ئێران خستنەخوارەوەی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی راگەیاند

ئێران- تایبەت بە KDP.info/ ئێران خستنەخوارەوەی فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوانی لە ئاسمانی وڵاتەكەی راگەیاند. گوتەبێژ بەناوی هێزەكانی پاسدارانی ئێران رایگەیاند: یەكەیەكی سەربازییان لە كاتی مەشق و راهێناندا فرۆكەیەكی سیخوری بێ فرۆكەوانیان لە باشووری وڵات چاودێری كردووە و پاشانیش تەقەیان لێكردووە و دەست بەجێ خستویانەتە خوارەوە، ئەدمیرال عەلی فەدەویی هەروەها راشیگەیاند: چەند رۆژێك بوو ئەو فرۆكەیە چاودێری ناوچەی كەنداو و چالاكییەكانی هێزەكانی دەریاوانی ئێرانی كردووە، لەبارەی جۆر و ناونیشانی فرۆكەكەش، فەدەویی هیچ زانیارییەكی بڵاونەكردەوە، پێشتریش لەساڵی 2011 وەزارەتی بەرگری ئێران وێنەی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی لە جۆری سكاین ئیگل ی ئەمەریكی بڵاوكردەوە و راشیگەیاند كە ئەو فرۆكەیە دوای بە زاندنی سنووری ئاسمانی ئێران لەلایەن هیزەكانی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە.




