بولەنت ئارنج: توركیا لەم قۆناخە پاشگەز نابێتەوە

توركیا- KDP.info/ رۆژی یەكشەممە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بولەنت ئارنج لە شاری بۆرسای توركیا بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی رێكخراوەكانی سەر بە ئاكەپەی كرد و وتارێكی پێشكەش كرد.
بولەنت ئارنج لەم وتارەی خۆیدا باسی ئاشكرا كردنی ناوەرۆكی چاوپێكەوتنەكانی نێوان ئوجەلان و پارلەمانتارەكانی بەدەپە كرد و گوتی: نازانم كێ و بە چ مەبەستێك ئەم ناوەرۆكانەی بۆ رای گشتی ئاشكرا كردووە و ئارمانجی چی بووە؟ بەڵام كێ چی دەكات با بكات توركیا بریاری خۆی یەكجارەكی داوە و دەیەوێ ئەم پرسە چارەسەر بكات و بە هیچ شێوەیەك توركیا لەم قۆناخە پاشگەز نابێتەوە و ئەو دەرفەتانەی كە ئێستا لە بەردەستی توركیادان بە هیچ شێوەیەك لە دەست نادرێن و توركیا بەو پەڕی هێزی خۆیەوە سوود لەم دەرفەتانە وەردەگرێت و پرسی كورد چارەسەر دەكات.
هەر سەبارەت بە چارەسەر كردنی پرسی كورد و مەسەلەی دەر كردنی لێبووردنی گشتیش سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە ئهنقهره وەڵامی پرسی رۆژنامەنووسێكی سەبارەت بە دەركردنی لێبووردنی گشتی دایەوە و گوتی: تا ئێستا بە هیچ شێوەیەك باس لە لێبووردنی گشتی نەكراوە و ئێمە وەكو پارتی دەسەڵاتداری توركیا بە هیچ شێوەیەك لێبووردنی گشتی دەرناكەین.
ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە بۆ ئەو كەسانە كە دەستیان لە خوێن رژاندن هەبووە بە هیچ شێوەیەك لێبووردن دەرناكرێت.




