عەبدوڵڵا گول:دۆستەكانمان بە هۆی پەیوەندییەكانمانەوە لەگەڵ كورد لێمان توڕەن

تورکیا -KDP.info/ سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵڵا گول لە دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ كەناڵی سی ئین ئین توركی باسی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و عێراق و توركیا كوردستانی كرد و گوتی:ئێستا ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان ئانكەرا و بەغداتۆزێك نزمە، بەڵام پێدەچێت لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بكرێن.
سەبارەت بە كێشەكانی نێو عێراقیش عەبدوڵلا گول لەم بەرنامەیەدا ئاماژەی بەوەكرد كە وڵاتێك ئەگەر دەستوری هەبێت، دەبێت بە پێی دەستور كێشەكانی خۆی چارەسەر بكات و ئێمە وەكو توركیا پشتگیری لە یەك پارچەیی عێراق دەكەین و دەستیش لە كاروباری عێراق وەرنادەین.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و كوردستانیش سەرۆك كۆماری توركیا گوتی: كاتێككە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و باكوری عێراق لاواز و نەباش بوون، دۆستەكانمان رەخنەیان لێدەگرتین و دەیانگوت: بۆ پەیوەندییەكانتان لەگەڵ كورد لاوازە؟ بەڵام ئێستا كە بە هۆی گۆڕانكارییەكانەوە ئەو پەیوەندییانە باش و بەهێزبوونە، هەر ئەو دۆستانە لێمان توڕەن و دەڵێن: بۆ ئەوەندە پەیوەندیتان لەگەڵ كورددا باشە؟
سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆتایی لێدوانەكەی خۆیدا ئاماژەی بەوەكرد كە توركیا وڵاتێكی سەربەخۆیە و بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی سیاسەتی دەرەكی خۆی بەرێوەدەبات و بۆ خۆی باش دەزانێت كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دراوسێكانیدا دەبێت چۆن و لە سەر چ بنەما و ئاراستەیەكدا بن.




