نوێنه‌رێكی كورد: هه‌موو ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆ وه‌گرتنه‌وه‌ی متمانه له‌مالكی یه‌كده‌نگن

حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت: ته‌واوی ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالكی یه‌كده‌نگن و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش دوورن له راستی، گوایه چه‌ند نوێنه‌رێكی سه‌ر به یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌نگ به وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌كه ناده‌ن.
ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان حه‌سه‌ن جیهاد له لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی په‌یامنێر ئه‌و ده‌نگۆ و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكرده‌وه و به ناڕاستی له‌قه‌ڵه‌مدان، گوایه به‌شێك له نوێنه‌رانی سه‌ر به یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ده‌نگ به وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیران ناده‌ن.
گووتیشی: یه‌كێتی و پارتی یه‌كڕیزی ماڵی كوردیان مه‌به‌سته‌و له هه‌موو پرسه گرنگه‌كانیشدا یه‌كهه‌ڵوێستن.
سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له سه‌رۆك وه‌زیران، جیهاد روونیكرده‌وه‌كه تاوه‌كوو ئێستا ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و هه‌نگاوه ده‌كرێت و هه‌موو ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته یه‌كده‌نگن.
حه‌سه‌ن جیهان ده‌ڵێت: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له رۆژانی داهاتوودا، به‌پێی به‌رنامه‌ی دیاركراو له‌گه‌ڵ كۆكراوه‌ی ده‌نگی پێویست بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالكی نووسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بكرێت و دواتریش سه‌رۆك تاڵه‌بانی به فه‌رمی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران راده‌سپێرێ تاوه‌كوو له دانێشتنێكی تایبه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا ده‌نگی له‌سه‌ربدرێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا، ره‌نگه له ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوودا هه‌نگاوه‌كان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له نوری مالكی به كۆتا بگات.




