كۆچی دوایی سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد (مسته‌فا بارزانی) خه‌ساره‌تێكی گه‌وره بوو بۆ دۆزی ره‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌مان

مسته‌فا بارزانی نه‌مر له (14ی ئازاری1903)ی زایینی له گوندی (بارزان) له‌دایكبووه له نێوان ساڵانی (1903 تا 1979) یه‌كێك بوو له دیارترین سه‌ركرده و قاره‌مانه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد.
ئه‌و پێناسه‌یه‌ش له (76) ساڵی ته‌مه‌نییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت. به‌وه‌ی له نێوان ساڵانی (1932 تا 1933) سه‌ركرده‌ی شۆڕشی بارزانی یه‌كه‌می كرد. له نێوان ساڵانی (1943 تا 1945)یش سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی دووه‌می بارزانی كرد.
دواتر بۆ ماوه‌ی (11) مانگ به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ری له كۆماری دیموكراتی كوردستاندا كرد و پله‌ی جه‌نه‌ڕاڵی پێدرا و كرایه سه‌رۆكی ته‌واوی هێزه‌كانی بارزانی له‌و كۆماره‌دا، كه گه‌وره‌ترین هێزی چه‌كداری كۆمار بوو.
دوای شكستهێنانی كۆمار له (17ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1946)دا، سه‌ركردایه‌تی (500) بارزانی بۆ وڵاتی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كرد. له (18ی حوزه‌یرانی ساڵی 1947)دا‌و تاكاتی په‌ڕینه‌وه له ڕووباری ئاراس به خۆی و هاوڕێكانیه‌وه (5) جار زۆر به سه‌ختی سوپای ئێرانی تێك‌شكاند. به‌وه‌ش له‌لایه‌ك سه‌لماندی، كه ئه‌و به خۆی و هێزه‌كه‌یه‌وه زۆر له سووپای ده‌وڵه‌تی شاهه‌نشاهی ئه‌وكاته به‌هێزترن.
دوای شكستی كۆماریش بۆ ماوه‌ی (14) ساڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی هاوچه‌رخی كوردی كرد، كه یه‌ك سه‌ركرده و یه‌ك پارتی سیاسی و یه‌ك باوه‌ڕی سیاسی كۆی بكاته‌وه و به‌ڕێوه‌ی ببات. به‌مه‌ش ئه‌و سه‌ركرده‌یه بۆ ماوه‌ی (21) ساڵ و له چوار قۆناغی ژیان و خه‌باتی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی باشووری كوردستان هاوكاری كۆماری كوردستانی كرد.
له یازده‌ی ئاداری 1970 حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقی ناچاركرد دان به‌مافه ره‌واكانی گه‌لی كوردستاندا بنێت.
له (16ی حوزیرانی ساڵی 1972)دا له لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌زگای موخابه‌راتی عێراق (نازم گوزار) چه‌ند بۆمبێكی چێندراو له‌ڕێی چه‌ند مامۆستایه‌كی ئایینییه‌وه به ڕووكارێكی ئاشتی نێردرایه باره‌گای بارزانی له (حاجی ئۆمه‌ران)، تا (مسته‌فا بارزانی) پێ تیرۆر بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆمبه‌كان ته‌قینه‌وه و هه‌موو مامۆستا ئایینییه نێردراوه‌كانیش كوژران، خۆشبه‌ختانه بارزانی ڕزگاری بوو. ئه‌مه‌و كاتێكیش هه‌مان نه‌خشه و هه‌مان ڕووداو له (29ی ئه‌یلولی1972ز)دا دووباره كرایه‌وه و ئه‌مجاره‌شیان هه‌ر ڕزگاری بوو، به‌ڵام بۆ هیچ یه‌ك له‌و ڕووداوانه كاردانه‌وه‌ی نه‌نواند و وه‌ڵامی ڕژێمی به‌عسی نه‌دایه‌وه.
له (1ی ئازاری1979)دا له نه‌خۆشخانه‌ی (جۆرج واشنتۆن) له شاری (واشنتۆن)ی پایته‌ختی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و له تاراوگه و دوای ململانێیه‌كی سه‌خت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌دا كۆچی دوایی كرد.
له رۆژی 4 ی ئاداریشدا ته‌رمی پیرۆزی بارزانی نه‌مر گه‌یشته‌وه تارانی پایته‌ختی ئێران و، دواتر به هێلیكۆپته‌ر گه‌یه‌ندرایه شاری شنۆی كوردستانی رۆژهه‌ڵات و به‌ئاماده‌بوونی سه‌دان هه‌زار كه‌س له په‌نابه‌رانی كوردستانی عێراق و هاوڵاتییانی كوردستانی ئێران و كورده‌كانی توركیا و سوریا پێشوازی له ته‌رمی پیرۆزی بارزانی كرا.
به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان كورده‌كانی سوریا‌و توركیا له‌و رۆژه‌دا له سنوره‌كان په‌ڕیونه‌ته‌وه، تا له ماڵئاوایی كردنی بارزانی نه‌مردا به‌شداربن، رۆژی پێنجی ئادار ته‌رمی بارزانی نه‌مر له گۆڕستانی شنۆ له سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له پاڵ گۆڕی شێخ بابۆدا به‌خاكی كوردستان سپێردراوه، گه‌لی كورد سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌زن، كه رابه‌رایه‌تی بزافی رزگاری خوازی هاوچه‌رخی كوردستانی، بۆ ماوه‌ی نیوسه‌ده كرد، له پێناوی ده‌سته‌به‌ر كردنی ژیانێكی ئازاد‌و پڕسه‌رفرازی بۆ گه‌لی كوردستان له‌ده‌ستدا.
له دوای راپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان، له 6 ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1993 دا ته‌رمی بارزانی نه‌مرو شه‌هید ئیدریسی هه‌میشه زیندوو له گۆڕستانی شنۆوه به رێوره‌سمێكی شكۆدار هێنرانه‌وه‌و به خاكی بارزان، زێدی خۆیان سپێردران.
بارزانی نه‌مر هێمای گه‌لێكی به‌ش خووراوو زۆرلێكراوو بوو كه جیهان له رێگه‌ی ناوی ئه‌وه‌وه كوردی ناسی، له دوای خۆشی رێبازێكی جێهێشتووه كه ئه‌مڕۆ گه‌لی كوردستان توانیوێتی له‌به‌ر رۆشناییه‌كه‌یدا له ناوگێژاوی ئاڵۆزییه‌كانی جیهاندا سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگ و هێوه‌ر بگرێته‌به‌رو له ناو هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌و باری سیاسی پشێوی عێراقدا، پێگه‌ی خۆی بپارێزێت.
KTV




