پەرلەمانتارێکی کورد ڕەتیدەکاتەوە مادەی140وپێشمەرگەیان پشتگوێ خستبێت

بهغدا- تایبهت به KDP.info/ ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی دەڵێت: بودجەی پێشمەرگە و مادەی140 لەبودجەی ئەم ساڵدا ھاتووە، تەنھا پارەی کۆمپانیاکانی نەوت نەبێت، بۆیە زیاتر ئێستا کێشەکە لەسەر پارەی کۆمپانیاکانە، ئەگەرنا مادەی 140وپێشمەرگە پشتگوێ نەخراون لەلایەن لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی.
د.سەعید خۆشناو ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەkdp.infoراگەیاند: بودجەی پێشمەرگە لەپڕۆژە یاسایای بودجەی ئەمسالدا ھەیە وبەپێی رێکكەوتنێک لەنێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ونوری مالیکی خەرج دەکرێ، ھەروەھا بودجەی مادەی 140پار ساڵ بڕەکەی 172ملیار دینار بوو، بەڵام ئەم ساڵ 322ملیار دیناری بۆ دانراوە کە ڕێژەیەکی زۆری بۆزیاد کراوە، بۆیە ئەوەی تەنھا لەبودجە نییە پارەی کۆمانیاکانی نەوتە کە پار ساڵ لەبودجە ھەبوو، بەڵام ئەساڵ نییە ھەر بۆیەش کێشەکە زەق بۆتەوە.
د.سەعید خۆشناو گوتیشی: ھەندێک لایەن لەجیاتی پشتگیری لە لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بکەن بۆ بەدەستھێنانی پارەی کۆمپانیاکانی نەوت پشتگیری لەمالیکی دەکەن و دژایەتی ئەم بابەتەدەکەن، لەکاتێکدا ھەبوونی ئەم کۆمپانیایانە لە کوردستان ژێرخانی ئابوری کوردستان بەھێزدەکات و داھاتی نەوتەکەش پڕۆژەی بۆ کوردستان پێ ئەنجام دەدرێ، بەڵام بەداخەوە ئەولایەنانە بەشێوەیەکی دیکە بیردەکەنەوە.
خۆشناو ڕونیشیکردەوە، ئەولایەنانە نایانەوێ پارەی کۆمپانیاکان بدرێ و دەیانەوێ پارەکە بۆ حکوومەتەکەی مالیکی بێت و چەکی پێ بکرێت و دواتر لە دژی کورد بەکاری بێنیت.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئێمە لەناوخۆ ئەگەر کێشەشمان ھەبێت پێویستە لەدەرەوەی ھەرێم یەک ھەڵوێست بین و داکۆکی لەمافەکانی کورد بکەین.
بڵند ئیبراھیم




