موقته‌دا سه‌در: دوای مالكی، كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران له هاوپه‌یمانی نیشتیمانی ده‌بێت

موقته‌دا سه‌در، سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در ته‌ئكید ده‌كاته‌وه، لایه‌نه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له دوای كێشانه‌وه‌ی متمانه له مالكی، كاندیدی سه‌رۆكی حكومه‌ت له هاوپه‌یمانی نیشتیمانی ده‌بێت، به بێ ئه‌وه‌ی كوتله‌ی كاندیده‌كه‌ی نێو هاوپه‌یمانی نیشتیمانی دیاری بكات.
دوای كۆبوونه‌وه‌كانی هه‌ولێر و نه‌جه‌ف، چه‌ندین جار موقته‌دا سه‌در له وه‌ڵامی نامه‌ی شوێنكه‌وتووانی ره‌وته‌كه‌یدا ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه گه‌ر مالكی پابه‌ندی رێكکه‌وتنه‌كان نه‌بێت، ئه‌وا متمانه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه.
له تازه‌ترین لێدوانیشیداو له وه‌ڵامی شوێنكه‌وتوویه‌كی ره‌وته‌كه‌یدا به‌ناوی (ئه‌بو وه‌رده به‌سری) كه تیایدا پرسیار له سه‌ركرده‌ی ره‌وته‌كه‌یان ده‌كات، له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی متمانه له نوری مالكی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران له هاوپه‌یمانی نیشتیمانی ده‌بێت یان نا؟.
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا موقته‌دا سه‌در، سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در، ده‌ڵێت:"كاندیده‌كه له هاوپه‌یمانی نیشتیمانی ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری رێككه‌وتوون‌و هه‌مووشیان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن".
ئه‌م لێدوانه نوێیه‌ی سه‌در له دوای لێدوانێكی پێشووی دێت كه تیایدا رایگه‌یاندبوو: پاشگه‌ز نابمه‌وه له به‌ڵینی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالكی، به هاوبه‌شكانیشمم گوتووه: ئێوه (124) ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنن و من ده‌یكه‌م به (164) ده‌نگ.
هاوكات، محه‌ممه‌د خالدی، بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له لێدوانێكیدا بۆ خه‌ندان ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه، هه‌ڵمه‌تی ئیمزا كۆكردنه‌وه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له سه‌رۆكی حكومه‌ت له دوێنێوه ده‌ستی پێكردووه.
خالدی، گوتیشی:" ته‌نها كوتله‌كانی نێو لیستی عیراقییه تا ئێستا نزیكه‌ی (80) ئه‌ندام ئیمزایان له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالكی كۆكردووه‌ته‌وه".




