ئەو ماتۆڕسوارانەی جانتای ئافرەتانیان دەڕفاند دەستگیر كران

هەولێر- KDP.info/ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، دوو ماتۆڕسواری عەرەبیان دەستگیر كردووە كە لە هەولێر جانتای ئافرەتانیان رفاندووە و لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە لە كاتی ئەنجامدانی تاواندا قۆڵبەست كراون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمیدی مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، رایگەیاند: دوو تاوانباریان لە كاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیر كردووە كە لە هەولێر بە ماتۆڕسكیل جانتای ئافرەتانیان دەڕفاند و شتومەكەكانیان دەبرد.
عەمید عەبدولخالق دەڵێت: ئەو دوو تاوابارە كە بە رەگەز عەرەبن و یەكێكیان تەمەنی 17 ساڵ و ئەوی تریش 18 ساڵە، خەڵكی بەعقوبە و شێخانن و لە ماوەی رابردووشدا زیاتر لە 15 تاوانیان ئەنجام داوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەروەها داواشی لەو هاووڵاتیانە كرد كە لە ماوەی رابردوودا دزی هاوشێوەیان لێ كراوە، سەردانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بكەن و لەوێ وێڕای تۆماركردنی سكاڵا، دەتوانن دوای لێكۆڵینەوەی پێویست كەلوپەل و شتومەكەكانیان وەربگرنەوە.
عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژەشیدا كە لە هەولێر دیاردەی سواڵكردن یەكجار زۆر بووە كە زۆربەی هەرە زۆریان كەسانی بیانین و پۆلیسیش لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ كەمكردنەوە و دواجار بنبڕكردنی ئەو دیاردە دزێوە.




