چاوەڕوان دەکرێت، نێچیرڤان بارزانی سبەی سەردانی ھەڵەبجە بکات

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجە ئاشکرایکرد، کە بڕیارە سبەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی ھەڵەبجە بکات و لەمیانەی سەردانەکەی بەردی بناغە بۆ چەند پڕۆژەیەک دادەنێت، لەوانە راکێشانی ئاوی سیروان بۆ ھەڵەبجە.
لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجە بە KDP.infoراگەیاند: بڕیارە سبەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ھەڵەبجە بکات و ئێمەش ھەوڵ دەدەین لە گەڵی کۆبینەوە و چەند داواکارییەکی تایبەت بە قوربانیانی پێشکەش دەکەین.
لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: گرنگترین ئەو داواکاریەی کە بڕیارە پێشکەشی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بکەین، بریتییە لە دروستکردنی خانوو بۆ کەسوکاری ئەو شەھیدانەی تاوەکو ئێستا خانوویان بۆ دروست نەکراوە.
ناوبراو رونیشیکردەوە: داواکارییەکی دیکە ھەیە کە داواکاری ھەموو خەڵکی ھەڵەبجەیە و ئاراستەی سەرۆکی حکوومەتی دەکەن، ئەویش بوونی ھەڵەبجەیە بە پارێزگا.




