڕاگری و پێداویستییه‌كانی ئه‌وان له بیر ناكه‌ین و له داهاتوودا به پڕۆژه‌ی گرنگ به‌سه‌ریان ده‌كه‌ینه‌وه.
ئیتر هه‌موو لایه‌كتان دوور بن له ناخۆشی و هه‌ر بژین بۆ كورد و بۆ كوردستان و به خێر بێن به‌سه‌ر چاو، زۆر سوپاس.





