جێگری سەرۆكی پەرلەمان، پێشوازیی كرد لەشاندێكی رێكخراوی كوردۆ ساید

هەولێر- KDP.info/ ئەمرۆ یەك شەممە 24/2/2013، دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، پێشوازیی كرد لەشاندێكی رێكخراوی كوردۆ ساید و ژمارەیەك لەبەشداربوانی دووەمین كۆنفرانسی كورد و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كە لەهەولێری پایتەخت كارەكانی بەرێوەچوو.
لەدیدارێكدا كە هاژە سلێمان و نەژارد عزیز سورمێ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئامادەیبوون.
ئەندامانی شاندەكە خۆشحاڵی خۆیان بەو دیدارە نیشاندا و پوختەیەكیان لەبارەی كۆنفرانسەكەیان خستە روو داوایان كرد كە پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی راسپاردەكانی كۆنفرانس بكات و هەوڵیش بدرێ فشار بخرێتە سەر عێراق بۆئەوەی ببێتەوە ئەندام لە دادگای لاهای بۆ تاوانە نێودەوڵەتیەكان،
لەلایەن خۆشیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێرای بەخێرهێنان پشتیوانی خۆی بۆ ئەو راسپاردانە نیشان دا و بوونی عێراقی لە دادگای لاهای تاوانی نێودەوڵەتی بە زۆر گرنگ زانی، چونكە عێراق وڵاتێكە پێكهاتەكەی ئاڵۆزەو لە هەر كات ئەگەری شەری نەتەوەو تائیفی لەئارادایەو ئەزموونی هاوشێوەش هەبووە، بۆیە هیچ هۆكاری یاسایی و رێگرییەك نییە بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە ئەندام لە دادگای لاهای تاوانی نێودەوڵەتی كە ئەمەش رێگر دەبێت لەبەردەم ئەنجامدانی كاری هاوشێوەی جینۆساید لەعێراق بەگشتی. هەروەها ئەوەی خستە روو كە پێویستە كاری جیدی بكەین و هەوڵ بدرێ جینۆسایدی كورد بە نێودەوڵەتی بناسرێ، چونكە لەو رێگەیەوە پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ هەموو عێراق دروست دەبێت و جارێكی تر ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە دەرهەق بە تەواوی گەلانی عێراق دووبارە نابێتەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی راگەیاند كە ئێستا هەرێمی كوردستان كار بۆ دامەزراندنی دامەزراوی جینۆساید دەكات بۆ ئەوەی هەموو ئەو كێیسانەی بە جینۆساید پەیوەستن دۆكیۆمینت بكرێن و پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بكرێن بۆ ئەوەی لەنەتەوە یەكگرتوەكان و دادگای لاهای تاوانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دیموكراسی بە فەرمی دانی پێدا بنرێت .
هەر لەدیدارەكەدا تیشكی خستە سەر مێژووی سیاسی عێراق و كاركردنی قۆناغ بە قۆناغی رژێمی دیكتاتۆرەكان بۆ قڕ كردن و فەوتاندن و جینۆسایدی گەلی كوردستان و گوتی: ئێستا دوای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە فەرمی دانیان بە تاوانی جینۆساید دژ بەگەلی كوردستان نا زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی لەرێگەی رێكخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان و دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەكان كار بۆ داننانی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی دەرهەق بە گەلی كوردستان بكرێ و پشتیوانی نێو دەوڵەتی بۆ كۆبكرێتەوە،




