سکای نویز" بارزانی خۆرێک لە رۆژهەڵاتێکی تاریک

سەبارەت بە سەردانە رەسمییەکەی سەرۆکی کوردستان بەرێز مەسعوود بارزانی بۆ رووسیا میدیاکانی جیهان چەندین بابەت و شرۆڤە جوراوجۆریان بڵاو کردووەتەوە و لەم بارەیەوە کاناڵی سکای نویز ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکی کوردستان مسعوود بارزانی سیاسەتێکی حەکیمانە و ماقووڵانە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان پەیڕەو دەکات.
هەر لەم بارەیەوە رۆژنامەی تەرەفی تورکیش ئاماژەی بە گرنگی ئەم سەردانە کردووە و نووسیویەتی" بەم سەردانە گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و رووسیا چوونە نێو قۆناخێکی یەکجار گرنگەوە و پێگەی کوردستان لە ناوچەکە بەهێزتر بوو.
رۆژنامەی مانیفستوی ئیتالیشی ئاماژەی بەم سەردانەی سەرۆک بارزانی کردووە و نووسیویەتی" کورد ئێتر دەیەوێ لە نێو سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ببێتە خاوەن قسە و بریار و لە ژێر سیاسەتی باشی ئابووری و بەرێوەبردنێکی رێکوپێکدا ئابووری کوردستان لە ناوچەکەدا بووەتە جێگای سەرنجی هەر کەس ولایەنێک و کوردیش وەکو رابردوو تەنیا تەماشەگەر نییە بەڵکۆ جێبەجێکارە.
رۆژنامەی واشینگتون پوستیش سەبارەت بەم سەردانە ئاماژەی بەوە کردووە کە بارزانی بووەتە سیاسەتمەدارێکی یەکجار گرنگ و بەهێز لە نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتدا.
رۆژنامە و میدیاکانی ئوپوزسیونی یوونانیش باسی گرنگی ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانییان کردووە و باری ئابووری یوونان و کوردستانیان شرۆڤە کردووە و نووسیویانە" کوردستان کە 10 ساڵە دەسەڵاتی خۆی بە دەست گرتووە بە هۆی سیاسەتی رێکوپێکی ئابوورییەوە بووەتە جێ سەرەنجی جیهان بەڵام یوونان رۆژ لە دوای رۆژ لە رووی ئابوورییەوە لاواز و تووشی قەیران دەبێت.




