جەهەپە: زمانی كوردی نابێتە زمانی پەروەردە

توركیا- KDP.info/ رۆژی یەكشەممە سەرۆكی پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) كەمال قڵیجدار ئوغڵوو لە كۆبوونەوەی ئابووری توركیا كە لە لایەن كارسازانی ئەو وڵاتەوە رێكخرابوو بەشداری كرد و وتەیەكی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی توركیا پێشكەش كرد.
كەمال قڵیجدار ئوغڵوو باسی هەوڵدانەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد كرد و گوتی: ئێمە وەكو جەهەپە ئەگەر بزانین ئاكەپە سەمیمییە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد ئەوا پشتگیری لێوە دەكەین بەڵام پێمان وا نییە كە سەمیمی بێت.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی زمانی كوردی و مافی پەروەردە بە زمانی كوردی كرد و گوتی: بە هیچ شێوەیەك نابێت لە توركیا بێجگە لە زمانی توركی زمانێكی دیكە ببێتە زمانی پەروەردە، چوونكە ئەمە بە پێچەوانەی دەستووری بنەڕەتی توركیایە.
سەربارەت بە ئامادەكارییەكانی دەستووری نوێ توركیایش سەرۆكی پارتی جەهەپە گوتی: ئێمە پشتگیری لە ئامادە كردنی دەستووری نوێ دەكەین، بەڵام بە مەرجێك كە چوار مادە سەرەتاییەكانی دەستووری بنەڕەتی توركیا نەگۆڕدرێن، بەڵام ئەگەر هەر جۆرە گۆڕانكارییەك لەم مادانەدا بكرێت ئەوا ئێمە لە دژی رادەوەستین.




