سەلاحەدین دەمیرتاش:ئێمە بۆسەمان ئاكەپە دانەناوە

دیاربەرکر- KDP.info/ دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنەكانی نێوان ئٶجەلان و پارلەمانتارەكانی بەدەپە و رەنگدانەوەكانی لە نێو گۆڕەپانی سیاسی توركیادا، پارتە سیاسییەكانی توركیا دەستیان بە هێرشكردنە سەر یەكتر و تاوانباركردنی یەكتر كرد.
لەم بارەیەوە پارتی نەتەوەپەرەستی توركیا (مەهەپە) ئاماژەی بەوە كرد كە ئەردۆغان لەگەڵ بەدەپەدا رێککەوتوونو دەیەوێت توركیا پارچە بكات، بۆیە پێویستە داواكاری گشتی توركیا لەمبارەیەوە بێدەنگ نەمێنێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) ئاماژەی بەوە كرد كە بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنەكان كاری چەند كەسێكی نێو ئاكەپەیە و دەیانەوێت بەمجۆرە رای گشتی توركیا غافڵگیر بكەن تا بتوانن پلانەكانی خۆیانیان بەبێ ئاگاداری ئۆپۆزسیون جێبەجێ بكەن.
بەڵام ئاكەپەیش بەدەپە تاوانبار دەكات و دەڵێت: بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی ئەم چاوپێكەوتنە كاری بەدەپەیە و بەدەپە نایەوێت ئەم قۆناغە بە سەركەوتووی تێپەڕببێت. لە بەرامبەری لێدوانەكانی ئاكەپیشدا هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوەكرد كە بەدەپە زیاتر لە ئاكەپە دەیەوێت ئەم قۆناغە سەركەوتوو بێت و هەر بۆیە بەدەپە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە لەم قۆناغەی ئێستادا لە بۆسەیەكی لەمجۆرەبێت بۆ ئاكەپە.




