هندرێن محمد: باشترە كۆمسیۆنێكی تایبەت لەهەرێمی كوردستان دابمەزرێت بۆ بەڕێوەبەردنی هەڵبژاردنەكان

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ سەرقاڵی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە هەڵبژاردنەكانە جیاجیاكانی عێراق زۆرجار دەبێتە هۆی دواكەوتنی وادەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان نمونەش بۆ ئەمە ئێستا بەهۆی سەرقاڵی ئەو كۆمسیۆنە بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ناتوانێت تاوەكو دوای هەڵبژاردنەكە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بكات و سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنیش دەڵێت باشترە كۆمسیۆنێكی تایبەت لەهەرێمی كوردستان دابمەزرێت بۆ باشتر راپەراندنی كاروبارەكانی هەڵبژاردن.
هندرێن محمد ساڵح بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: هەرچەندە ئەو كۆمسیۆنەی ئێستا لە عێراق هەیە لە توانایدا سەرجەم هەڵبژاردنەكان بەڕێوە ببات، بەڵام بەهۆی جیاوازی وادەی هەڵبژاردنەكان لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان زۆرجار وادەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دوا دەكەوێت هەروەك ئێستا بەهۆی سەرقاڵی كۆمسیۆن بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەپێویستی دەزانێت دوای بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە ناكرێت لەیەك كاتدا دوو هەڵبژاردنی جیا بەڕێوە ببرێت.
گوتیشی: بە باشی دەزانم كە هەرچی زووە كۆمسیۆنێكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان دابمەزرێندرێت بۆ ئەوەی كاروبارەكانی هەڵبژاردن باشتر و وردتر بەڕێوە ببرێت و هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیان بەڕێوە بچن.
بڕوا بەرزنجی




