عێراقییە: ئیمزاكانى لێسەندنەوەى متمانە رادەستی سەرۆكایەتیی هەرێم كراوە

ئەمڕۆ یەكشەممه وتهبێژی رەسمیی لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوى سەرۆكایەتیی دەكات راى گەیاند، ئیمزاكانى لیستەكەى بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق رادەستی سەرۆكایەتیی هەرێم كردووە، بەمەبەستی رەوانەكردنى بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.
دوێنێ لیستی عێراقییە رایگەیاند، ئیمزاكانى لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی 164 دەنگى تێپەڕٍاندووە كە رێژەی یاساییە.
هەریەك لە هاوپەیمانیی كوردستان 57 دەنگ، رەوتى سەدر 40 دەنگ، لیستی عێراقییە 79 دەنگ و كۆتاى كریستیانەكان 3 دەنگ لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی بێ لایەن ئیمزایان كۆ كردووەتەوە بۆ لەسەركارلادانى مالیكی.
مەیسوون دەمەلۆجی بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، هەموو ئیمزاكان رادەستی سەرۆكایەتیی هەرێم كران بۆ ئەوەى لاى خۆیانەوە رەوانەى جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراقی بكەن.
روونى كردەوە، تاڵەبانى ئیمزاكانى لێسەندنەوەى متمانە رەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى دەكا.




