بانكی نێودەوڵەتی پرۆژەی گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ بەمەبەستی زیاتر بەرەو پێشبردنی رەوشی گەشتوگوزاری بەهاوكاری دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بانكی نێودەوڵەتی بەنیازە چەند پرۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان جێ بەجێدەكات.
نارد رۆستی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بۆ kdp.info گوتی: چەند رۆژێك بەر لەئێستا شاندێكی بانكی نێودەوڵەتی سەردانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری كرد ئەمە لە كاتێكدا كە لەمانگی 12 ی ساڵی رابردووش شاندە سەردانی كردبووین كە ئامانجیان لەو سەردانانە هاوكاریكردنی دەستەی گشتی گەشتوگوزار و پەرەپێدانی زیاتر بە رەوشی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئەویش لەرێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەی گەشتیاریەوەیە كە لەو سەردانەی چەند رۆژێك بەر لە ئێستا رایانگەیاند كە رەزامەندیان لەمبارەیەوە وەرگرتووە.
گوتیشی: لەمیانەی دانیشتنی شاندەكەی بانكی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەرێوەبەرانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بڕیاردرا كە چەند پرۆژەیەك ئامادە بكرێت و بدرێتە بانكی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی یەكێك لە پرۆژەكان هەڵبژێرن و جێبەجێ بكەن بەڵام ئەوە قۆناغی یەكەمەو هەردوولا رێكەوتن لەسەر ئەوەی لەمەبەدواوە پرۆژەی تریش بدرێت بەو بانكە متمانە پێكراوە.
بڕوا بەرزنجی




